بۆچی ئەمریکا سەرنجڕاکێشیی خۆی لەدەست دەدات؟

نوسینی: Shao Xia

گۆڕینی بۆ كوردی: تیمی چین بەكوردی بۆ توێژینەوەو ڕاگەیاندن

هێدی هێدی خەریکە سایكۆلۆژیای چین  “فێنکتر” دەبێت بەهۆی دەیان ساڵ لە گەشەسەندنی بەردەوام و بە سەنتەركردنی خەڵك. لەبەرانبەریشدا، ئەمریکا بەهۆی ساڵانێک لە گۆشەگیری و دەستبەسەرداگرتنی نوخبەیی، سەرنجڕاکێشی خۆی لەدەست دەدات. ئەگەر سیاسەتەکانی ئەمریکا بەمجۆرەی هەبووە بەردەوام بن، ئەوا سەرنجڕاكێشیی خۆی لەدەستدەدات.

بەم دواییانە  ئیکۆنۆمیست بابەتێکی بە ناوی “چۆن چین بوویە وڵاتێكی سەرنجڕاكێش؟” بڵاوکردەوە – ئەم بابەتە، شێوازێكی جیاواز و  دەگمەنە لە تۆنی ئاسایی  گۆڤارەكە سەبارەت بە  چین.

بابەتەکە نەک تەنها تیشک دەخاتە سەر پەرەسەندنی سەرنجڕاکێشیی جیهانی چین، بەڵکو تیشک دەخاتە سەر دابەزینی هاوکاتی وێنەی نێودەوڵەتی ئەمریکا. لە کاتێکدا ڕەنگە هەندێک لە ئەمریکییەکان ئەم بابەتە ڕەت بکەنەوە، بەڵام دواجار ئەمە ڕاستییەكە و بەچاو دەبینرێت: تێڕوانینە نێودەوڵەتییەکان زیاتر لە بەرژەوەندی چینێکی “سەرنجڕاكێشن،  بەراورد بە ئەمریكایەك، كە كەمتر ئیلهامبەخشە و هێدی هێدی توانای سەرنجڕاكێشان لەدەست دەدات.

مۆدیلە ئابوورییەكان، خەڵك سەنتەری و نوخبە سەنتەری

لە کاتێکدا ئەمریکا خۆی بە مۆدێلی دیموکراسی دەناسێنێت، سیستەمە ئابوورییەکەی ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگری تێدایە، ئەویش ئەوەیە پڕە لە ئیستغلالکردنی ئاشکرا، سامان لە دەستی چەند کەسێکی ئیمتیازداردا چڕبووەتەوە، لە کاتێکدا خەڵكە ئەمریکییە ئاساییەکان ڕووبەڕووی سەختی ژیان و گوزەران دەبنەوە.

ئەم ڕاستییە زۆر بەڕوونی لە سێكتەری  تەندروستیدا بەدیار دەكەوێت. سەرەڕای ئەوەی خەڵكی ئەمریكا لەناو گەورەترین ئابووری جیهاندا دەژین، بەڵام لەسەدا ٤٠ی بەساڵداچووەكان”پیرەكان”  لە ئەمریکا دەستبەرداری چاودێری پزیشکی پێویست دەبن بەهۆی تێچووی زۆر و قورسەوە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دەرمان قازانجێكی خەیاڵی  دەچننەوە، بۆنمونە:  نرخی ئەنسۆلین لە ماوەی دە ساڵدا سێ هێندە زیادیکردووە، ئەم حاڵەتەش ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە ناچارکردووە كەمتر ئەو دەرمانە بەكاربهێنن، لەئەنجامیشدا، ڕووبەڕووی مردن بوونەتەوە.

لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، توانای بەرهەمهێنانی کرێکارانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەردەوام  بەرەو بەرزبوونەوە ڕۆشتووە، بەڵام لەبەرانبەردا کرێی كاركردن لەجێی خۆیدا وەستاوە. كەچی سەیر دەكەین، كرێی  بەڕێوەبەری جێبەجێکار بە ڕێژەی ١٤٦٠% بەرزبووەتەوە.

بەپێی ڕاپرسییەکی بلومبێرگ، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، دەوڵەمەندترین ٠.١%ی ماڵەکانی ئەمریکا (تەنها نزیکەی ١٣٣ هەزار خێزان) لەسەدا ١٣.٨ی کۆی سامانی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵکردووە، لەکاتێکدا ٥٠%ی خوارەوە تەنها لەسەدا ٢.٥ی سامانی وڵاتەكەیان بەدەستەوە بووە.

