
2026-03-08
چوارەمین خولی 14 یەمین کۆنگرەی نەتەوەیی گەلی چین کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ناوەندی ڕاگەیاندن سازكرد و، تیایدا “وانگ یی” ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی چین و وەزیری دەرەوە، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی چینی و بیانی سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی چین دایەوە.
وانگ یی: بەیانیتان باش ڕۆژنامەنووسان! جێگەی خۆشحاڵییە کە جارێکی تر لەگەڵتان کۆببمەوە. ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ژنانە. سەرەتا دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و هیوای باشە ئاراستەی هەموو خانمان بکەم. هەروەها دەمەوێت سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەم بۆ هاوڕێکانمان لە میدیاکان و بۆ خەڵکی هەموو چین و توێژەکان دەرببڕم، بۆ پشتیوانی بەردەوامتان بۆ دیپلۆماسی چینی.
ئەمڕۆ جیهان شایەتی گۆڕانکاری خێرا و بێ وێنەیە، کە هاوشێوەی ئەم گۆڕانانە لە سەدەیەکدا نەبینراوە، لەگەڵ یارییەکی ئاڵۆزی گۆڕانکاری و هەڵچوون و یەک لە دوای یەکبوونی بەردەوامی شەڕ و ململانێ.
لەم نێوەندەدا چین بەخێراییەکی زۆر سەرقاڵی بنیاتنانی نەتەوەیە و توانای گەنجبوونەوەی نەتەوەیی هەیە و، کاریگەرییەکی نێودەوڵەتی هەیە کە هەمیشە لە زیادبووندایە. لە ژێر سەرکردایەتی بەهێزی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین، کە هەڤاڵ شی جینپینگ لە سەنتەرەكەیدایە.
دیپلۆماسی چینی پێداگرە لەسەر ئەرکی ڕاستەقینەی حزب و میللەت، بە ڕێنمایی و ئاراستەی زانستی شی جینپینگ سەبارەت بە هزری دیپلۆماسی، كاردەكات. بەوپەڕی مكوڕییەوە بەرگری لە سەروەری و ئاسایش و بەرژەوەندییەکان و گەشەپێدانی وڵات دەکات؛ بە توندی پشتگیری لە سەروەری یاسا و دادپەروەری دەکات لە جیهاندا؛ بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە دژایەتی هەموو کردەوەیەكی تاکلایەنە و سیاسەتی هەژمونگەرایی و قسەی ناشرین دەکات؛ بە توندی پابەندە بە ئەرکە نێودەوڵەتییەكانی و جێبەجێیان دەکات؛ بەپێداگیرییەوە لە لای ڕاستی مێژوودا وەستاوە.
ئێمە متمانەمان بە ئایندەی مرۆڤایەتی هەیە، وەک گرنگترین هێز بۆ ئاشتی و سەقامگیری و دادپەروەری لە جیهاندا، هەروەها ئامادەین لەگەڵ هەموو وڵاتان بە هەمان دیدگا و خواستەوە کاربکەین، بۆ بەردەوامبوون لە نووسینی لاپەڕەیەکی سەردەمیانە کە تایبەتمەندە بە ئاشتی و گەشەپێدان و هاوکاری و سوودی هاوبەش بەرەو ئامانجە بەرزەکەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی.
بۆیە ئامادەم وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە.
CCTV: ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی زۆر تایبەتە بۆ دیپلۆماسیەتی چین. ئایا دەتوانن تیشک بخەنە سەر دەستکەوتەکانی دیپلۆماسی ئاستی لوتکە لە ساڵی ڕابردوودا؟ هەروەها گرینگترین ئامانجە نوێیەکان بۆ ئەمساڵ چین؟
وانگ یی: دیپلۆماسی لوتکەدا، وەك لەنگەری دیپلۆماسی چینییە. لە ساڵی ڕابردوودا، سەرۆک شی جینپینگ لە بەرامبەر دۆخێکی پشێوی نێودەوڵەتیدا سەرقاڵی دیپلۆماسییەکی سەرکەوتووی ئاستی لوتکە بووە و، زنجیرەیەک سات و دەرفەتی مێژوویی گرنگی دروستکردووە.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، سەرۆک شی جینپینگ کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی گەورە لە سەرانسەری جیهان ئەنجامدا و، پەیوەندی ستراتیژیی لەگەڵیان بەست، ئەمەش ئەزموونێکی نوێی گفتوگۆ و هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی گەورەدا دروستکرد؛ سەردانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ڕووسیا، ئاسیای ناوەڕاست و کۆماری کۆریای کردووە، دۆخێكی نوێی دراوسێیەتی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دامەزراندووە؛ سەرۆکایەتی لوتکەی تیانجینی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای و کۆڕبەندی چین-سێلاک (کۆمەڵگەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین و کاریبی)ی کرد، کە پاڵنەرێکی نوێی بۆ هاودەنگی جیهانی باشوور دروستکرد؛ و بەشداری لە زنجیرەیەک بۆنەدا کرد کە یادی ٨٠ ساڵەی سەرکەوتنی بەرخۆدانی گەلی چین لە دژی دەستدرێژی ژاپۆن و ، سەرکەوتن لە جەنگی جیهانی دژە فاشیستدا کرد، دەنگێکی نوێ و بەهێزی بۆ بەرگریکردن لە ئاشتی و دادپەروەری دروستکرد.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چینی باشتر ناسیوە و زیاتر لێی نزیک بووەتەوە و لە ڕێگەی دیپلۆماسی ئاستی لوتکەوە، متمانە و چاوەڕوانییەکی زیاتری پێکردووە. ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان دانیان بەوەدا ناوە کە دیپلۆماسیەتی چین کە بە شێوەیەکی شەخسی پلانی بۆ دانراوە و سەرۆک شی جینپینگ سەرۆکایەتی دەکات، بەنرخترین توخمەکانی سەقامگیری و دڵنیایی لە جیهانێکی پڕ لە گێژاودا دابین کردووە و، بووەتە پایەیەکی حەتمی لە نێوان هەڵچوونە جیهانییەکاندا. بە تایبەتی ئەو دەستپێشخەری و چەمکە بەرچاوانەی کە سەرۆک شی جینپینگ خستونیەتییە ڕوو، دووربینی ستراتیژی ناوازەی و دیدگای جیهانی فراوانی ئەو بەرجەستە دەکەن، ئەوەش ڕێڕەوی دروست بۆ ئەو گۆڕانکارییە بێ وێنانە دادەنێت کە جیهان لە ماوەی سەد ساڵدا شاهیدی بووە.
