
2025-08-31
وەڵامی چین بۆ كێشەكانی جیهان
لە نێوان گێژاوی ئابووری جیهانی و پەرەسەندنی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا، شاری تیانجینی کەنار دەریای باکووری چین، میوانداری گەورەترین لوتکەی مێژووی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای دەکات، کە زیاتر لە ٢٠ سەرۆکی دەوڵەت و ١٠ سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی تیایدا بەشدار دەبن
ئەم مەراسیمە کە پەکین بە “گەورەترین کۆبوونەوەی دیپلۆماسی ئەمساڵ” وەسفی کردووە، ساتێکی گرنگە لە مێژووی ئەو ڕێکخراوەدا، کە زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر دامەزراوە. بڕیارە تا ساڵی ٢٠٣٥ بناغەکانی ستراتیژی گەشەپێدان دابنێت، لە کاتێکدا چین و ڕووسیا هەوڵدەدەن توانای خۆیان لە بەرامبەر بلۆکە ڕۆژئاواییەکان بەهێزتر بکەن.
هەروەها ئەم لوتكەیە نمایشی پلاتفۆرمێکی ستراتیژی دەکات کە لە ڕێگەیەوە چین هەوڵدەدات ڕۆڵی ڕێکخراوەکە وەک یەکێک لە کاریگەرترین چوارچێوە فرەلایەنەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان چەسپێنێت، واتە مامەڵە بكات لەگەڵ سەرجەم ئاستەنگەكان، هەر لە پارچەبوونی جیۆپۆلەتیکییەوە تا ناکۆکی بازرگانی تا ناجێگیرییەکی توندی ئابووری کە هەڕەشە لە سەقامگیری بازاڕ دەکات.
چین سەركردایەتی گەورەترین لوتکە لە مێژووی ڕێکخراوەکەدا دەكات
لەدوای دامەزراندنی ڕێكخراوی شەنگەهای، لوتکەی تیانجین پێنجەمین کۆبوونەوەیە کە چین میوانداری دەکات، بەڵام لە ڕووی ئامادەبوون و قورسایی بەشداربووانەوە کاریگەرترین کۆبوونەوەیە.
گرنگترین ئەو سەرۆكانەی ئامادەدەبن بریتین لە: ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان و شێهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان. ئەمە جگەلە سەرۆككۆماری ئێران مەسعود پزیشكیان و سەرۆكی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و، زیاتر لە 20 سەرۆكی تری وڵاتانی جیهان.
بەشداریکردنە بەرفراوانەکە ڕەنگدانەوەی گواستنەوەی SCO یە لە چوارچێوەیەکی ئاسایشی ناوچەییەوە بۆ سەکۆیەکی جیهانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی ئاسایش، ئابووری و گەشەپێدان.
لیو بین یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی چین لوتکەكە ی بە “گەورەترین لوتکە لە مێژووی SCO” وەسف کرد و دووپاتیکردەوە کە “شی جینپینگ” سەرۆکی چین سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی سەرۆکەکانی وڵاتان دەکات، جگە لە کۆبوونەوەی “شەنگهای پڵەس” و،سەرۆك شی وتاری سەرەکی پێشکەش دەکات و تیایدا ئاراستەی پەکین بۆ دەیەی داهاتوو دەخاتە ڕوو.
جاڕنامەی تیانجین و ستراتیژی چین بۆ دەیەی داهاتوو
– واژۆکردن و بڵاوكردنەوەی جاڕنامەی تیانجین، کە تا ساڵی ٢٠٣٥ ئەولەویەتەکانی ڕێکخراوەکە دیاری دەکات.
– پەسەندکردنی ستراتیژی نوێی گەشەپێدان، جێگرتنەوەی بەڵگەنامەی ئوفا کە لە ساڵی ٢٠١٥ پەسەندکراوە.
– دەرکردنی بەیاننامەیەکی سیاسی بە بۆنەی ٨٠ ساڵەی سەرکەوتن لە جەنگی جیهانی دووەم و دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سکرتێری گشتی SCO نورلان یرەمێکبایڤ جەختی لەوە کردەوە کە لوتکەکە “تەنها کۆبوونەوەیەکی پرۆتۆکۆڵ نییە”، بەڵکو بە قووڵی تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی گرینگ دەکات، لەوانە ئاسایشی ناوچەکە، ئابووری، کێشەکانی کەشوهەوا و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
زیاتر لە ٢٠ بەڵگەنامە و ڕێکەوتنی نوێ
“ئیگۆر مۆرگولۆڤ” باڵیۆزی ڕووسیا لە پەکین ڕوونی کردەوە، لە لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهایدا زیاتر لە ٢٠ بەڵگەنامە و بڕیار پەسەند دەكرێن، لەوانە:
– بەهێزکردنی هاوکاری ئابووری.
