قووڵكردنەوەی هاریكاری و بەدواداچوونی كارەكانی ڕابردوو و بڕینی ڕێگە بەرەو ئایندە و، خێراتركردنی تەوژمی دروستكردنی كۆمەڵگەی هاوبەشی چینی عەرەبی بۆ ئایندەی هاوبەش
-وتاری سەرەكی سەرۆككۆماری میللی چین شی جینپینگ لە كۆبوونەوەی كردنەوەی خولی دەیەمی كۆبوونەوەی وەزاری كۆڕبەندی هاوكاری چینی عەرەبی.
ڕۆژی 30 مایۆ ساڵی 2024 پەكین
خاوەنشكۆ حەمد بن عیسا ئال خەلیفەی بەڕێز،
بەڕێز سەرۆك عەبدولفەتاح سیسی قەدرگران،
بەڕێز سەرۆك قەیس سعەیدی قەدرگران،
خاوەنشكۆ شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیانی بەڕێز،
بەڕێز ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، سەرۆكی شاندەكان، میوانان و هاوڕێیان،
جێگای خۆشحاڵیمە كە ئامادەی كۆبوونەوەی كردنەوەی خولی دەیەمی كۆبوونەوەی وەزاری كۆڕبەندی هاوكاری چینی عەرەبی دەبم، هەمیشە كاتێ هاوڕێ عەرەبەكان دەبینم، هەست بە گەرموگوڕی و سەربەرزی دەكەم. هاوڕێیەتی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی و پەیوەندییەكانی نێوان گەلی چین و گەلانی عەرەبی، نیگا لەو پەیوەندییە دۆستانەیە وەردەگرێت كە لەڕێگەی ئاوریشمی كۆندا هەبوو. هەروەها لە خەباتی هاوبەشمان بۆ سەربەخۆیی نیشتمان، هەروەها لەهاوكاری دامەزراو لەسەر دەستكەوتی هاوبەش بۆ لەپرۆسەی دروستكردن و بیناكردنی نیشتمانیماندا.
لەسەردەمی نوێدا، پەیوەندییەكانی چین و جیهانی عەرەبی، بەردەوام بەرەو ئاستی نوێ پێشدەكەون. لە مانگی دیسەمبەری ساڵی 2022دا، ئامادەی یەكەم كۆنگرەی لوتكەی چینی عەرەبی بووم لە ڕیازی سعودیە، لەوێدا لەگەڵ هاوڕێ عەرەبەكان ڕێككەوتین لەسەر ئەوەی بەهەموو توانا كار بكەین بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی هاوبەشی چینی عەرەبی لەسەردەمی نوێدا. بۆیە لێرەدا لایەنی چینی خۆشحاڵی خۆی تۆمار دەكات بەڕادەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی یەكەم كۆنگرەی لوتكەی چینی عەرەبی. هاوكات ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ كاركردن لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا بۆ كاراكردنی ڕۆڵی سەركردایەتیكردنی ستراتیژی لوتكەكە.تاكو بتوانێت بازدانی یەك لەدوای یەك لە پەیوەندییەكانی چینی عەرەبیدا مسۆگەر بكات. لێرەدا، پێم خۆشە ڕایبگەیەنم كە لایەنی چینی، میوانداری لوتكەی دووەمی چینی عەرەبی دەكات لە ساڵی 2026دا، متمانەی تەواویشم هەیە بەوەی كۆنگرەی لوتكەی داهاتوو، دەبێتە ئەدگارێكی تری پەیوەندییەكانی چین و وڵاتانی عەرەبی.
میوانان و هاوڕێیان،
لەبەر ڕۆشنایی ڕەوتی خێرای گۆڕانكارییەكان كە لەماوەی سەد ساڵدا جیهان بەخۆیەوە دیوە، هەردوو لایەنی چینی و عەرەبی دەكەونە ژێر بەرپرسیارێتی بەئەنجام گەیاندنی ئەركەكانی سەردەم، كە بریتین لە ڕێنیسانسی نەتەوەیی و خێراتركردنی ڕەوتی دروستكردنی نیشتمان. لەڕاستیدا دروستكردنی كۆمەڵگەی چینی عەرەبی بۆ ئایندەی هاوبەش، خەونە هاوبەشەكانمان بەرجەستە دەكات لە دەستپێكردنی سەردەمێكی نوێی پەیوەندییەكانی چین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا. هەروەها لەدروستكردنی ئایندەیەكی نوێ بۆ جیهانێكی جوان.