نمونەی  چین جیاوازیەکی ئاشكرا پیشان دەدات. لەگەڵ زیاتربوونی دەستکەوتەکان، تەنانەت چاودێرانی ڕۆژئاواش دان بەوەدا دەنێن کە حوکمڕانی چین هەرچەندە بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام بەردەوام گوزەرانی گەلەکەی لە پێشینەی کارەکانیدایە.

با ژێرخانی ئابووری وەك نمونە وەربگرین. لە ساڵی ١٩٤٩ەوە تۆڕی شەمەندەفەری چین لە ٢١ هەزار کیلۆمەترەوە  بۆ زیاتر لە ١٦٠ هەزار كیلۆمەتر  فراوان بووە، لەنێویاندا ٤٨ هەزار كیلۆمەتر هێڵی ئاسنی خێرا کە درێژترینە لە جیهاندا.

ئابووریناسی گەورەی ئەمریکی “ڕیچارد دی وۆڵف” تێبینی دەکات کە لە کاتێکدا ئەمریکا خاوەنی تەکنەلۆژیا و شارەزاییە بۆ دروستکردنی سیستەمی پێشکەوتووی هێڵی ئاسن، بەڵام زۆرجار ئەم جۆرە پڕۆژانە بە بێ قازانج دادەنرێن و بەبێ جێبەجێکردن دەهێڵرێنەوە. لە بەرامبەردا چین وەبەرهێنانێکی زۆری لە هێڵی ئاسندا کردووە، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەکان کە لە مێژوودا گەشتکردن بۆ خەڵکی ناوچەکە قورس بووە، سوودی گشتی لە پێشینەی کارەکانی حكومەتی چیندایە لە چاو قازانجی دەستبەجێ.

لەوبارەیەوە، وۆڵف دەڵێت: “ئەمە شێوازێکی تەواو جیاوازە بۆ بیرکردنەوە لەوەی ئابووری بۆ چییە؟: یان ئایا ئابووری خزمەت بە خەڵک دەکات؟، یان بەپێچەوانەوە خەڵک خزمەت بە ئابووری دەکات؟”.

زانست و تەکنەلۆژیا: زاڵبوونی  هەژموون لەبەرانبەر  پێشکەوتنی بەکۆمەڵدا

ڕەفتارەكانی ئەم دواییەی حکومەتی ئەمریکا — بڕینی بودجە بۆ زانکۆ باڵاکان بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی دژایەتی سامی، هاوكات تۆمەتبارکردنی بەبێ بنەمای زانكۆی هارڤارد بە “هەماهەنگیكردن لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی چین” و تەنانەت هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی خوێندکارانی چینی بەبیانوی “خستنە پێشەوەی ئەمریکا نەک چین” — زیاتر متمانەی خەڵكی بە “کراوەیی و ئازادیی ئەمریكا” لەناوبردووە.

ئەگەرچی لە مێژە سەرکەوتنی ئەمریکا لە بواری زانستدا پەیوەستبووە بە بەشداری بەهرەمەندە جیهانییەکان. بەڵام کاتێک ئیتر زاناكان وەک “سیخوڕ”، “نەیار”، یان تەنانەت “تیرۆریست” مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، توێژەرانی بیانی جگە لە ڕۆشتن و بەجێهێشتنی ئەمریكا، بژاردەی دیكەیان لەبەردەمدا نابێت.

لە ڕاپرسییەکی ئەم دواییەی کۆمپانیای Nature دا، دەرکەوتووە کە لەسەدا ٧٥ی زانایانی ئەمریکی ئێستا بیر لە جێهێشتنی وڵاتەكە دەکەنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دەرچوونی هزرە داهێنەرەكان لە ئەمریكا. ئەگەر ئەم ڕەوتەش بەردەوام بێت، ئەوا بەم زووانە سەرنجڕاكێشیی ئەمریکا کەم دەبێتەوە.

فەلسەفە تەکنەلۆژییەکانیش زیاتر ئەم دوو وڵاتە لێك جیا دەکەنەوە: ئەوەتا  ئەمریکا هەناردەکردنی نیمچە گەیەنەرەكان سنووردار دەکات، ئەوەش گوایە ڕێگایەكە بۆ خاوکردنەوەی پێشکەوتنی چین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داهێنانە چینییەکان، وەك  پاسە کارەباییەکانی BYD کە بەشەقامەكانی ئەمریکای لاتیندا دەسوڕێنەوە تاكو تەکنەلۆژیای 5G ی هواوی کە پردێکی دابەشبوونی دیجیتاڵی لە ئەفریقا درستدەکات،  ڕۆڵی تەکنەلۆژیا وەک یەکسانکەرێکی جیهانی نیشان دەدەن.