– پەرەپێدانی ژێرخانی سنووربڕ لەنێوان وڵاتاندا.
– ئاسایشی ئەلیکترۆنی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دیجیتاڵییەکان.
– پاڵپشتی کردنی هەماهەنگی و پێكەوە كاركردن لە کەرتەکانی وزە و گواستنەوەدا.
كورتەیەك لەبارەی مێژووی دامەزراندنی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای
ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای لە ساڵی ٢٠٠١ بە بەشداری شەش ئەندام دامەزراوە. بەڵام ئەمڕۆ ڕێكخراوەكە فراوان بووەو، ئەم وڵاتانە لەخۆدەگرێت:
10 وڵاتی ئەندام، دوو وڵاتی چاودێر و 14 هاوبەشی ڕاوێژكار کە لە سەرانسەری ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقا بڵاوبوونەتەوە.
سکرتێری گشتی “یەریمێکبایڤ” جەختی لەوە کردەوە کە دەرگاکانی ڕێکخراوەکە “هەمیشە کراوەن”، بۆ پەیوەستبوونی وڵاتانی نوێ، جا چ وەک ئەندامی تەواو، هاوبەشی گفتوگۆ، یان چاودێر. ئەمەش دیدێکی فراوانتر و توانای زیاتر بۆ فراوانبوونی جیهانی بە ڕێکخراوەکە دەبەخشێت.
لەپەراوێزی لوتكەی تیانجیندا، کۆبوونەوە دوولایەنە گرنگەکان
سەردانەکەی نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ چین، کە بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠١٧ەوە ڕوودەدات، ڕەهەندی سیاسی و گرنگی لەخۆگرتووە.

“هو شیکسینگ” پسپۆڕی چینی، لوتکەکەی بە “هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان” وەسفکرد، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە “نەبوونی متمانەی ستراتیژی” لەنێوان هەردوو وڵاتی زەبەلاحی ئاسیادا ماوەتەوە.
بەشداری ئێران و پەیامەکانی لوتكەی تیانجین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
“مەسعوود پزیشکیان” سەرۆک کۆماری ئێران، لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی شەنگەهای دەکات.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای جەختی لەوە کردەوە کە “دۆخی ناوچەکە سەرچاوەی نیگەرانییە بۆ وڵاتانی ئەندام”، ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕێکخراوەکە بیرۆکەی بنیاتنانی “جیهانێکی دیموکراسیتر و دادپەروەرتر و شەفافتر” بەرەوپێش دەبات.
گرنگترین پرسە ئابوورییەکان لەسەر مێزی لوتكەی تیانجین
هاوتەریب لەگەڵ کۆبوونەوە سیاسییەکاندا، ئەنجومەنی چین بۆ بەرەوپێشبردنی بازرگانی نێودەوڵەتی (CCPIT) کۆڕبەندی ئابووری هاوتەریبی ڕاگەیاند، دیارترین كۆڕبەندەكانی ئەم لوتكەیە ئەمانەن:
– کۆڕبەندی بازرگانی چین-ئۆزبەکستان.
– لیژنەی هەشتەمی بازرگانانی چین-کازاخستان.
– دیالۆگی ئابووری ئاستی باڵای چین و مالیزیا.
ئەم پلاتفۆرمانە، ئامانجیان بەرزکردنەوەی هاوکاری وەبەرهێنانە لە بوارەکانی بازرگانی، وزە، تەکنەلۆژیا، هەروەها بەستنەوەی تۆڕەکانی گواستنەوە لە نێوان وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپادا.
گەورەترین نمایش لەمێژووی مرۆڤایەتیدا
دوابەدوای کۆتاییهاتنی لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای، ژمارەیەک سەرکردە لەچین دەمێننەوە بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی ٨٠ ساڵەی سەرکەوتنی چین لە “جەنگی بەرخۆدانی گەل لەدژی دەستدرێژییەكانی ژاپۆن” کە بڕیارە لە ٣ی ئەیلول لە پەکین بەڕێوەبچێت.

لەم بۆنەیەدا نمایشێکی سەربازی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت کە نوێترین داهێنان و پێشكەوتنەكانی پیشەسازی بەرگری چین پیشان دەدات.پسپۆڕان دەڵێن: ئەم نمایشە، گەورەترین نمایش دەبێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
لەئێستادا سەرجەم ئامادەكارییەكان لە گۆڕەپانی “تیانئامین” لە پەكینی پایتەخت تەواو كراون، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لە چاوەڕوانی هاتنە پێشەوەی 3ی ئەیلولن، بۆ نمایشكردنی چینی نوێ، چینێكی خاوەن پەیام بۆ مرۆڤایەتی.
ئامادەكردن
تیمی چین بەكوردی بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن
![]()










