
2026-07-18
دەستبەدەست كاربكەین بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی دادپەروەرانەی فەرمانڕەوایی زیرەكی دەستكرد
–وتاری سەرەكی سەرۆككۆماری میللی چین “شی جین پینگ” لە دانیشتنی كردنەوەی كۆنگرەی زیرەكی دەستكرد ساڵی 2026 و كۆبوونەوەی باڵای فەرمانڕەوایی جیهانی زیرەكی دەستكرد
(ڕۆژی 17ی 7ی2026)
-هاوڕێیان و میوانانی بەڕێز
خوشكان وبرایان وهاوڕێیان،
حەفتا ساڵ لەمەوبەر، كۆمەڵێك گەنجی ئەكادیمیست بۆ یەكەمجار چەمكی “زیرەكی دەستكرد” یان لە كۆنگرەی دارتمۆس لەولایەتی هامبشێری وڵاتە یەكگرتووەكان پێشكەش كرد. لەماوەی 70 ساڵدا، زانایان و توێژەران و پسپۆڕانی بوارەكە هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی نادیار و، بەردەوام لەو ڕێگە پێچاوپێچەدا بەرەو پێشەوە دەچن و بەئارامگری و لێبڕاوییەوە كار دەكەن.
لەدوای 70 ساڵ، لەبەردەم شەپۆلێكی نویی پێشكەوتنی زیرەكی دەستكرددا، ئێمە لێرە لەسەر ڕۆخی ڕووباری هوانگبۆ كۆدەبینەوە بۆ وتوێژكردن لەسەر ڕێگەكانی پێشخستنی زیرەكی دەستكرد لەسەر ئاستی جیهان، تاكو بیبەین بەرەو ڕووگەی پۆزەتیف و چاكە و خزمەتی مرۆڤایەتی، ئەمەش ئەركێكی پڕ لە دەلالەت و مانایە. بەم بۆنەیەوە، پێم خۆشە لەبری گەل و حكومەتی چین، زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنتان بكەم.
كە سەیری مێژوو دەكەین، دەبینین شارستانیەتی پیشەسازی بە داهێنانی بزوێنەری هەڵم دەستپێدەكات، كۆمەڵگەی نوێش بە دۆزینەوەی كارەبا ڕووناك كرایەوە، لەدوای لەدایكبوونی ئینتەرنێتیش، جیهان پێكەوە بەسترایەوە. هەر شۆڕشێكی نوێی زانست و تەكنەلۆژیا، بەڕۆڵی خۆی بەقووڵی شێوازی بەرهەمهێنان و مۆدیلی ژیانی داڕشتۆتەوە، هاوكات بازێكی گەورەی داوە بە گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی.
لە ئێستادا، جیهان ئاڵوگۆڕێكی خێرا بەخۆوە دەبینێت كە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا گۆڕانكاری لەو شێوەیەی بەخۆوە نەدیوە. شەپۆلێكی خێرای شۆڕشی زانست و تەكنەلۆژیا و ئاڵوگۆڕی پیشەسازی، داهێنانی تەكنیكی زیرەكی دەستكرد جیهانی خستۆتە نێو قۆناغێكی چالاكی بێ پێشینەوە. تەكنیكە زیرەكەكان كە زیاتر بریتین لە پەیوەستبوونی زیرەك لەگەڵ هەموو شتێكدا و، هەماهەنگی زیرەكانەی نێوان مرۆڤ وئامێرەكان، تێكەڵاوبوونی نێوان كەرتە جیاوازەكان و داهێنانی هاوبەش و بەشدارانە، هەموو ئەمانە وزەیەكی زۆر گەورە و بێشومار لەكاتی كارلێككردنی نێوانیان بەرهەمدێنن. ئەمەش لەلایەكەوە هەل و دەرفەتی زۆر گەورەی ڕەخساندووە، هاوكات ئاڵنگاری گەورەیشی بۆ پرۆسەی حوكمڕانی هێناوەتە پێشەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە مرۆڤایەتی وەڵامی پرسیارەكانی سەردەم بداتەوە: كاتێك ئامێرەكان بیردەكەنەوە، مرۆڤ چۆن بەرخوردیان لەگەڵ دەكات؟ كاتێ نەخشەخوارزمییەكان بەشداری لەدروستكردنی بڕیاردا دەكەن، چۆن چۆنی ئاسایش مسۆگەر دەكرێت؟ كاتێ تەكنەلۆژیا شانەخڕەی ئەخلاق دەكات، چۆناوچۆن حوكمڕانی لەم دۆخەدا بەڕێوەدەبرێت؟ لەكاتێكدا بەردەوام كەلێنەكە فراوانتر دەبێت، چۆن دەتوانین سود بۆهەمووان مسۆگەر بكەین؟ هەموو ئەم پرسیارانە بیركردنەوەی قووڵیان دەوێت لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و، پێویستە بەهاوبەشیش وەڵام بدرێنەوە.
