گرێبەستە بازرگانییەکانی ئەمریکا: بردنەوە-دۆڕاندن یان بردنەوە-بردنەوە

Xin Ping

گۆڕینی بۆ كوردی: تیمی چین بەكوردی بۆ توێژینەوەو ڕاگەیاندن

تێبینی : شین پینگ شرۆڤەکارێکی کاروباری نێودەوڵەتییە، بە بەردەوامی بۆ شینوا نیوز، سی جی تی ئێن، گڵۆباڵ تایمز، چاینا دەیلی و هتد دەنووسێت، بابەتەکە ڕەنگدانەوەی بۆچوونەکانی نووسەرە و مەرج نییە بۆچوونی سی جی تی ئێن.

لەكاتێكدا دەرفەتی ڕاگرتنی سەپاندنی باج بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژە کۆتایی دێت، وڵاتان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی گرێبەستی تازەی بازرگانی ئەنجام بدەن. لەم دانوستانانەدا کەم کەس هەیە ڕێککەوتنێکی جێگەی ڕەزامەندی بەدەستهێنابێت کە هەم خۆیان و هەم دڵی ئەمریکا خۆش بکات، بەڵکو ئەوەی بەدەست هاتووە بە سازان و مشتومڕ بووە..

بەرلەوەی یەكەم گوژمەی پارەدان جێبەجێ بكرێت، کەنەدا باجی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی لەسەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی پوچەڵکردەوە لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی دراوسێکەی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەکان. تەنانەت بەریتانیا کە لە دانوستانەکانی گومرگی لەگەڵ ئەمریکادا سەرەتای سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ناچار بوو لە کێشە تاڵەکانی هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی ئەمریکادا پاشەکشە بکات. ئەمجۆرە سازشانە،  تەنها بوێری ئەوە دەدەن بەوەی لایەنی  چەوسێنەر توندتر بێت بەرامبەر بە کەسانی تر، لەنێویاندا هاوپەیمانەکانیشی.

بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هیندستان، بە تایبەت سۆیا و بەرهەمە شیرەمەنیەکان، ئەو بوارانەن کە ئەمریکا هەوڵدایە دزە بكاتە نێویان. ژاپۆن فشاری زۆری لەسەرە بۆ کڕینی زیاتری سۆیا و برنج و گەنمەشامی ئەمریکی، لەکاتێکدا ئۆتۆمبێلەکانی بەهۆی باجی تایبەت بە ئۆتۆمبێلەوە كە دەگاتە لەسەدا ٢٥ لە بازاڕی ئەمریکا دوور دەخرێنەوە. ئەم ناکۆکیانە ئەمریکا و دانوستانکارانی دیکەی خستە ناکۆکی و لە ئەنجامدا چەقبەستن  لە نێو دانوستانە بازرگانییەکاندا دروست بوو.

ئەمریكا چی دەوێت؟

ئاشكرایە ئەمریکا بۆ لەپێناوی  ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، هەرکەسێک لە ڕێگاکەدا بوەستێت، دۆست یان دوژمن، لێی دەدات.

با سۆیا وەك نمونە وەربگرین، کە بڕگەیەکی هەمیشەییە لە کارنامەی دانوستانکارانی بازرگانی ئەمریکادا. بۆ ئەمریکا کە گەورەترین بازرگانی بەرهەمی کشتوکاڵی جیهانە و دووەم گەورەترین هەناردەکاری سۆیایە، بەپێی خشتەی ساڵنامەی هەناردەکردنی کشتوکاڵی ئەمریکا، چین و یەکێتی ئەوروپا دوو گەورەترین بازاڕی سۆیا بوون لە ساڵی ٢٠٢٤دا،. بەهۆی ئەوەی ڕەنگە هەناردەکردن بۆ ئەم دوو ئابوورییە لە ئەنجامی باجەکاندا دابەزێت، ئەمریکا هەوڵدەدات بازاڕی دیکە بکاتەوە، لەنێویاندا هیندستان و بەریتانیادا.

لەپێناوی یارمەتیدانی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی ئەمریکا بۆ ڕزگاربوون لە باجی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی کە دەگاتە دوو ملیار دۆلار، حکومەتی ئەمریکا کەنەدای ناچارکرد ئەو باجە هەڵبوەشێنێتەوە کە داهاتی حکومەتی کەنەدا ٧.٢ ملیار دۆلار بەدەستدەهێنێت.

ڕێککەوتنە بازرگانییەکەی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ڤێتنام ڕێگە بە کاڵا ئەمریکییەکان دەدات بەبێ باج بچنە ناو وڵاتەکەوە، ئەوە لەكاتێكدایە ئەمریكا  باجی لەسەدا ٢٠ دەسەپێنێت بەسەر كاڵای هەناردەكراوی  ڤێتنام دا، هەروەها باجی گواستنەوە بەڕێژەی لەسەدا ٤٠ دەخرێتە سەر کاڵاکانی وڵاتانی سێیەم كە لە ڕێگەی ڤێتنامەوە دەگەنە ئەمریکا.

