پەكین، خوێندنی زمانی كوردی دەستپێكرد

 بۆ یەکەم جار؛ 11 قوتابیی چینی لە زانکۆی پەکین دەستیان بە خوێندنی ئەکادیمی زمانی کوردی کرد.

لەمەودوا لە دووریی زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتر لە هەولێرەوە، لە ناوەڕاستی پایتەختی چین، دەنگی پیتەکانی (ڕ، خ، ڵ) لەناو پۆلەکانی یەکێک لە بەهێزترین زانکۆکانی جیهان دەبیسترێت.

لە ناوەڕاستی ئەیلوولی ئەمساڵ، 11 قوتابی چینی لەسەر کورسییەکانی زانکۆی پەکین بۆ خوێندنی بیانی (BFSU) دانیشتن، تا بۆ ماوەی چوار ساڵ بەشێوەیەکی ئەکادیمی فێری زمانی کوردی بن، سێ ساڵی یەکەم سۆرانی و ساڵی چوارەمیش کرمانجی دەخوێنن، ئەمەش لە سایەی کردنەوەی بەشێکی سەربەخۆ و ستراتیژییە بە هاوبەشیی فەرمیی زانکۆی سەڵاحەدین.

زانکۆی پەکین بۆ خوێندنی بیانی، ناوەندێکی زانستیی ئاسایی نییە، بەڵكو لە ناوەندە سیاسییەکاندا بە لانکەی دیپلۆماتکارانی چین دەناسرێت، زیاتر لە 500 باڵوێز و سێ هەزار کونسوڵ و ڕاوێژکاری سیاسیی پێ گەیاندووە.

لەسەر ئاستی چین، لە بواری زماندا خاوەنی پلەی یەکەمە (+A) و بەپێی ڕیزبەندیی (QS)ی 2025یش، لە پلەی هەژدەیەمینی جیهان دایە. لەم زانکۆیەدا 101 زمانی بیانی دەگوترێنەوە، زمانی کوردی وەک 84ـەمین زمان، شوێنی خۆی لەم خانەوادە جیهانییەدا کردەوە.

د. کامەران یونس سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، بەوپەڕی شانازییەوە باس لەم دەستکەوتە دەکات و دەڵێت ”ئێمە لە کۆلێژی زمان، گرینگییەکی زۆرمان بە زمانە زیندووەکانی وەکی تورکی، ئەڵمانی، فەڕەنسی و چینی دایە، بەس کردنەوەی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆیەکی ئاستبەرزی وەکی پەکین، لە وڵاتەک کە سەرووی ملیارەک و چوارسەت ملیۆن دانیشتووی هەیە، بایەخەکی یەکجار گەورەی لۆ پێگەی زانکۆکەمان و بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی چین هەیە“.

سەرۆکی زانکۆ باس لە قۆناغی دوای کردنەوەی ئەو بەشەی زمانی كوردی دەكات لە زانكۆ چینییەكە و دەڵێت لە هەموو شتێك گرینگتر ئەوەیە بتوانین بەردەوامیی پێ بدەین و ڕانەگیرێت. نموونەیەك دێنێتەوە بەوەی پێشتر لە زانكۆیەكی ڕووسیا بەشەكی لەو شێوەیەی زمانی كوردی هەبوو، بەداخەوە دوای دوو ساڵ داخرا، ئێستەش هەمان زانکۆ داوای کردیتەوە دووبارە بەشەكە بکەینەوە.

ئاماژەش بەوە دەکات کە مامۆستایانی بەشە کوردییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین ئامادەن بە خۆبەخشیش وانە بڵێنەوە، بەڵام بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، پێویست بە پاڵپشتیی حکوومەت و سەرمایەدارانە.

چیڕۆکی ئەم هاوبەشییە لە 2019ەوە سەری هەڵدا، کاتێک زانکۆی سەڵاحەدین یەکەمین بەشی زمانی چینیی کردەوە.

د. ئاوارە ئیبراهیم ئەمین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆکە، باس لە چۆنیەتیی گەڵاڵەبوونی بیرۆکەکە دەکات و دەڵێت ”لە زانکۆی پەکین بیرۆکەکە هەبوو، بەس پێویستیان بە دەستپێشخەریی ئێمە بوو. داوایان کرد میوانداریی مامۆستایەکیان بکەین لۆ وەرگرتنی کۆرسەکی چڕ. ئێمەش لۆ چوار مانگ لە هەولێرێ پێشوازیمان لێ کرد و پڕۆگرامەکی تایبەتمان لۆ دانا. دواتر ئەو مامۆستایە گەڕاوە و بووە سەرۆکی بەشی کوردی لە زانکۆی پەکین“.

د. ئاوارە سەرسامیی خۆی بە وەرگرتنی 11 قوتابی چینی لە یەکەم ساڵدا ناشارێتەوە و دەڵێت ”تەنانەت سەرۆکی بەشەکەش بڕوای نەدەکرد قوتابیی چینی بەو ئاستە پێشوازی لە زمانەکی نوێی وەکی کوردی بکەن، بەتایبەت کە پێشتر هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ كورد نەبووە“.

Loading