لایەنی چینی پێی وایە پێویستە هەموو دەوڵەتانی دنیا پابەندبن بەوەی مرۆڤ لە پلەی یەكەمدا دابنێن و، ڕوو بكەنە باری پۆزەتیڤ و خێری گشتی، وابكرێت زیرەكی دەستكرد ببێتە سەرچاوەیەكی گرنگی گەشەكردنی هاوبەش و پاراستنی ئاسایشی هاوبەش، دەستبەدەست كاركردن بۆ دروستكردنی سیستەمێكی دادپەروەری حوكمڕانی جیهانی بۆ زیرەكی دەستكرد. لێرەدا دەمەوێت چوار تێبینی بخەمە بەرچاو:
یەكەم: پابەندبوون بەكرانەوەو دەستكەوتی هاوبەش، لەپێناوی پاڵپشتیكردنی گەشەپێدانی داهێنەرانەدا. زیرەكی دەستكرد وەك بزوێنەرێكی نوێی گەشەی ئابووری جیهان و، ئاڵوگۆڕكارێكی خێرای هێزی پاڵنەری كۆن بە هێزی نوێ، لەئێستاوە لەجیهانی دیجیتاڵەوە بەرەو جیهانی بەرهەستی فیزیایی دێت. بۆیە پێویستە ئەم دەرفەتە مێژوییە بقۆزینەوە، تاكو هانی هەمووان بدەین بۆ سەرچاوەی كراوە و كرانەوە و هاوكاری و هاوبەشایەتی. پشتیوانیكردنی داهێنانی تەكنەلۆژی و پێشخستنی پیشەسازییەكان و جێبەجێكردنی سینارۆیكانی زیرەكی دەستكرد بەشێوەیەكی گشتگیر. هەوڵدان بۆ چاكسازی و بەرەوپێشەوە بردنی پیشەسازییە كلاسیكییەكان و پێشخستن و گەورەكردنی پیشەسازییە تازەكان و پلاندانانی پێشوەختە بۆ پیشەسازییەكانی ئایندە، تاكو زیرەكی دەستكرد بتوانێت بەهەموو سێكتەرەكان ڕابگات.
دووەم: بەهێزكردنی وشیاری بەرانبەر مەترسییەكان، لەپێناوی مسۆگەركردنی سەلامەتی و توانای كۆنترۆڵكردن.
