ڕۆژی 27ی6ی2024، لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمی زانکۆی پەکین بۆ خوێندنی زمانە بیانیەکان، مەشخەڵ کەوڵۆسی سەردانی زانکۆی ناوبراوی کردوو، بە گەرمی لەلایەن دکتۆر لوە لین، جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی بیانی لە وەزارەتی پەروەردەی کۆماری میللی چین ، سەرۆکی لیژنەی خوێندنی زمانی عەرەبی لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای چینەوە، پێشوازی لێکرا. لەسەردانەکەدا، وەک هاوسۆزیی و پشتیوانییەک بۆ بیرۆکە و پرۆژە پێشکەشکراوەکان بۆ هاوکاری نێوان گەلی چین و گەلی کوردستان، دکتۆر لوە داوای لە مەشخەڵ کەوڵۆسی کرد، ناوێکی ئازایانەی کوردی لێ بنێت، دواتر لەسەر ناوی قارەمان ڕێککەوتن و بەچەپڵە پێشوازی لەو ناوە کوردییە کرا. لەکۆبوونەوەکەدا، ستایشی پرۆژە و پێشنیارەکانی مەشخەڵ کەوڵۆسی بۆ هاوکاری و هاوڕێیەتی نێوان گەلی چین و گەلی کوردستان کرا. دکتۆر لوە قارەمان، گوتی: بەدڵنیاییەوە بڕیارماندا شانبەشانی زمانەکانی فارسی، عەرەبی، تورکی، زمانی کوردیش لەم زانکۆیە بخوێندرێت و، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی کوردستان دەکەم. بەمەبەستی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی سەنتەری توێژینەوەی کوردی لە پەکین، دکتۆر قارەمان گوتی: زۆر بە گەرمی پێشوازی لەو بیرۆکەیە دەکەم و، ئەو ناوەندە دروست دەکەین. بێگومان پێویستمان بە هاوکاری و تواناکانی ئێوەیە بۆ سەرخستن و بەڕێوەبردی سەنتەری توێژینەوەی کوردی. وێڕای دەستخۆشی سوپاسی زۆر بۆ دکتۆر لوە قارەمان، مەشخەڵ کەوڵۆسی گوتی: گەلی کورد دۆستی گەلانی جیهانە و، دەیەوێت هەمووان بە ئاشتی پێکەوە بژین، کورد خوازیاری گەشەی بەردەوامی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ هەموو گەلانی جیهان، بەتایبەتی لەگەڵ گەلی مەزنی چین. وبەڕێوەبردنی سەنتەری توێژینەوەی کوردییش لە زانکۆی خوێندنە بیانییەکانی پەکین، ئێمە تا کۆتایی هاوکار و پشتیوان دەبین.
