
2025-06-08
زانایانی چینی پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە لە بەرهەمهێنان و هەڵگرتنی وزە لەسەر مەریخ، لێکۆڵینەوەیان لەوە کردووە کە چۆن بە شێوەیەکی کارا سەرچاوەکانی ئەوێ بەکاربهێنن بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی وزەی پێویست بۆ لێکۆڵینەوە درێژخایەنەکان و جێگیرکردنی توێژەران لە داهاتوودا لەسەر هەسارەکە.
توێژەرانی زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای چین (USTC) بیرۆکەیەکی نوێیان بۆ بەکارهێنانی بەرگەهەوای مەریخ وەک میدیایەک بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێشنیار کردووە.
شی لینگفێنگ، توێژەر لە کۆمپانیای USTC ڕایگەیاندووە، بەرگەهەوا وەک گۆڕینی وزە لە سیستەمێکی بەرهەمهێنانی کارەبادا کاردەکات. بە سادەیی دەتوانرێت بەراورد بکرێت بە “خوێن”ی سیستەمەکە. هەوای مەریخ لە گۆڕینی گەرمی بۆ کارەبا کارێکی باشی هەیە. کێشی گەردیلەی گەورەی هەیە و توانای گەرمی تایبەت بەرزە، واتە لە گۆڕینی گەرمی بۆ کارەبا نایاب و ناوازەیە.
بەبەراورد لەگەڵ بەکارهێنانی گازە دەگمەنەکانی وەک هیلیۆم و زینۆن وەکو ناوەندێک، توێژینەوەکان کە لەلایەن توێژەرانی ناوەندی زانست و تەکنەلۆژیای مەریخی USTC ئەنجامدراون دەریانخستووە کە بەکارهێنانی بەرگەهەوای مەریخ کە زیاتر لە 95% دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەیە، وەک ناوەندێک دەتوانێت کارایی بەرهەمهێنانی کارەبا بەڕێژەی 20% و زۆرترین چڕی هێز بەڕێژەی 14% زیاد بکات. ئەم ناوەندە دەستڕاگەیشتنە زیاتر ڕێگە دەدات بە دروستکردنی وزەی پێویست بۆ گەڕان بەدوای مەریخدا بەپێی بارودۆخی ناوخۆیی.
شی ئاماژەی بەوەشکردووە، کەڵکوەرگرتن لە بەرگەهەوای مەریخ واتە ئیستغلالکردنی سەرچاوەکانی. بۆیە ئەمە چارەسەرێکی تەکنەلۆژی نایاب و ناوازەیە بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی توێژینەوەی بەردەوام لەسەر مەریخ لە داهاتوودا.
هەروەها توێژەران لێکۆڵینەوەیان لە چۆنیەتی بەکارهێنانی بەرگەهەوای مەریخ کردووە بۆ هەڵگرتنی وزەی کارەبایی، چەمکی داهێنەرانەیان پێشنیار کردووە کە بریتییە لە “پاتری مەریخ”.
پاتری مەریخ ماددە چالاکەکان لە بەرگەهەوای مەریخدا وەک سووتەمەنی کارلێککەر بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بەهێزکردنی ڕۆڤەر و بنکەکانی مەریخ. دەتوانێت وزەی کارەبایی و فۆتۆڤۆڵتایک و گەرمی کۆبکاتەوە و وزە لە سیستەمی پاتریەکەیدا هەڵبگرێت.
شیاو شیو، توێژەرێکی دیکەیە و دەڵێت، پاتری هەوای مەریخ لەسەر هەمان بنەمای پاتری لیتیۆم-هەوا و پاتری لیتیۆم- دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کاردەکات. پێکهاتەکانی بەرگەهەوای مەریخ هەڵدەمژێت و وەک گازە چالاکە سەرەکییەکان بەکاریان دەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایی، کە دەتوانرێت لەلایەن ڕۆڤەرەکانی مەریخ یان هەلیکۆپتەرەکانەوە بەکاربهێنرێت.
توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر کارایی پاترییەکە لە ژێر بارودۆخێکدا ئەنجامدا کە بەرگەهەوای مەریخ و جیاوازی پلەی گەرمی نێوان شەو و ڕۆژ لە مەریخدا ھاوشێوە دەکات. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە پاتریەکە هێشتا دەتوانێت بە شێوەیەکی جێگیر کارەبا بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بدات تەنانەت لە پلەی گەرمی نزمدا کە دەگاتە سفر پلەی سەدی.
بەکارهێنانی بەرگەهەوای مەریخ وەکو ناوەندێک نەک هەر بەشێوەیەکی بەرچاو کێشی گشتی سیستەمی پاتری کەمدەکاتەوە بەڵکو توانای بەدەستهێنانی وزە و خۆبژێوی لە شوێنی خۆیدا دەکات، ئەمەش چارەسەرێکی نوێی هەڵگرتنی وزە بۆ گەشەپێدان و لێکۆڵینەوەکانی مەریخ دابین دەکات. ئەمەش بۆ بەرزکردنەوەی پشتبەستن بەخۆی چین و بەردەوامیی لە ئەرکەکانی مەریخدا زۆر گرنگە.
گەڕانەکانی چین لە مەریخدا لە ساڵانی ڕابردوودا خێراتر بووە و پێشبینی دەکرێت پشکنەری تیانوێن-3 لە دەوروبەری ساڵی 2028 هەڵبدرێت و لە دەوروبەری ساڵی 2031 نمونەکانی مەریخ بگەڕێنێتەوە سەر زەوی.
CGTN Arabic
![]()