پێویستە زیرەكی دەستكرد وەك میكانیزمێكی متمانەپێكراوی دەستی مرۆڤ بمێنێتەوە. پێویستە بایەخی تەواو بدرێت بەهەموو مەترسییە خودییەكان و ئەو مەترسییانەش كە دەبنە لێكەوتەی زیرەكی دەستكرد. كار بكەین بۆ دامەزراندنی سیستەمی یاسایی و ڕێنمایی و چاودێری تەكنیكی و ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت و وەڵامدانەوەی مەترسییە لەناكاوەكان. تۆكمەكردنی هێڵەكانی بەرگری ئەمنی، ڕێگری كردن لەخراپ بەكارهێنا یان بەكارهێنانی زیرەكی دەستكرد بۆ مەبەستی خراپ. بەشێوەیەك بتوانین مسۆگەری ئەوە بكەین كە بەردەوام زیرەكی دەستكرد وەك میكانیزمێ بەدەستی مرۆڤەوە دەمێنێتەوە. لەهەمان كاتدا، پێویستە پێكەوە ڕێگری بكەین لەو ڕەفتارانەی كە دەبنە هۆی بەرفراوانكردنی چەمكی ئاسایشی نیشتمانی، بەجۆرێك ئاسایشی وڵاتێك بخرێتە سەروی ئاسایشی وڵاتانی ترەوە لە بواری زیرەكی دەستكرددا.
سێیەم، هاندانی هەمووان لەسەر لێبوردەیی و گشتگیری تاكو هەموو شارستانییەتەكان سودگۆڕكێ بكەن و سودمەندببن.
پێویستە پێشخستنی زیرەكی دەستكرد نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە فرەچەشنی شارستانییەتەكان و تایبەتمەندی كەلتوری وڵاتان. پێویستە بەهای زیرەكی دەستكرد هەبێت بەگوێرەی بەهاهاوبەشەكانی مرۆڤایەتی. سودوەرگرتنی باش لە تەكنیكەكانی زیرەكی دەستكرد لەپێناوی پشتیوانیكردنی لێكتێگەیشتن و لێبوردەیی لەنێوان شارستانییەتە جیاجیاكان و، یارمەتیدانی پەیوەستەگی و سودگۆڕكێی نێوان شارستانییەتەكان. بەوردی كاركردن لەسەر دروستكردنی باخچەیەك كە تیایدا هەموو گوڵێك لەگوڵەكانی شارستانییەتەكان بپشكوتێن، ئەو شارستانییەتانەی كە پێكەوە یەكتری تەواو دەكەن.
چوارەم، تۆكمەكردن و قووڵكردنەوەی گیانی هاریكاری و یارمەتیدان لەپێناوی تەواوكردنی سیستەمی حوكمڕانی جیهانی. لەڕاستیدا زیرەكی دەستكرد بەری دانایی و سامانێكی بەنرخی هەموو مرۆڤایەتییە. بۆیە پێویستە فرە جەمسەری لایەنە ڕاستەقینەكانی ئەم دەستكەوتە جێبەجێ بكرێت. لێرەدا ڕۆڵی گرنگی نەتەوە یەكگرتووەكان بەشێوەی كرداریی چالاك بكرێت.پشتیوانی بكرێت لە پێكەوە گونجان و هەماهەنگی نێوان ستراتیژەكانی گەشەپێدان و بنەماكانی حوكمڕانی و پێوەرە تەكنیكییەكانی زیرەكی دەستكرد، بەجۆرێك ببێتە هۆی گەڵاڵە بوونی چوارچێوەیەكی فراوانی لێك تێگەیشتن بۆ حوكمڕانی جیهانی، تاكو وابكرێت ئەم تەكنەلۆژیا پێشكەوتووە بەشێوەیەكی باشتر خزمەتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بكات. هەروەها هاوكاریكردنی وڵاتانی باشوری زەوی تاكو توانای خۆیان دروستبكەن. كەلێنی دیجیتاڵی و زیرەكی خۆیان پڕ بكەنەوە. پشتیوانی گەشەی بەردەوام بكەن. لەبواری زیرەكی دەستكرد بەربگرن بەو ستەمە مێژوییەی لێیان كراوە لەبوارەكانی تردا.
خوشكان وبریان وهاوڕێیان!
