زانكۆی پەكین بۆ زمانە بیانییەكان
یاخود زانكۆی پەكین بۆ زمان و فەرهەنگەكان.. ئەم زانكۆیە ڕۆڵێكی زۆر گەورەی هەیە لە پێشخستنی پەیوەندییەكانی كۆماری میللی چین لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا.
بەجۆرێك دەتوانین بڵێین: لانكی گەشەكردنی دیپلۆماسیەتی چینە. لەبەرگرنگی ئەم زانكۆیە و، فیگەرە گەورەكانی ناو زانكۆكە، ئەم ڕاپۆرتە كورتەمان لەسەر ئامادەكرد.
سەرەتای دروستبوونی زانكۆكە
زانكۆی پەكین بۆ زمانە بیانییەكان، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆكی دەوڵەت “چوان لای” دامەزراوە. لەكاتێكدا دیپلۆماسیەتی كۆماری میللی چین لەناو بێشكەدابوو، هێشتا هەنگاوە سەرەتاییەكانی چین لەبواری دیپلۆماتی دەستیان پێنەكردبوو.
خودی ڕابەری گەلی چین ماوتسی تۆنگ بەدەستی خۆی لەسەر دیواری زانكۆكە ناوی زانكۆی بەپیتی چینی نوسی.
ساڵی 1962 زانكۆ بەناوی فێرگەی باڵای ئامادەكاری خوێندكارانی نێودەوڵەتی كرایەوە. دواتر لەساڵی 1964دا ناوەكەی گۆڕا بە پەیمانگای پەكین بۆ زمانەكان، لەو پەیمانگایەدا خوێندكارانی جیهان فێری زمانی چینی دەكران. هاوكات قوتابییە چینییەكانیش فێری زمانە بیانییەكان دەكران.
بەرلەوەی مامۆستا چینییەكان بۆ فێركردنی زمانی چینی بنێردرێنە وڵاتانی جیهان، لەو زانكۆیە فێری زمانی ئەو وڵاتانە دەكران كە بۆیان دەنێردران. بۆ دواجاریش لەساڵی 1996دا، ناوەكەی گۆڕا بە زانكۆی پەكین بۆ زمان و فەرهەنگ”.
فیگەرە گرنگەكانی زانكۆكە
زانكۆی پەكین بۆ زمانەكان لەماوەی چەندین ساڵی دامەزراندنیدا، ژمارەیەكی زۆر كەسایەتی ئەكادیمی گرنگی پێگەیاندووەو دواتریش لەحەرەمی زانكۆكەدا خزمەتییان كردووە.
لە دیارترین كەسایەتییەكان، Zhang Qingchang، و Wang Huai، و Fang Li، ئەم مامۆستایانە توانیویانە خزمەتێكی زۆر گەورە بكەن و، لە خوێندنی زمانە بیانییەكاندا ڕۆڵی باڵا و كاریگەریان هەبووە.
لە ئێستادا یەكێك لە مامۆستا هەرە بەناوبانگەكانی زانكۆكە، بریتییە لە پرۆفیسۆر لوە لین، كە عەرەبەكان بە خەلیل ناوی دەبەن، هاوكات دۆستی كوردە و لەدیدارێكی تایبەت لەگەڵ مەشخەڵ كەوڵۆسی، داوایكرد ناوێكی كوردی لێبنرێت بەمەرجێك ناوەكە نیشانەی ئازایەتی بێت، ئەوەبوو ناوی قارەمانی بۆ پێشنیاركرا و، ناوەكەیشی بە چەپڵە ڕێزان قبوڵكرد. ئەو خۆی بەدۆستی كورد دەزانێت و، دەیەوێت لەداهاتوودا هاوكاری گرنگی كورد بكات لەبواری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی كوردیدا. پرۆفیسۆر لە 31/5/1966 لەدایكبووەو، لە ئێستادا ڕاگری شەش كۆلیژی زانكۆكەیە.



بەیەكەم زانكۆ دادەنرێت لە فێركردنی زمانە بیانییەكان و زمانی چینیدا، لە ئێستادا 40 كەس لەستافی ئەكادیمی ئەو زانكۆیە، هەڵبژێردراون بۆ پرۆژەی بەهرەكان لەهەرسێ ئاستی نیشتمانی و هەرێمایەتی و ئاستی وەزارەتەكانی چینیش.
ژمارەی دەستەی ئەكادیمی و مامۆستاكانی زانكۆ دەگاتە 2085 كەس. لەو ژمارەیە 771 كەسیان مامۆستان بە دەوامی فول تایم. 551 فەرمانبەری ئیداری، 153 مامۆستای یاریدەدەر، 107 توێژەر، 33 ڕاوێژكاری تایبەت بەقوتابیان، 17 ڕاوێژكاری خوێندكارانی دكتۆرا، هەروەها 3 فەرمانبەری پسپۆڕی ڕاوێژكاری دەرونی.
كۆلیژەكانی ئەم زانكۆیە
لەئێستادا زانكۆكە نۆ بواری پسپۆڕی لەخۆ دەگرێت. كە بریتین لە: وێژە و زانستەكان، ئەندازیاری، ئابوری، ئیدارە، یاسا، فێركردن، مێژوو، هونەر.
دوو پرۆگرامی هەیە بۆ خوێندنی دكتۆرا لەئاستی یەكەمدا، دوو سەنتەریشی هەیە بۆ توێژینەوەی دوای دكتۆرا، 11 بەرنامەی هەیە بۆ خوێندنی ماستەر لەئاستی یەكەم، 9 بەرنامەی تر بۆ پلەی ماستەر. لەوانە: زمانەكان، زمانە پراكتیكییەكان كە دەبێتە سێكتەرێكی پسپۆڕی نیشتمانی.