لایەنی چینی مكوڕە لەسەر هاریكاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا بۆ دروستكردنی پەیوەندی چینی عەرەبی وەكو نمونەیەك كە چاوی لێ بكرێت بۆ تۆكمەكردنی ئاشتی و ئۆقرەیی لەجیهاندا.
لەو جیهانە ئاڵۆزەی ئێمە تێیدا دەژین، ڕێزگرتنی هاوبەش تاكە ڕێگەیە بۆ بەدەستهێنان و هێنانە كایەی پێكەوە ژیانێكی گونجاو. یەكسانی و دادپەروەریش بنەمای ئاسایشی هەمیشەیین.ئێمە ئامادەین بۆ كاركردن لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە گەرمەكان، بەجۆرێك ئەو چارەسەرانە بەشداربن لە پاراستنی دادپەروەری و یەكسانی و مسۆگەركردنی ئاسایش و ئۆقرەیی بەردەوام، لەسەر بنەمای بڕوانامەی نەتەوەیەكگرتووەكان و، ڕێزگرتن لە بژاردەی سەربەخۆ و ئازادی گەلانی جیهان و، ڕێزگرتن لەو واقیعە بابەتیانەی كەلە مێژوودا دروستبووە.
لایەنی چینی مكوڕە لەسەر كاركردن لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا، لەخاڵی یەكسانی و سودی هاوبەشەوە، تا دەگاتە دروستكردنی پەیوەندییەكی چینی عەرەبی وا، كە وەك نمونە چاوی لێ بكرێت لە هاوكاریكردن لەدروستكردنی ” پشتوێنە و ڕێگا” بە كوالێتییەكی بەرز.
لەڕاستیدا كرۆكی ڕێگەی ئاوریشم كە نەوە دوای نەوە بەئێمە گەیشتووە، دەبێتە ڕێنمونیكاری هاوكاری چینی عەرەبی تاكو لەگەڵ سەردەمەكەدا بگونجێت و، ببێتە خێر و سود بۆ گەلانی هەردوولا. لەو جیهانەدا كە هەمووان تیایدا پشت بەیەكتر دەبەستین، ئێمە ئامادەین لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا كار بكەین لەسەر گونجاندنی ستراتیژەكانی گەشەپێدان و، بەردەوامیدان بەجێگیركردنی بەردی هاوسەنگكردنەوەی كەشتی سێكتەرەكانی نەوت و گاز و بازرگانی و ژێرخانەكان. هەروەها ئامادەین پەلە بكەین لەدانانی خاڵەكانی گەشەپێدانی نوێ، بەتایبەتی لەبوارەكانی زیرەكی دەستكرد و، وەبەرهێنان و پارەداركردن و وزەی نوێ، بەهیوای ئەوەی دەستبكەینە ڕێكردن لەسەر ڕێگەی داهێنان سەوزی ژینگە و گەشەپێدان بەشێوەیەكی هاوبەش.
لایەنی چینی مكوڕە لەسەر كاركردن لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا بە گیانی لێبوردەیی و سودی هاوبەش بۆ دروستكردنی پەیوەندیی چینی عەرەبی وەكو نمونەیەك چاوی لێ بكرێت لە پێكەوە ژیانێكی پێكەوە گونجاو لەنێوان شارستانیەتە جۆراوجۆرەكاندا. لەجیهانێكی فرەجۆردا، پتركردنی گفتوگۆ و لێبوردەیی، مانای كەمكردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوەو جیاوازییەكان دەگەیەنێت. ئاشتی و هەق و متمانە و لێبوردەیی لە كۆششە هاوبەشەكانی نێوان گەلی چین و گەلانی عەرەبن.
