گەڕاندنەوەی یاسا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایش بۆ گەلەكانی

لەئێستادا بارودۆخی ناوچەی كەنداو گرژییەكی زۆر بەخۆوە دەبینێت، جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لەئاڵۆزی، جارێكی تر تین و تاو دەسەنێتەوە. وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بەبێ ئەوەی ڕێگەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكانیان هەبێت، هێرشیان كردە سەر ئێران لەكاتێكدا كە دانوستانی ئەمریكا و ئێران هەبوو. ئەوەش بوو بەهۆی كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر. جێگەی داخە لە قوتابخانەیەكی منداڵانی كچاندا، زیاتر لە 160 قوتابی خوێندنگەیەكی سەرەتایی ئێران بە بۆردوومان كوژران. لەگەڵ تەشەنەكردنی جەنگەكەشدا، دووكەڵی ڕەشی جەنگ بەسەر هەموو ناوچەكەدا بڵاو بووەتەوە. گیان و ماڵی گەلانی وڵاتانی كەنداو، لەبەردەم هەڕەشەی زۆر مەترسیداردان.

فڕۆكەخانە و دامەزراوە مەدەنییەكانیان كەوتوونەتە بەردەم هێرشی چەند بارەوە. وڵاتەكان ناچاربوون بەرهەمهێنانی نەوت و غاز كەم بكەنەوە. هاوكات ئەو بارە مەترسیدارە گەشتۆتە ڕێگە گرنگە ئاوییەكان. ئەوەش وایكردووە گۆڕانكاری زۆر گەورە بەسەر نرخی وزە لەجیهاندا بێت. بێگومان ئەوەش ئاستەنگی گەورەی دروستكردووە لەسەر ئۆقرەیی زنجیرەكانی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن لەئاستی جیهانیدا.ڕەفتارەكانی هەژموونگەرایی وەك بەكارهێنانی هێز بەشێوەیەكی نادادگەرانە، ناوچەكە ڕادەكێشێت بەرەو كەندەڵانی ململانێیەكی گشتگیر. سیستەمی نێودەوڵەتی و ڕێسا نێودەوڵەتییەكانیش، كە لەخۆیاندا لاواز و بێتوانان، دەخاتە بەردەم ڕەشەبا.

ئەم جەنگە نەدەبوو ڕوویدابا، هیچ سودێكی بۆ هیچ لایەنێكیش نیە. لەكۆتاییدا گەلانی ناوچەكە سەرجەمیان زەرەرمەندن. ئەگەرچی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندین جار هەموو لایەكی فێركردووە كە هێز چارەسەر نیە بۆ كێشەكان. ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازیش تەنها ڕق و توڕەیی نوێ دروست دەكات. كەچی هێشتا كەسانێك هەن بەشێوەیەكی كوێرانە باوەڕیان بەوە هەیە كە ” هەق لای هێزە”. واش دەزانن لەو ڕێگەیەوە دەتوانن ” سەركەوتنی هەمیشەیی” بەدەستبهێنن. ئەوەش تەنها بە پشت بەستن بە هێزی سەربازی. ئەوان لەو ڕاستییە تێناگەن كە هێزی مەچەك یەكسان نیە بە هێزی هەق. هێزی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای دادگەری دادەمەزرێت. چونكە تاكڕەوییكردن لەبابەتی ئاسایشی ڕەها و بەرتەسككردنەوەی بواری ئاسایشی وڵاتانی تر، بێگومان دەبێتە هۆی خوڵقاندنی ناهاوسەنگی و هەڵایسانی ململانێی لە ناوچەكەدا.

مەرگەساتەكانی جەنگ كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەند بارە دەبنەوە، وادەكەن لەخەڵكی بپرسن: ئەگەر جڵەو بەربدرێ بۆ وڵاتانی زلهێز تاكو بەشێوەی نادادپەروەرانە ڕەفتار بكەن و هێز بەكاربهێنن، تەنها بەپشت بەستن بەوەی هێزی سەربازییان هەیە هێرش بكەنە سەر وڵاتانی تر، ئیتر چۆن دەتوانرێت یاسای نێودەوڵەتی تۆكمە بكرێت؟ چۆن دەتوانین سەروەری وڵاتان بپارێزین؟ چۆن دەكرێت ئۆقرەیی گەلان پارێزراو بێت؟ یاخود ئایا شتێك بەناوی سیستەمی نێودەوڵەتی بەردەوامی دەبێت؟ ئایا سەردەمێك دەگەڕێتەوە كە تیایدا سەرلەنوێ یاسای جەنگەڵ حوكمی سەرزەوی بكات و، بەهێزەكان لاوازەكان ڕاو بكەن؟.