کاتێک ئەمریکا باج بەسەر پانێڵەكانی وزەی خۆری چینیدا دەسەپێنێت، ئەو ڕاستییە پشتگوێ دەخات کە چۆن هەر ئەم بەرهەمانە تێچووی وزە بۆ ماڵە ئەڵمانییەکان کەم دەکەنەوە و گوندەکانی کینیا ڕووناك دەکەن. نمونەكان ڕوونن، یەكێكیان تەكنەلۆژیا چەكدار دەكات، ئەوی دیكە، ڕووپۆشی مرۆڤانەی پێدەبەخشێت

كەلتور، دابەشكاریی لەبەرانبەر پەیوەستبووندا

لەبری ئەوەی کەلێنەکانی ناو کۆمەڵگاکەی خۆی  پڕبکاتەوە، حکومەتی ئەمریکا “جەنگی کولتووری” ناوخۆیی پەرەپێداوە، بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە سیاسەتەکانی لەبارەی بەرەوپێشبردنی هەمەجۆریی و یەکسانی و گشتگیری هەڵوەشاندووەتەوە و باجی لەسەدا سەد بەسەر فیلمە دروستکراوەکانی بیانیدا سەپاندووە. کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک تۆڵەسەندنەوە لە هۆلیوود سەیر دەکرێت. ئەم “جەنگە” زیاتر وەک شانۆی سیاسی کاردەکات، دەستکاری گوتاری گشتی دەکات لە ڕێگەی ڕق و کینەی دروستکراوەوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات.

سەرنج بدە، لەم نێوەندەدا، سەرنجڕاکێشیی کولتووری چین خەریکە ناسنامەی جیهانی بەدەست دەهێنێت. ئەفسانەی ڕەش: ووکۆنگ یاریزانان لە ئاستی جیهانیدا سەرسام دەکات؛ تیک تۆک و شیاوهۆنگشو ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان دەکەن؛ لابوبوی پۆپ مارت پێشەنگی مۆدەی یاری جیهانییە؛ مایکرۆ دراما چینییەکان لە سەرانسەری جیهاندا شوێنکەوتووانی بەدەستهێناوە؛ سیاسەتەکانی چوونە ژوورەوەی بێ ڤیزە و گەڕاندنەوەی باج سەردانکەرانی زیاتر و زیاتر ڕادەکێشن بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان چین ئەزموون بکەن.

تاكو زیاتر خەڵک لەگەڵ کولتوری چینیدا پەیوەندی بکەن، زیاتر خۆیان لەگەڵ بەها بنەڕەتییەکانیدا دەگونجێنن،  هاوئاهەنگی بەبێ یەكڕەنگی و توانەوە،  پێکەوەژیان لە سایەی  هەمەچەشنیدا. بەم دواییە،  واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەک بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ نێوەندگیری لە “هۆنگ کۆنگ” لەلایەن ٣٣ وڵاتەوە، کە دەستپێشخەرییەکە بە سەرۆکایەتی چین بوو، دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەیە. جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە هاوئاهەنگی زیاترە نەک هەژموون.

دامەزراوەی “هاوپەیمانی دیموکراسیەتەکان” کە بنکەکەی لە وڵاتی دانیمارکدایە، ڕایگەیاندووە: ڕێژەی پەسەندکرانی چین لەئاستی جیهانیدا لە سەدا +5 لە ساڵی 2024 بۆ لەسەدا +14 بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا ئەمریکا لەسەدا +22 بۆ لەسەدا -5 دابەزیوە. بۆ یەکەمجار چین لە ئاستی جیهانیدا ئەمریکای تێپەڕاند و، وەک تاکە وڵاتی گەورە دەرکەوت کە وێنەیەکی ئەرێنی تەواوی  هەیە.

ڕەفتاری سیاسی، گەندەڵی لەبەرانبەر چاكسازیدا

بەخشینە سیاسییەکان و ئەوەی پێی دەگوترێت “دەرگای سووڕاوە” لەنێوان حکومەت و کۆمپانیاکاندا، لە زۆرێک لە وڵاتان وەک گەندەڵی سەیر دەکرێن. بەڵام لە ئەمریکا بە کارێکی باو دادەنرێت.

ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی لە ئەمریکا حکومەت دەتوانێت ٩٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی بۆ کیسەیەک پیچی ستاندارد خەرج بکات، هەزار دۆلاریش بۆ کۆپێکی قاوەیەکی سادە. پڕۆژەیەکی شەمەندەفەری خێرا لە کالیفۆرنیا ملیارەها دۆلاری تێدەچێت، بەڵام هیچ پێشکەوتن بەخۆوە نابینێت. لەناو پشێوی سیاسەتی ئەمریکادا، بەرپرسان بە شێوەیەکی ڕۆتینی قازانج لە بازرگانی پشکەکان دەکەن. بۆیە سەیر نییە خەڵک بە گاڵتەجاڕیەوە بڵێن: زیرەکترین وەبەرهێنەرانی ئەمریکا لە وۆڵ ستریت یان سلیکۆن ڤالی نین، بەڵکو لە کاپیتوڵ هیڵ و کۆشکی سپی نیشتەجێن!.

چین بە شێوەیەکی جیاواز ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە: هیچ کەسێک لە پرۆسەی قەڵاچۆكردنی گەندەڵیدا، پارێزراو نییە. لە کاتێکدا زۆرجار بازرگانی و سیاسەت لە ئەمریکادا یەکدەگرنەوە، چین زۆر بە توندی خزمەتگوزاری گشتی و قازانجی تایبەتدا لێكجیا دەكاتەوە.

زۆربەی چینییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی و خۆكرد،  لە وانەکانی مێژوو تێدەگەن. لە کەسێکی هەڕەمەکی لەسەر شەقامەکان بپرسە، ئەپێت دەڵێت کە چۆن سەردەمی زێڕینی خانەدانێک جێگەی لەناوچووە!، چۆن گۆشەگیری خانەدانێکی دیکە دابەزینی خێراتر کردووە و چۆن هەموو ئەمانە بەو مانایەن کە خۆشگوزەرانی و قەیران وەک وەرزەکان بە یەکەوە دەگۆڕدرێن.

 بە پێچەوانەی تیۆری “کۆتایی مێژوو” کە لە ڕۆژئاوا بەناوبانگە، زۆرێک لەخەڵكی چین پێشکەوتنی مێژوویی وەکو خولگەیەک سەیر دەکەن. تیۆرێک کە تەحەداکەی  لەوەدا نیە ڕابكەین لە دووبارەبوونەوە، بەڵکو لەوەدایە لە دەرەوەی ئەو لاوازیانەدا گەشە بكەین،  کە خانەدانەکانی ڕابردوویان مەحکوم کردووە بەهەرەس، وەك: گەندەڵی، چەقبەستوویی و دابڕان لە خەڵک

وەك چۆن لە ساڵی 1945دا،سەرۆك ماوتسی تۆنگ، یەك چارەسەری پێشكەشكرد،  ئەویش بریتی بوو لە چاودێری لەلایەن خەڵكەوە. ئەمڕۆش، حیزبی شیوعی چین، بڕگەیەكی تر زیاد دەكات، ئەویش بریتییە لەچاكسازی خود. بۆیە تاكو ئێستاش، ڕێڕەوی چین لەبارە بۆ جێبەجێكردن، بەدروستی چونكە حیزبی شیوعی چین پابەندە بە خزمەتگوزاری گشتییەوە، نەك بە بەرژەوەندی تاكەوە.

هێدی هێدی خەریکە سایكۆلۆژیای چین  “فێنکتر” دەبێت بەهۆی دەیان ساڵ لە گەشەسەندنی بەردەوام و بە سەنتەركردنی خەڵك. لەبەرانبەریشدا، ئەمریکا بەهۆی ساڵانێک لە گۆشەگیری و دەستبەسەرداگرتنی نوخبەیی، سەرنجڕاکێشی خۆی لەدەست دەدات. ئەگەر سیاسەتەکانی ئەمریکا بەمجۆرەی هەبووە بەردەوام بن، ئەوا سەرنجڕاكێشیی خۆی لەدەستدەدات. تێبینی: نووسەر شرۆڤەکارێکە لەسەر کاروباری نێودەوڵەتی، بەردەوام بۆ شینوا نیوز، سی جی تی ئێن، گڵۆباڵ تایمز و چین دەیلی دەنووسێت

Loading