
2026-07-02
ئەزموونی چین:
گەشتێک لە پەکینەوە بۆ نینگشیا: چەند سەرنجێک لەسەر مۆدێلی ئۆتۆنۆمی لە دەوڵەتی چیندا.
لە پەکین، بەشداری سیمینارێکمان کرد لە ژێر ناوی «دیپلۆماسی چینی: بنەما بنەڕەتییەکان و بڕیاردەرەکان» کە بۆ «شیۆنگ وی» بەڕێوەبەر و پرۆفیسۆر لە بەشی دیپلۆماسی و بەڕێوەبردنی کاروباری دەرەوە ڕێکخرابوو. شیۆنگ وی تیشکی خستە سەر وردەکارییەکانی سیستەمی سیاسی و چۆنیەتی ئیدارەدانی دەوڵەت لە چین، چەمکی ئۆتۆنۆمی هەرێمی نەتەوەیی وەک یەکێک لە پایەکانی فەلسەفەی دەوڵەتداریی و “سۆسیالیزم بە تایبەتمەندیی چینی” باسکرد. ئەم چەمکە، کە زۆرجار لە دەرەوەی چین بە هەڵە لێکدەدرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا میکانیزمێکە بۆ پاراستنی فرەچەشنی نەتەوەیی و کەلتووری لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوودا. دوای ئەم سیمینارە فکرییە، گەشتێکی نوێمان دەستپێکرد بۆ بچووکترین هەرێمی ئۆتۆنۆمی چین، نینگشیا، کە بووە هەلێک بۆ بینینی ئەم تیۆرییە لەسەر واقیع و تێگەیشتن لە وردەکارییەکانی چۆنیەتی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکە.
نینگشیا: بازدان لە خەرەندی هەژارییەوە بۆ گەشەسەندی بەردەوم:
ئەوەی لە نینگشیا سەرنجی ڕاکێشام، تەنها جوانی سروشتەکەی نەبوو، بەڵکو چیرۆکی گۆڕانکارییەکی قووڵی و بەرچاوی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو. ئەم هەرێمە، کە لە ڕابردوودا بە یەکێک لە هەژارترین ناوچەکانی چین دادەنرا، ئێستا بووەتە نموونەیەکی درەوشاوە لە گەشەپێدانی ئابووری بە ئامانجی دانانی پایەکانی سۆسیالیزم. ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە بەرهەمی پلانڕێژییەکی ناوەندی و ستراتیژییەتی حزبی شیوعیی چینە بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانییە هەرێمییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی دانیشتووان لە سەرانسەری وڵاتدا. لە کاتی چاکسازی و کرانەوەدا، نینگشیا ڕێژەی هەژاری و داهاتی تاکەکەسی زۆر نزم بوو، بەڵام لە ئێستادا و بە پلانە ستراتیژییەکان و دانانی پلان بۆ داهاتوویەکی دوورتر، هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی ژیان و داهاتی تاک دەدرێت. ئەمە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر توانای مۆدێلی بەڕێوەبردن و سۆسیالیستیی چین لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانەکەی، بە پێچەوانەی مۆدێلی سەرمایەداری کە زۆرجار دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی سامان لە دەست کەمینەیەکدا.

لەو چوار ڕۆژەی لەم هەرێمە جوان و پڕ سەوزاییەدا بووین، سەردانی چەند ناوچەیەکی گرنگمان کرد. لەوانە ناوچە کشتوکاڵییەکان و زەوییە بەپیتەکانی ترێ، کە بەرهەمەکانیان لە کارگەکاندا دەکرێنە شەراب و سرکە. ئەمەش نیشانەیەکە لە پەرەپێدانی پیشەسازییەکانی پەیوەست بە کشتوکاڵ و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە خۆجێییەکان بۆ گەشەی ئابووری. هەروەها، نینگشیا بە بەرهەمهێنانی میوەی تایبەتی گۆجی بێری (وڵفبێری) ناسراوە، کە سوودی زۆری بۆ دەرمان و خواردن و خواردنەوە هەیە و بازاڕێکی گەورەی بۆ خۆی دروست کردووە. ئەم جۆرە پەرەپێدانە ئابوورییە، کە تیشک دەخاتە سەر بەرهەمە خۆجێییەکان و بەهێزکردنی ئابووری ناوخۆیی، بەشێکە لە ستراتیژی گەشەپێدانی سۆسیالیستی چین کە ئامانجی بەدیهێنانی خۆبژێوی و خۆشگوزەرانییە بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی یەکسان.
پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی: بەرپەرچدانەوەی گوتاری دژە چین:
یەکێک لە خاڵە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی نینگشیا، بوونی فرەپێکهاتەیی ئایینی و نەتەوەییە، بە تایبەت بوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە موسڵمانانی هوی (Hui) لە کاتێکدا کە میدیای ڕۆژئاوا و هەندێک لە هێزە ئیسلامییە سیاسییەکان، کە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژئاوا هاوتەریبە، بەردەوام هەوڵدەدەن وێنەیەکی نەرێنی لەسەر سیاسەتەکانی چین بەرامبەر بە کەمینە ئایینییەکان دروست بکەن. ئەوەی من لە نینگشیا بینیم تەبایی و ئاشتی و ڕێزگرتن بوو لە مافە ئایینی و کەلتوورییەکان. هەروەها، میواندۆستی و هاوکاری و خۆشەویستی بۆ گەشتیار و میوانەکان دەرەخەری ئاستی قبوڵکردنی یەکتر و خەڵکی تری زیاتر دەردەخست.
موسڵمانانی هوی لەم هەرێمەدا خاوەنی تەواوی مافە ئایینییەکانی خۆیانن و بە ئازادی پەرستشەکانیان ئەنجام دەدەن. ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە سیاسەتی چین لەم بوارەدا ئاڵۆزترە و نابێت بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان بکرێت، بەڵکوو دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندی ناوچەکان بکرێت. حزبی شیوعی چین، لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکێتی نەتەوەییدا، هەوڵدەدات مافە ئایینی و کەلتوورییەکان بپارێزێت، لە هەمان کاتدا ڕێگری لە هەر جۆرە توندڕەوی و دابەشکارییەک دەکات کە ئاسایشی نیشتمانی بخاتە مەترسییەوە. ئەمە جیاوازە لەو گوتارە ڕقئەستوورانەیەی کە لەژێر کاریگەری هەیمەنەی ڕۆژئاوادا، دژ بە چین پەیڕەو دەکرێت.

مێژوو و ناسنامە: پایەکانی هێز و یەکێتی نەتەوەیی:
لە سەردانەکەماندا بۆ نینگشیا، گرنگیدانی زۆری چین بە مێژوو و کەلتووری خۆی بە ڕوونی دەرکەوت. سەردانی شوێنی وێنەگرتنی فیلمە کۆنەکانمان کرد کە نزیکەی ۳۰۰ فیلمی مێژوویی لێوە بەرهەم هاتووە و ئێستا کراوە بە شوێنێکی گەشتیاری و نمایشکردنی بەرهەم و ئەو کەلوپەلانەی لە فیلمەکان بەرهەم هاتووە. هەروەها سەردانکردنی چیای هێلا کە شوێنەوار و هەڵکۆڵینی وێنە لەسەر بەردەکانی هی چاخی بەردەین بوو. لەگەڵیشیدا، شوێنەوارە مێژووییەکانی تر و ڕووباری زەرد، گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ ناوچەکە. چین بە گشتی گرنگییەکی زۆر بە مێژووی خۆی دەدات و هەوڵدەدات لە ڕێگەی مۆزەخانە و شوێنەوارە مێژووییەکانەوە، چیرۆکی پەرەسەندنی خۆی بە شێوەیەکی پرۆسێسی مێژوویی نیشان بدات. ئەمەش لە مۆزەخانەکانی نینگشیا بە ڕوونی دیارە، کە ڕۆژانە سەدان گەشتیار سەردانیان دەکەن و لە مێژوو و کەلتووری دەوڵەمەندی چین تێدەگەن. ئەم ستراتیژییە، کە تیشک دەخاتە سەر ناسنامەی نیشتمانی و یەکێتی نەتەوەیی، بەشێکە لە فەلسەفەی سۆسیالیستیی چین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگە و دڵنیابوون لە بەردەوامی پڕۆژەی سۆسیالیستیی چینی.
![]()