گرنگترین كۆلیژەكانیش ئەمانەن:
كۆلیژی پەروەردەی نێودەوڵەتی بۆ زمانی چینی
لێرەدا زمانی چینی فێری قوتابییە بیانییەكان دەكرێت. بڕوانامەی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا لەزمانی چینیدا.
كۆلیژی توێژینەوە بیانییەكان
بڕوانامەی خوێندنی باڵا و دكتۆرا لەزمانە بیانییەكاندا دەبەخشێتە خوێندكارەكانی، ئەم كۆلیژە شەش قوتابخانەی هەیە:
یەكەم: قوتابخانەی خوێندنی ئینگلیزی.
دووەم: قوتابخانەی خوێندنی زمانە ئاسیاییەكان.
سێیەم: قوتابخانەی خوێندنی زمانە ئەورووپییەكان.
چوارەم: قوتابخانەی توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پێنجەم: قوتابخانەی وەرگێڕان و وەرگێڕانی فەوری.
شەشەم: قوتابخانەی زمانە پراكتیكییەكان.
كۆلیژی ئاداب و زانستە كۆمەڵایەتییەكان
ئەم كۆلیژە ژمارەیەك بەش و ناوەندی گرنگی هەیە، لەوانە: بەشی خوێندنی زمانی چینی وەك زمانی دووەم تی سی ئێس ئێل، بەشی هونەرەكان، زانستە كۆمەڵایەتییەكان، توێژینەوەی كەلتوری چینی، توێژینەوەی چینناسی، توێژینەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆمەڵەی چۆیوان.
كۆلیژی زانستەكان
ئەم كۆلیژە ساڵی 2000 دامەزراوە، پێشتر لەساڵی 1987ەوە وەك پەیمانگای چارەسەری زانستە زمانەوانییەكان كاری كردووە. لەئێستادا سێ سێكتەری پسپۆڕی جیاواز و، چوار پەیمانگای هەیە، سێكتەرەكان بریتین لە: زانستەكانی كۆمپیوتەر، بەڕێوەبردنی زانیارییەكان، ئای تی.هاوكات چوار پەیمانگاكەش ئەمانەن: پەیمانگای چێكردنی زانستەكانی زمان، پەیمانگای فێربوونی زمانی زیرەك، پەیمانگای ئەندازەگیری زانست، پەیمانگای چاودێری زمان.
ساڵی 2019 بەهاوبەشی نێوان وەزارەتی پەروەردە و زانكۆی پەكین سەنتەری نیشتمانی بۆ چاودێریكردنی داهاتەكانی زمان لە میدیای نوسراو، پێكهێنرا، ئێستا ئەم سەنتەرەش سەربەم كۆلیژەیە.
كۆلیژی بەڕێوەبردنی كار
لە بەشەكانی : دارایی، ژمێریاری، ئابووری نێودەوڵەتی و بازرگانی، بەڕێوەبردن. چەندین پەیمانگە و تاقیگە و سەنتەری هەیە. لەوانە: سەنتەری هەرێمایەتی بۆ توێژینەوە ئابوورییەكان، پەیمانگای توێژینەوە داراییەكان، سەنتەری ڕاهێنانی بازرگانی نێودەوڵەتی.
كۆلیژی هونەر
ساڵی 2014 كۆلیژی هونەر دامەزراوە، پێشتر لەساڵی 1993ەوە، وەك بەشێك سەربە كۆلیژی زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكان كاری كردووە. سێ بەش لەخۆ دەگرێت، لەوانە: وێنەكێشان، خۆشنوسی، زانستەكانی مۆزیك.قوتابی چینی و بیانی وەردەگرێت. ساڵی 2018 وەزارەتی پەروەدە قایل بوو بە بەرنامەكانی ماستەر لەو كۆلیژەدا، چەند ناوەندێكی گرنگی هەیە، لەوانە: سەنتەری ژیانگ زهاوی بۆ توێژینەوە هونەرییەكان، سەنتەری توێژینەوەی وێنەی چینی وێنەكێشانی پێشكەوتووی چینی، پەیمانگای خۆشنوسی چینی و هەڵكۆڵین.
قوتابخانەی فێركردنی بەردەوام
ئەم قوتابخانەیە دەكەوێتە كەرتی هیدیان لەپەكین، ساڵی 2013، سەرەتا لە ساڵی 1952 ەوە، بەناوی كۆلیژی پەكین بۆ فێربوونی زمانی ڕووسی كاری دەكرد. ئەم بەشە ساڵانە 6000 خوێندكار دەردەچێنێت، خاوەنی 300 مامۆستای چینی و 50 مامۆستای بیانییە. زیاتر لە 95% ی مامۆستاكانی هەڵگری بڕوانامەی ماستەرن كەلەدەرەوە بەدەستیان هێناوە.
كۆلیژی فێركردنی ئۆنلاین
ئەم كۆلیژە سەربە زانكۆی پەكینە، یەكێكە لە 68 دامەزراوەی گرنگ كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەستنیشانكراون. ساڵی 2000 دامەزراوە، تەواوی یاسا و ڕێكارەكانی فێركردنی ئۆنلاین پێڕەو دەكات. نۆ پڕۆگرامی فێركاری پێشكەش دەكات: فێربوونی چینی، زمان و ئەدەبی چینی، زمانی ئینگلیزی، ژاپۆنی، ژمێریاری، دارایی، سەرچاوە مرۆییەكان، ئابووری و بازرگانی نێودەوڵەتی، زانستەكانی كۆمپیوتەر.