چین بەكوردی بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن

库尔德语中的中国研究和媒体

چۆن چین سەركەوت لەدروستكردنی زۆرترین پرد لەجیهاندا

Loading

كۆماری میللی چین بەوڵاتی یەك ملیۆن پرد ناسراوە. چین چۆن توانی یەك ملیۆن پرد دروست بكات و، گرنگترین پردەكان كامانەن؟.

لەم ڕاپۆرتە كورتەدا هەوڵدەدەین، وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە.

پسپۆڕان دەڵێن: سەد پردی هەرە گەورە و سەركەوتووی سەدەی بیستویەك لە وڵاتی چیندان، گرنگترین پردەكانیش ئەمانەی لای خوارەەن: یەكەم: پردی بیبانگیانگ، بەرزی ئەم پردە 565 مەترە. بەمانایەكی تر بەرزییەكەی دەگاتە بەرزی  ئەپارتمانێكی هەوربڕی 200 نهۆمی. بە بەرزرترین پردی جیهان دادەنرێت

دووەم: پردی هۆنگ كۆنگ – چۆهای – ماكاو، بەدرێژترین پردی سەر دەریا لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت. لە فەرهەنگی پردسازیدا بە شاخی ئەڤەرێست ناودەبرێت، بەهۆی بەرزی و سەختی دروستكردنیەوە.

سێیەم: شاری چۆنگچینگ، خاوەنی 13 هەزار پردە و بە پایتەختی پردەكانی جیهان ناسراوە.

بەگشتی پسپۆڕان دەڵێن: هیچ پردێك نیە چین نەتوانێت دروستی بكات.

بۆچی ژمارەیەكی زۆر پرد لەچین دروستكراون؟

چونكە 67%ی ڕووبەری چین شاخی بەرز و دۆڵ و گردۆڵكەیە. زنجیرە شاخی زەبەلاح لەچیندا بڵاوبوونەتەوە. بەتایبەتی لەباشوری ڕۆژئاوای وڵاتەكەدا، لەهەمان كاتدا، ژمارەیەكی زۆر ڕووبار لەناوخاكی كۆماری میللی چیندا هەن،  نزیكەی 1500 ڕووبار هەن كە حەوزی هەر یەكێكیان لە 1000 مەتری چوارگۆشە زیاترە.

دەوڵەتی چین بڕوای تەواوی هەیە بەوەی ناتوانێت پێشكەوتن و گەشە بۆ وڵاتەكەی مسۆگەر بكات، ئەگەر ئەو شاخوداخ و بەرزایی و نزمایی و ڕووبارە زەبەلاحانە تێنەپەڕێنێت. بۆیە لەماوەی 2015 تاكو 2020 چاوەڕوان دەكرێت بودجەی تەرخانكراو بۆ پێشخستنی تۆڕی ڕێگاو بان و پردەكان گەشتبێتە 15 تریلیۆن یوانی چینی.

لەچیندا بەچ شێوازێك پردەكان دروست دەكرێن؟

بۆ دروستكردنی پرد لە چیندا، بەشێوەی سەرەكی پشت بەو بودجە زەبەلاحە دەبەسترێت كە حكومەت تەرخانی دەكات. لە چیندا، هەمیشە پرۆژەكانی دروستكردنی پرد، لەلایەن حكومەتەوە پارەدار دەكرێن، هاوكات قەرزی بانكیش دەیانگرێتەوە. لەبەر سەختی لایەنی تۆپۆگرافی وڵات، تەنها كۆمپانیا گەورەكانی حكومەت دەتوانن پردەكان دروستبكەن.

ئەو پەیمانگایانەی كە توێژینەوەی ئەندازیاری لەسەر پرد دەكەن، بەرزترین بودجەیان بۆ تەرخانكراوە لەئاستی جیهاندا. حكومەتی چین پێی وایە دروستكردنی پرد، هۆكارێكی زۆر گرنگە بۆ باشتركردنی گوزەرانی خەڵك. بۆیە وێڕای دروستكردنی چەندین پردی زەبەلاح، لەیەك ساڵدا دەیان هەزار پردی بچوك و مام ناوەندیش دروست دەكرێن.

چین دەتوانێت چی بكات بۆ جیهان لەبواری دروستكردنی پرددا؟

چین خاوەنی پێشكەوتووترین تەكنەلۆژیا و پیشەییترین كۆمپانیاكانی دروستكردنی پردە لەئاستی جیهاندا. كۆمپانیا چینییەكان تەنها لەناوخۆی وڵاتەكەدا خزمەتەكانیان پێشكەش ناكەن. بەڵكو لەسەرتاسەری جیهاندا بەشداری دەكەن لەدروستكردنی پرد و ڕێگاكاندا.  چین هاوكاری زۆرێك لەوڵاتانی ئەفریقای كردووە لەدروستكردنی پرددا. نەخاسمە ئەو پردانەی كە ژمارەی پێوانەییان شكاندووە لە هەموو بوارەكان لەئەفریقادا

error: Content is protected !!