ئێمە ئامادەین كاربكەین لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا بەمەبەستی بانگەوازكردن بۆ پەیوەستەگی میللی وفەرهەنگی، قووڵكردنەوەی بەها هاوبەشە مرۆییەكان و، دانانی نمونەیەك لە ئاڵوگۆڕی خوێندن و فێڕكردن و سودوەرگرتن لەنێوان هەموو شارستانیەتە جیاجیاكاندا.
لایەنی چینی سورە لەسەر چڕكردنەوەی هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا، بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی چینی عەرەبی وا كە ببێتە نمونەیەك چاوی لێبكرێت لە دۆزینەوەی ڕێگە ڕاستەكەی حەوكەمەی جیهانیدا. سەرباری ئەوەی بەشدای هەموو مرۆڤایەتی لەئایندەیەكی هاوبەشدا بووەتە ڕووگەیەكی بێ پێچ و پەنا. بەڵام دەستەوسان بوون لە حەوكەمە و متمانە و ئاشتی و گەشەدا كێشەیەكە بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە. ئەوەش وادەكات بەردەوام هەموومان پابەندبین بە پڕنسیپی ڕاوێژو هاوكاری و سودگۆڕكێ و باشتركردنی حەوكەمەی جیهانییەوە.
ئێمە ئامادەین كار بكەین لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا بەمەبەستی بانگەشەكردن بۆ فرەجەمسەری جیهانی كە تیایدا یەكسانی و سیستەم و جیهانگیری ئابوری پڕ لە سودی هاوبەش بۆ هەمووان ڕەنگ بدەنەوە. هاوكات وێنەیەكی هاوكاری باشور – باشور لە نێو حەوكەمەی جیهانیدا پێشكەش بكەین.
میوانان و هاوڕێیان،
لە یەكەم كۆنگرەی لوتكەی چینی عەرەبیدا، بیرۆكەی هەشت كارە هاوبەشەكەم پێشكەشكرد. ئەوەش لەپێناوی پاڵپشتیكردنی هاوكاری كردەیی نێوان چین و عەرەب. لەماوەی یەك ساڵدا و بەهۆی كۆششی هاوبەشی هەردوولاوە، چین توانیویەتی لەگەڵ هەموو وڵاتانی عەرەبیدا بڕوانامەی هاوكاری سەبارەت بە دروستكردنی ” پشتوێنە و ڕێگا” واژۆ بكات.
هاوكات هاوكاری لەبواری توێژینەوە و پێشخستنی تەكنەلۆژی و گواستنەوەی تەكنیكدا پێشكەوتنی نوێی بەخۆوە دیوە. هاوكاری ئابووری و بازرگانی و وزەیی گەیشتۆتە ئاستی نوێ. جگەلەوەش پرۆژە نمونەییە پێشەنگەكان و پرۆژە بچوك و جوانەكانیش كە خزمەتی گوزەرانی خەڵك دەكەن بە هەنگاوی هاوسەنگ دەچنە پێشەوە. هاوكاری لەبواری ئاسایشی خۆراك و داهێنانی سەوز و تەندروستیدا بەشێوازێكی قووڵتر و كاراتر پێشكەوتووە. ستەیجەكانی هاوكاری و پەیوەستەگی فەرهەنگی و میللیش بەكوالێتییەكی بەرزرتر پێشكەوتوون.
هەشت كارە هاوبەشەكە، بەرهەمی پێشوەختەی گرنگیان بەدەستەوە داوە. لەقۆناغی ئایندەدا، لایەنی چینی مكوڕ دەبێت لەسەر هاوكاریكردن لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا بۆ دامەزراندنی ” پێنج هاوكێشەكەی هاوكاری” لەسەر ئەم بنەمایەش، چاوی لەوەیە تەوژمی دامەزراندنی كۆمەڵگەی چینی عەرەبی بۆ ئایندەی هاوبەش خێراتر بكرێت.
