پوختەی وتارەكەی شی جینپینگ لە یادی 105 ساڵەی حیزبەكەیدا

بە 40 خولەك بنەماكانی كاری ئایندەی داڕشت

شی جینپینگ لە یادی 105 ساڵەی حیزبەكەیدا  وتارێكی  سەرۆك شی جینپینگ وتارێكی پێشكەش كرد و، تیایدا گوتی: پرۆسەی گەشەپێدانی چین لە ئێستادا بە قۆناغێكدا تێدەپەڕێت كە پڕە لە دەرفەت و ئاڵنگاری، بۆیە پێویستە هەماهەنگی چڕ بكەینەوە لە پێناوی چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ و دەرەوەدا.

شی لە بەشێكی تری وتەكانیدا، داوای كرد لە سەرجەم ئەندامانی حیزب تاكو ” ئەو هۆكارانە لەناو بەرن كە دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە پێشكەوتن و پاكژی حیزب” دواتر داوای لەناوبردنی هەموو ئەو میكرۆبانەی كرد كە جەستەی ساغڵەمی حیزبەكە نەخۆش دەخەن.

لە 2012ەوە شی جینپینگ بووەتە سەرۆكی وڵات  و ئەمینداری حیزبی شیوعی چین، لەو كاتەوە تاكو ئێستا كاری بەردەوام و فراوان و قووڵی كردووە بۆ چەسپاندنی دەستەڵاتی ڕەهای حیزب لە ناوخۆی وڵاتدا، دیسپلینی توندوتۆڵی حیزبیی هێناوەتە پێشەوە، لە ئاستی جیهانیشدا، هەژموونی چینی فراوان كردووە.

سەرۆك شی لەوكاتەوە دەستبەكاربووە تاكو ئێستا گەورەترین و فراوانترین و قووڵترین هەڵمەتی قەڵاچۆكردنی گەندەڵی دەستپێكردووە، سەرجەم ئاستەكانی حوكمڕانی و ژیانی حیزبی لێپرسینەوەیان لێدەكرێت و، سەدان كەس لە گەندەڵەكان بەسزای یاسایی گەیشتوون. سەدان كەس لە ئەفسەرانی باڵا دوای ساغبوونەوەی تاوانەكانیان سزادا دراون، هەڵمەتی قەڵاچۆكردنی گەندەڵی لەڕیزەكانی سوپادا، چەند ساڵیك درێژەی كێشا.

لەدوای پاككردنەوەی سەرجەم ئاستەكانی سوپا، شی فەرمانیكرد ئەفسەرە باڵاكان بەشداری خولێكی ڕۆشنبیری حیزبی بكەن كە ماوەكەی 10 هەفتەبوو، تیایدا دووبارە بنەماكانی حیزب و پەروەردەی حیزبەكەیان پێدرایەوە.

یەكگرتنەوە لەگەڵ تایوان

لە وتارەكەیدا “شی” بە وردی باسی پرۆسەی یەكگرتنەوەی لەگەڵ تایوان كرد، داوای كرد ستراتیژی حیزبی شیوعی بۆ چارەسەركردنی كێشەی تایوان پیادە بكرێت.

چین بە پشتیوانی چەند بڕیارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، تایوان بە بەشێكی دانەبڕاو لە خاكی خۆی دەزانێت. بەردەوام پێداگرە لەوەی بەڕێكاری ئاشتییانە تایوان بگەڕێتەوە بۆ ئامێزی خاكی دایك، بەڵام ئەگەر ئەوەش ڕووینەدا، بەكارهێنانی هێزی سەربازی بەدوور نازانێت.

لە ساڵی 1921 دا حیزبی شیوعی چین لەلایەن نزیكەی پانزە كەسەوە دروستكرا، لەئێستادا 101 ملیۆن ئەندامی مەشقپێكراوی ڕاهێنراوی هەیە كە دەكاتە ڕێژەی 7.2% ی دانیشتوانی چین.

بەگوێرەی بنەماكانی فیكری شی جین پینگ، دەیەوێت حیزبەكە لە “گەورەترین حیزبی جیهان” بكاتە ” بەهێزترین حیزبی جیهان.

Loading