ئەمساڵەی تیایداین، ساڵی سەرەتای پلانی پێنج ساڵەی 15هەمینی چینە، كە نەخشەیەكی تەماحدارانەی گەڵاڵەكردووە بۆ گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی چین لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، هاوكات لیستێك دەرفەتی گرنگ بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڕەخسێنێت. لەساڵانی داهاتوودا چین بەدڵگەرمییەوە پرۆسەی گەشەپێدانی زیرەكی دەستكرد لەئامێز دەگرێت، پابەند دەبێت بە تێكەڵاوكردنی بازاڕێكی چالاك لەگەڵ حكومەتی چالاكدا، پشتیوانی دەكات لە داهێنانی زانستی و تەكنەلۆژی بۆ زیرەكی دەستكرد. بە گورجوگۆڵی هانی سەرجەم كارەكانی ” زیرەكی دەستكرد پڵەس” دەدات، ژینگەیەكی تەندروست دەسازێنێت بۆ پێكەوە ژیان كە تیایدا هەموو سێكتەر و قەوارەكان گەشە بكەن. هەموو ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی قەبارەی پیشەسازییە بنەڕەتییەكانی ئابووری زیرەك سنور ییەك تریلیۆن یوانی چینی تێبپەڕێنێت!. لەئێستاشدا ئامێرە زیرەكە جۆراوجۆرەكان چوونەتە ناو ماڵەكانی چینەوە و بەشێوەیەكی كردەیی خزمەتی خەڵكی دەكەن. دەستەواژەی ” ئەم بەرهەمە زیرەكە لەچین دروستكراوە” لەسەر ئامێرەكان، بووەتە نیشانەیەكی ئاشكرای پرۆسەی نوێكردنەوەی شێوازی چینی.
لەهەمان كاتدا، چین پابەندە بەوەی هەمان بایەخ بدات بە ئاسایش و گەشەپێدان، لەگەڵ كاروانی گەشەپێدانی زیرەكی دەستكردیشدا بڕوات و بنەماكان و ڕێساكانی پێڕەو بكات، بەردەوام كار بكات بۆ تەواوكردنی داڕشتنی یاسا و ڕێنمایی و سیاسەت و سیستەم و بنەما ئەخلاقییە پەیوەندیدارەكان. بەجۆرێك ئەمانە ببنە هۆی مسۆگەركردنی ئەوەی زیرەكی دەستكرد ئامرازێكی سەلامەت و متمانەپێكراو و كۆنترۆڵكراو بێت. واتە ئەم ئەسپە شێیە بەهەنگاوی خێرا و ئۆقرە بەرە پێشەوە بڕوات.
چین وەكو دەوڵەتێكی گەورە و بەرپرس، بەردەوام هەوڵدەدات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە گشتییەكان جیهان لەبواری زیرەكی دەستكرد دا بخاتە پێشەوە. لەدوای ئەوەی دەستپێشخەری ” حوكمڕای جیهانی لەبواری زیرەكی دەستكرد” دا پێشكەشكرد، چین بەردەوام هەوڵیداوە بۆ ئەوەی بڕیارێك لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دەربچێت، تاكو كاروباری هاوكاریكردن لەدروستكردنی توانای زیرەكی دەستكرد ڕێكبخات. هەروەها “پلانی كاركردن بۆ دروستكردنی توانای زیرەكی دەستكرد لەپێناوی خێری گشتیدا” و دەستپێشخەری ” هاوكاری نێودەوڵەتی لەبواری زیرەكی دەستكرد پڵەس”، بانگەواز بۆ دامەزراندنی ڕێكخراوێكی جیهانی بۆ هاریكاری لەبواری زیرەكی دەستكرد، هەموو ئەم هەنگاوانە چارەدۆزییەكانی چین بوون بۆ ئەم بوارە بەبێ دابڕان.
چینییەكان هەمیشە دەڵێن: بە تەنها یەك ژێ، ناتوانی ئاوازێك بژەنیت، یەك درەخت دارستانێك دروست ناكات، بۆیە پێمان وایە پێویستە بەرەوپێشەوەچوونی زیرەكی دەستكرد سیمفۆنیایەك بیت بەهاوكاری جیهانی، لەبری ئەوەی تاكە وڵاتێك ئاوازێك لێ بدات.
