
2026-09-26
لەماوەی نێوان 23 و25ی مانگی ئەیلولی 2026 سەرۆككۆماری چین ” شی جینپینگ” سەردانێكی فەرمی بۆ ئەمریكا ئەنجامدا. لەو سەردانەدا سەرۆكی هەردوو وڵات پێكەوە باسوخواسی قووڵیان كرد سەبارەت بە پەیوەندی دووقۆڵیی بیناكراو لەسەر ئۆقرەیی ستراتیژی، هەروەها گفتوگۆیان كرد لەسەر دۆسییە گرنگە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان.
هەردوو وڵات گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
یەكەم: پەیوەندییەكانی چین و ئەمریكا لەسەر بنەمای ئۆقرەیی ستراتیژی دابمەزرێنرێن و، بناغەی ئەو پەیوەندییانە ڕێزگرتن و یەكسانی و مامەڵەی هاوشێوە بن.
دووەم: هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر پشتیوانیكردنی یەكتر لە سەرخستنی كۆبوونەوەی نافەرمی سەركردەكانی وڵاتانی هاریكاری ئابووری ئاسیا و زەریای هیندی و، لوتكەی جی 20. هەردوو سەرۆك لەو كۆبوونەوانەدا بەشداری دەكەن كە لایەكەی تر میواندارییان دەەكەن.
سێیەم: سەرۆكەكانی هەردوو وڵات ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی پێویستە ئێران پابەندی بەڵێنەكانی بێت بۆ پەرەنەدان بەچەكی ئەتۆمی، هیچ وڵاتێكیش بۆی نیە باج بسەپێنێت بەسەر تێپەڕین لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەكاندا.
چوارەم: سەرۆكەكانی هەردوو وڵات ئەوەیان وەبیرهێنایەوە كە چین و ئەمریكا لە دووەم جەنگی جیهانیدا هاوپەیمانی یەكتر بوون. پێكەوە تاكو سەركەوتن شەڕیان كردووە لەدژی دوژمنی هاوبەش.
پێنجەم: سەرۆكەكانی هەردوو وڵات، ڕێزی خۆیان پیشاندا بۆ ئەو ڕۆڵە پۆزەتیڤەی كە میكانیزمی ڕاوێژكاری ئابووری و بازرگانی ئەنجامی دەدات، وەك هەنگاوی دروستكردنی ئەنجومەنی بازرگانی و هەنگاوەكانی تریش. هەروەها گەیشتنە قۆناغی دانانی ڕێوشوێنەكانی كەمكردنەوەی باجی گومرگی لەڕووی مامەڵەی هاوشێوە بەبڕی 30 ملیار دۆلار. درێژكردنەوەی ئەنجامەكانی ڕاوێژكاریی ئابووری و بازرگانی كوالالامپور، فەرمانی جێبەجێكردنی ئەو ڕاوێژكارییەیان دەركرد.
شەشەم: هاریكاری و هەماهەنگی نێوان لایەنەكانی جێبەجێكردنی یاسا لەبواری قەڵاچۆكردنی مادەی هۆشبەر لەنێوان چین و ئەمریكادا، ئەنجامی زۆرباشی داوە بەدەستەوە. بەم دواییانە، هەردوو وڵات لەڕێی هەماهەنگی توندوتۆڵەوە، چەندین تاوانی پەیوەست بە مادەی كارتێكەری دەروونی و مادەی كیمیاوی نوێیان ئاشكراكردووەو، دەیان گومانلێكراوی تێوەگلاو لەم تاوانەیان دەستگیركردووە.
حەوتەم: هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان ئەمریكا و چیندا سەبارەت بە زیرەكی دەستكرد، بۆ تیشك خستنە سەر مەترسی و دەرفەتەكانی زیرەكی دەستكرد. لەمانگی نۆڤەمبەری داهاتوودا گفتوگۆی ئەم بوارە ساز دەكرێت. هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر دامەزراندنی كەناڵێكی پەیوەندی لەنێوان هەردوو وڵاتدا تایبەت بە دۆسییە زیرەكی دەستكرد.
هەشتەم: ئەمریكا پێشوازیكرد لە گەیشتنی جووتە پاندایەكی گەورە كە بۆماوەیەك لە چینەوە بە كرێ دراوەتە باخچەی ئاژەڵانی ئەتڵانتا.
سەرباری ئەو خاڵانەش، سوپای هەردوو وڵات ڕێككەوتن لەسەرئەوەی لەنزیكترین كاتدا ڕێككەوتن واژۆ بكەن لەسەر بەهێزكردنی هەماهەنگی و پەیوەندی بۆ خۆپارێزی لە قەیرانەكان. هاوكاری بەردەوام بۆ گەڕان بەدوای ئێسك وپروسكی ئەو سەربازە ئەمریكییانەی لەچیندا بزربوون.
![]()