لەبەرانبەر قەیران و ئاڵۆزییەكاندا،   چین وەكو زلهێزێك  بەرپرسیارانە دەردەكەوێت. دەست بە هەڵوێستی بابەتییانە و دادگەرانەوە دەگرێت. كاردەكات بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و ڕێگریكردن لەجەنگ.

ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وەزیری دەرەوە “وانگ یی” لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەگەریدا، لەپەراوێزی هەردوو خولی ساڵانەدا، بەڕوونی هەڵوێستی چینی سەبارەت بەو دۆخەی لە ئێران هەیە ڕوونكردەوە. پەیوەندی چڕی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئیسرائیل و سەرجەم وڵاتانی كەنداو ئەنجامدا.

لەسەرجەم پەیوەندییەكاندا، هەڵوێستی چینی لە سێ خاڵدا خستە ڕوو، كەبریتین لە: دەستبەجێ ڕاگرتنی كردەوە سەربازییەكان، بەخێرایی گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستان،  هەوڵدانی هاوبەش بۆ ڕێگریكردن لە ڕەفتاری تاك لایەنە.

هاوكات پێداگری كرد لە پێنج پڕەنسیپە سەرەكییەكە، كە بریتین لە: ڕێزگرتنی سەروەری دەوڵەتان، خۆدوورگرتن لە بەكارهێنانی نادادپەروەرانەی هێز، پابەندبوون بە دەستوەرنەدان لەكاروباری ناوخۆیی وڵاتان، چارەسەركردنی كێشە داغەكان بەڕێگەی سیاسی و، وڵاتانی زلهێز ڕۆڵی بیناكەر ببینن. وەزیری دەرەوە هەروەها ئاماژەیدا بەوەی كە هەڵگیرساندنی جەنگ لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە، پێشێلكردنی ڕوون و ئاشكرای بنەماكانی بڕوانامەی نەتەوە یەكگرتووەكانە.

لەهەمان كاتدا، بەكارهێنانی هێز بەبێ هەڵبواردن، پاساوەكانی هەرچی بن، كارێكی قبوڵنەكراوە. هەر ڕەفتارێك بۆ بەئامانجگرتنی مەدەنییەكان و پێگەی مەدەنی، بەتەواوی سەركۆنەكراوە. پێویستە سەلامەتی ڕێگە ئاوییەكان بپارێزرێت. بەتایبەتی لەم چركەساتەدا، نێردەی تایبەتی حكومەتی چین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جوڵەی مەكۆكی دەكات لەناوچەی كەنداو، لەگەڵ هەموو وڵاتاندا ڕووبەڕوو گفتوگۆی قووڵ دەكات و ڕاو سەرنج دەگۆڕێتەوە، هەوڵی پۆزەتیڤ ئەدات بۆ ئەوەی شانبەشانی دادگەری و هێنانە كایەی ئاشتی و ڕاگرتنی جەنگدا ڕابوەستێت.

بەردەوام چین هەوڵی دروستكردنی ئاشتی دەدات لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پشتیوانی لە ئۆقرەیی ناوچەكە دەكات. بەشداری دەكات لە گەشەپێدانی ناوچەكەدا. ئەوەش بەراورد بەوەی هەندێ وڵاتی دیكە، دووكەڵی جەنگ و ململانێی جیۆسیاسی و هەژموونگەرایی دێننە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

چین داوای بەرجەستەكردنی دادپەروەری و ئینساف دەكات، داوا دەكات گفتوگۆ و هاریكاری بێتە پێشەوە، پشتیوانی لە گەشەپێدانی هاوبەش بكرێت لەناوچەكەدا. هەر لەبەر ئەوەشە هەموو وڵاتانی ناوچەكە ڕێز لە چین دەگرن.

لە ئێستادا، هێشتا جەنگ بەردەوامە، بەڵام چین دەستبەرداری هیوای ئاشتی نەبووە. بەردەوام لەگەڵ هەموو وڵاتاندا كار دەكات، بەهەمان دیدگاوە بەردەوامە، پابەندە بە پرنسیەكانی كاركردن بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی هاوبەشی مرۆڤایەتی و، پرنسیپی ئاسایشی هاوبەش وگشتگیر و هاریكاری بەردەوام. هەروەها كاركردن بۆ ئاگربەست لەنزیكترین كات و، هەوڵدان بۆ ڕوونەدانەوەی جەنگ،  ئەوەش یاسا دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسایش دەگێڕێتەوە بۆ گەلەكانی، ئاشتی بۆ جیهانیش دێنێتەوە.

Loading