یەكەم: هاوكێشەیەكی زیندووتر بۆ هاوكاری پاڵپشت بە داهێنان.. لایەنی چینی هاوكار دەبێت لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا بۆ دروستكردنی 10 تاقیگەی هاوبەش لە بوارەكانی ژیان و تەندروستی، زیرەكی دەستكرد، گەشەی سەوز و كەمكردنەوەی كاربۆن، كشتوكاڵی نوێ، زانیاری گەردوونناسی، لایەنی چینی دەیەوێت هاوكاری لایەنی عەرەبی بكات لە بواری زیرەكی دەستكرددا، تاكو هەردوو لا كار بكەن بۆ پشتیوانیكردنی ڕۆڵی زیرەكی دەستكرد لەناو ئابووری ڕاستەقینەدا.
هەردوولا هاندەربن بۆ دروستكردنی سیستەمێكی حەوكەمەی جیهانی بۆ زیرەكی دەستكرد كەلەسەر بنەمای ڕێككەوتنی زۆر بەرفراوان دێتە دی. لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی چینی پێداگرە لەسەر كاركردن لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا بۆ دروستكردنی سەنتەرێكی هاوبەش بۆ چاودێریكردنی تەنە ئاسمانییەكان و، سەنتەرێك بۆ هاوكاری وپێشخستنی پرۆگرامەكانی سیستەمی بیدۆ، هەروەها بۆ پشتیوانیكردنی هاوكاری لە بوارەكانی گەردوونناسی ئاوەدان(ئەو گەشتە ئاسمانیانەی كە مرۆڤیان تێدا دەنێردرێتە فەزا) و فڕۆكەی مەدەنیدا.
دووەم، هاوكێشەیەكی گەورەتر بۆهاوكاری وەبەرهێنان و دارایی، لایەنی چینی پێداگرە لەسەر دامەزراندنی كۆڕبەندی هاوكاریكردنی وەبەرهێنان و دارایی لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا. دەیەوێت هاندەربێت بۆ زیاتركردنی ژمارەی ئەندامێتی لە پەیوەندی بانكە چینی و عەرەبییەكاندا. هاوكات دەیەوێت كاری خێراتر بكرێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی هاوكاری لەچوارچێوەی ” قەرزی تایبەت بۆ پێشخستنی پرۆسەی پیشەسازی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا” هاوكات قەرزی تایبەت بۆ هاوكاری دارایی لەنێوان چین و وڵاتانی عەرەبیدا.
لایەنی چینی یارمەتیدەر دەبێت بۆ هاوكاری نێوان دامەزراوە داراییەكانی هەردوولا، پێشوازی دەكات لەو وڵاتە عەرەبییانەی كە قەواڵەی “پاندا” لە چین دەردەكەن. هاوكات پێشوازی دەكات لە دامەزراوە بانكییەكانی وڵاتانی عەرەبی بۆ پەیوەستبوون بە سیستەمی پارەدان لەنێوان بانكەكانی دەرەوەی سنور(CIPS)، جگەلەوەش پێداگری دەكات لە قووڵكردنەوەی پەیوەندی و هاوكاری لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا لەبواری دراوی دیجیتاڵی و بانكە ناوەندییەكاندا.
سێیەم، هاوكێشەیەكی كامڵتر بۆ هاوكاری لەبواری وزەدا، لایەنی چینی بەردەوام دەبێت لە هاوكاری ستراتیژی لەگەڵ لایەنی عەرەبی لەبواری نەوت و گازدا. تاكو ئاسایشی بەرهەمهێنان پەیوەست بكرێت بە ئاسایشی بازاڕەوە. لایەنی چینی پێداگرە لەسەر هاوكاریكردن لەگەڵ لایەنی عەرەبیدل لەبواری توێژینەوەو پێشخستنی تەكنیكەكانی وزەی نوێدا، هەروەها لەبواری دەستەبەركردنی مەكینە و ئامرازی پێویست بەبوارەكە. لایەنی چینی پشتیوانی كۆمپانیاكانی وزە و دامەزراوە داراییەكانی چین دەكات بۆ بەشداریكردن لە پرۆژەكانی وڵاتانی عەرەبی لەبواری وزەی نوێدا كە كۆی تواناكانی دەگاتە 3000 میگاوات.
چوارەم، هاوكێشەیەكی هاوسەنگتر بۆ هاوكاری ئابووری و بازرگانی بەسود بۆ هەردوولا.