بە هۆی كۆششی هاوبەشی هەموو لایەكەوە، شانبەشانی ئەو گوڕ و تینەی هەیە، ڕێكخراوی جیهانی بۆ هاریكاری لەبواری زیرەكی دەستكرد لەشاری شەنگهای دامەزرا، ئەمەش واتا ئەو پێشنیارەی بەر لە ساڵیك پێشكەشمان كرد، ئاكامێكی كردەیی لێ بەدەستهات. ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە كە چین هەڵیگرتووە بۆ پشتیوانیكردنی گەشەپێدان و حوكمڕانی زیرەكی دەستكرد بەهاوبەشی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وەك بەدەمەوەچوونی وڵاتانی باشوری جیهان. ڕێكخراوەكە دەبێتە ئەدگارێكی گرنگ لە مێژووی پێشكەوتنی زیرەكی دەستكرددا.
لەپێناوی بەردەوامیدان بە پشتیوانیكردنی پێشكەوتنی زیرەكی دەستكرد لەجیهاندا، ڕایدەگەیەنم: لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، چین 5000 هەلی خوێندن و توێژینەوە لەبواری زیرەكی دەستكرد بۆ وڵاتانی تازەگەشەكردوو دەسازێنێت. هەروەها چەندین سەنتەر دروست دەكات بەهاوكاری لەگەڵ وڵاتانی ئاسیان، كۆمكاری عەرەبی، یەكێتی ئەفریقا، كۆمەڵەی ئەمریكای لاتین، ناوچەی كاریبی، ڕێكخراوی هاریكاری شەنگەهای، وڵاتانی برێكس، هەروەها پاڵپشتی دەكات لە جێبەجێكردنی سیستەمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت “مازۆ” لە بەرانبەر كارەساتە سروشتییەكان لە 30 وڵاتدا. بەو شێوەیەش بەشدار دەبێت لە پاراستنی سەلامەتی هەموو خێزانێك لە سەرتاسەری جیهاندا.
خوشكان وبرایان و هاوڕێیان!
مرۆڤی زیرەك بەگوێرەی گۆڕانكارییەكانی سەردەم ستراتیژی خۆی دەگۆڕێت، بەڵام مرۆڤی دانا بەگوێرەی گۆڕانی بارودۆخەكان ڕێسا دادەنێت.
تاكو زیرەكی دەستكرد خێراتر پێشبكەوێت، زیاتر پێویستیمان بەوە دەبێت ڕووگەكانی دیاری بكرێن كە بەرەو لایەنی پۆزەتیڤ و خێر و خزمەتی مرۆڤایەتی بچێت. هەروەها پێویستی زیاتر دەبێت بە وردی پێوەرەكانی و حوكمڕانی كردن و چاودێریكردنی، هەروەها پێویستی ئەوەش توندترو زیاتر دەبێت كە ڕێوشوێنی تەواو بگرینە بەر تاكو خۆمان بپارێزین لەوەی زیرەكی دەستكرد لەكۆنترۆڵ دەربچێت.
پێویستە بەردەوام بە دانایی مرۆیی و هەماهەنگی نێودەوڵەتی ڕابەرایەتی پێشكەوتنەكانی زیرەكی دەستكرد بكەین. ئەوەش وادەكات ببێتە هێزێكی بەتوانا و ڕاستەقینە بۆ خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتی و پێشكەوتنی شارستانیەتی مرۆڤ.
چین سورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا كاربكات، بە هەڵوێستێكی كراوەتر و هەنگاوی كردەیی تر و دیدگای دوورتر، لەپێناوی ئەوەی دەرفەتەكانی پێشكەوتنی زیرەكی دەستكرد بقۆزینەوەو، بەرەڕووی ئاڵنگارییەكانی پێشكەوتنی زیرەكی دەستكردیش ببینەوە. بەوەش دەستبەدەست ئایندەیەكی جوانتر بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دروست بكەین.
سوپاس بۆ ئێوە!.
گۆڕێنی بۆ كوردی
تیمی چین بەكوردی بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن
ww.cninku.com
![]()