ئەمساڵیش “سەرۆک شی” پێشوازی لە میوانانی جیهان دەکات، هەروەها سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی نافەرمی سەرکردەکانی ئاپێک و دووەمین لوتکەی چین و وڵاتانی عەرەب و، بۆنە گەورەکانی دیکە دەکات کە چین میواندارییان دەکات و، چەندین سەردانی گرنگ ئەنجام دەدات. بێ گومان ئەمەش دەبێتە هۆی هاندانی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و جیهان بە ئاراستەیەکی ئەرێنیتر و ئاسۆی نوێ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی دەکاتەوە و ، نەتەوەی چینیش دەتوانێت بەشدارییەکی نوێ لە دۆزی ئاشتی و گەشەسەندنی جیهاندا بکات.
سپۆتنیک: لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی ئاڵۆزی نێودەوڵەتی، چین و ڕووسیا وەک دوو زلهێز، چۆن ڕووبەڕووی هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێساکانی بازرگانی جیهانی دەبنەوە؟
وانگ یی: ئەمساڵ 30 ساڵەی دامەزراندنی هاوبەشی ستراتیژیی هەماهەنگی نێوان چین و ڕووسیا تێدەپەڕێت، هەروەها 25 ساڵەی واژۆکردنی “پەیماننامەی دراوسێیەتی باش، دۆستایەتی و هاریکاری نێوان چین و ڕووسیا” تێدەپەڕێت. پەیوەندییەکانی چین و ڕووسیا “وەک شاخێک لە بەرانبەر زریانەکاندا وەستاوە” لە نێوان گۆڕانکارییە ئاڵۆزەکان و هەڵچوونەکانی دۆخی نێودەوڵەتیدا خۆیگرتووە.
بۆچی ئەو پەیوەندیانە گەیشتوونەتە ئەم ئاستە؟ من پێم وایە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە هاوبەشی ستراتیژیی هەماهەنگی نێوان چین و ڕووسیا لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێزگرتن و سوودی یەکتر دامەزراوە و ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی جۆرێکی نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها نوێنەرایەتی ڕەوتی گەشەسەندنی جۆرێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی زلهێز دەکا.
چین و ڕووسیا خاوەنی سەربەخۆیی ستراتیژین. ئێمە هەمیشە ڕێز لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی یەکتر دەگرین، ئیرادە یان ئەجێندای خۆمان بە زەبری هێز بەسەر ئەوانیتردا ناسەپێنین و، پابەندین بە دروستنەكردنی هاوپەیمانی دژ و بەئامانجگرتنی لایەنی سێیەم.
لەڕووی سیاسییەوە، چین و ڕووسیا پلەیەکی بەرزی متمانەی هاوبەشیان هەیە. پشتگیریكردن لە یەكتر تایبەتمەندییەکی بنەڕەتی پەیوەندییەکانی چین و ڕووسیایە، ئەو پەیوەندیەش خاوەنی خۆڕاگرییەکی ستراتیژی گەورەیە، سەرەڕای هەوڵدان بۆ چاندنی ناتەبایی یان فشاری دەرەکی.
چین و ڕووسیا خاوەنی هاوکارییەکی بەرفراوانی پراکتیکین. ئەوان سەبارەت بە پرسە گرنگە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان، توندوتۆڵترین هاوكارییان هەیە. لەوانەش وەك ئاماژەم پێدا، بەرگریكردن لە سیستەمی نێودەوڵەتی و ڕێساكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان.
بۆ خوێندنەوەی دەقی تەواوی ئەو گفتوگۆ گرنگە بەزمانی عەرەبی
![]()