لەڕێگەی هەڕەشەكانی بەرزكردنەوەی باجەوە، ئەمریکا وەکو چەوسێنەرێک دەیەوێت لەسەر حسابی ئەوانی دیكە، بگاتە ئامانجەكانی خۆی.

ئەمریكا چی ناوێت؟

سەبارەت بە دانوستانی بازرگانی نێوان ئەمریكا و یەكێتیی ئەورووپا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا وتی: پێویستمان بەوەیە ئازادی و یەکسانی بگەڕێنینەوە بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی، زۆر زیاتر لەوەی كە پێویستمان بە بەربەست و باجە، کە لەلایەن بەهێزترینەکانەوە داڕێژراون و زۆرجار وەک ئامرازی ملكەچپێكردن بەکاردەهێنرێن، بەهیچ شێوەیەک وەک ئامرازی هاوسەنگکردنەوە بەکارناهێنرێن.

هەرچەندە دیاری نەکرد لایەنە بەهێزترینەكان كێن؟، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لەو لێدوانە، کارۆلین لیڤیت  وتەبێژی ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لێدوانەكەی ماکرۆنی ڕەتکردەوە و، پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە باج ئامرازێکی کاریگەرە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرهەمهێنانی ئەمریکا.

بەپێی داتاكانی نووسینگەی ئاماری وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا، بەهۆی دابەزینی ئاستی هەناردەکردنەوە، کورتهێنانی بازرگانی ئەمریکا لە مانگی ئایاردا بە ڕێژەی لەسەدا ١١ بەرزبووەتەوەو، گەیشتۆتە ٩٦.٦ ملیار دۆلار، ئەمەش ڕێژەیەكی  زۆر زیاترە لەوەی پێشتر پێشبینی دەکرا ٨٦.١ ملیار دۆلار.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، نرخی کاڵا چینییەکان لە ئەمازۆن، خێراتر لە هەڵاوسانی گشتی بەرزبووەتەوە. بەجۆرێ لە نێوان مانگی یەک و ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، مامناوەندی نرخی سەبەتەیەک كاڵا كە زیاتر لە ١٤٠٠ بەرهەمی جۆراوجۆری تێدایە،  بە ڕێژەی ٢.٦% بەرزبووەتەوە و ئەوەش لە هەڵاوسانی سەرەکی ئەمریکا زیاتر بووە. بەواتایەكی تر،  بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی سەپاندنی باجەوە،  لە ئێستاوە گورز لە بەکارهێنەرانی ئەمریکی دەدات.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی کۆنفڕانس، متمانەی بەکاربەرانی ئەمریکی لە مانگی ئایارەوە لە ٩٨.٤ بۆ ٩٣ لە مانگی حوزەیران دابەزیوە، ئەمەش نزمترین ئاستە لە دوای پەتای کۆڤید-١٩.

لە کۆڕبەندی بانکی ناوەندی ئەوروپا لە یەکی تەمموزدا، “جیرۆم پاول” سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی پێشبینی ئەوەی کرد كاریگەریی سەپاندنی باج لەسەر داتاکانی هەڵاوسان، لەم هاوینەدا دەربکەوێت.

هەروەها کۆمپانیاکانیش هەست بە قورسی  سیاسەتی بازرگانیی چەقبەستووی ئەمریکا دەکەن. زۆرێک لە کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان، بەناچاری چاو بە ستراتیژی بەرهەمهێنان و دابینکردنی كڕیار و بازاڕدا دەخشێننەوە، ئەوەش لەپێناوی  کەمکردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەو گوزرەدا.

بەگوێرەی زانیارییەكانی نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس كە دەزگایەكی بێلایەنە،  دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای “یەک باجی گەورەو جوان”، پاکێجی کەمکردنەوەی باج 2.4 تریلیۆن دۆلار بۆ کورتهێنانی وڵات زیاد دەکات لە ماوەی دەیەی داهاتوودا. ئەمەش گومانی قووڵ دەخاتە سەر متمانەی ئەمریكا و متمانەی دراوە سەوزەكەی ئەمریكا “دۆلار”.

لەگەڵ زیاتربوونی ژمارەی ئەو وڵاتانەی كە ڕیزیان گرتووەو، چاوەڕوانی گرێبەستی نوێدەكەن لەگەڵ ئەمریكادا، ئەوا قازانجی كەڵەكەبووی ئەمریكا زیاتر دەبێت و، خاڵی لاوازی وڵاتانی تریش زیاتر قووڵ دەبێتەوە، بەوەش سیستەمی بازرگانی جیهانی هەرەس دێنێت.

 ئیچیرۆ فوجیساکی، باڵیۆزی پێشووی ژاپۆن لە ئەمریکا بە وردی چاودێری دۆخەكە دەكات و تێبینییەك گەڵاڵە دەكات. فوجیساکی دەڵێت “پێموانییە هەمووان براوەبن”. ڕەنگە بردنەوەی گەورە بۆ ئەمریكا و بردنەوەی بچوكیش بۆ ژاپۆن بێت.” ئیدی پێویستە وڵاتانی تر بە باشی لەم خاڵە تێبگەن.

Loading