لایەنی چینی بەردەوام كاری چالاكانە دەكات بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی هاوكاری گەشەپێدان بەبەهای 3 ملیار یوان بە دراوی ڕەنمینبی، هەروەها سورە لەسەر خێراتركردنی گوڕی دانوستانەكان لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا سەبارەت بە بازرگانی ئازادی دوولایەنە و هەرێمایەتی، پشتیوانیكردنی میكانیزمی گفتوگۆ لەپێناوی هاوكاری لەبازرگانی ئەلیكترۆنیدا.
لایەنی چینی پێشوازی دەكات لە بەشداریكردنی چالاكانەی لایەنی عەرەبی لە پێشەنگای نێودەوڵەتی چین بۆ هاوردەكردن. پێداگریشە لەسەر زیادكردنی هاوردەكردنی بابەتی ناوزەیی بەتایبەتی بابەتی كشتوكاڵی و خواردەمەنی لەوڵاتانی عەرەبیەوە.
پێنجەم، هاوكێشەیەكی فراوانتر بۆ پەیوەستەگی فەرهەنگی و میللی. لایەنی چینی مكوڕە لەسەر دامەزراندنی ” سەنتەری چینی عەرەبی بۆ دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی” و زیاتركردنی قەبارە و كاریگەریی “سەنتەری توێژینەوەی چینی عەرەبی بۆ ڕێفۆرم و گەشەپێدان” ئەوە شانبەشانی خێراتركردنی پرۆسەی دامەزراندنی چەند ستەیجێكی وەكو: پەیوەندی چینی عەرەبی بۆ دامەزراوە فیكرییەكان” و ” كۆڕبەندی گەشەپێدانی گەنجانی چینی و عەرەبی” و ” پەیوەندی زانكۆكانی چین و وڵاتانی عەرەبی” و “سەنتەری لێكۆڵینەوەی چینی عەرەبی بۆ هاوكاری كەلتوری و گەشتوگوزار”.
لایەنی چینی ساڵانە بانگهێشتی 200 بەرپرسی حیزبی دەكات لەوڵاتانی عەرەبییەوە سەردانی چین بكەن.هاوكات ئەوپەڕی هەوڵیش دەدات لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا، تاكو لە پێنج ساڵی داهاتوودا ژمارەی گەشتیارانی چینی بۆ وڵاتانی عەرەبی بگاتە 10 ملیۆن گەشتیار.
میوانان و هاوڕێیان،
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاكێكی بەپیتە بۆ گەشەپێدان، بەڵام ئاگری جەنگ تا ئێستاش تیایدا دەگڕێت. لەمانگی ئۆكتۆبەری ڕابردووەوە كێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل هەڵچونێكی مەترسیدار بەخۆوە دەبینێت. ئەوەش بووەتە هۆی كارەساتی زۆر توند بۆ گەل. نابێت جەنگ بەردەوام بێت تاكو كاتێكی دیارینەكراو، نابێت تاهەتایە دادپەروەری لەگۆڕێدا نەبێت، ناگونجێت چارەسەری دوودەوڵەت بە توندوتیژی دووچاری شڵەژان بكرێت.
لایەنی چینی بەشێوەیەكی سەقامگیر پشتیوانی دەكات لەدامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین، دەوڵەتێك سەروەری تەواوی هەبێت لەسەر هەموو سنوری ساڵی 1967 و پایتەختەكەیشی قودسی ڕۆژئاوا بێت. چین پشتیوانی دەكات لە ئەندامێتی تەواوی فەلەستین لە نەتەوە یەكگرتووەكان. پاڵپشتی دەكات لە گرێدانی كۆنگرەیەكی ئاشتی نێودەوڵەتی، بەبەشدارییەكی فراوانتر و متمانەیەكی زیاتر و كاراییەكی گەورەترەوە.
لایەنی چینی هاوكاری و كۆمەكی زیاتر بەبڕی 500 ملیۆن یوان بە دراوی ڕەنمینبی پێشكەش دەكات، سەرباری ئەو هاوكارییە خێرایانەی كە پێشتر بە بڕی 100 ملیۆن یوان بە دراوی ڕەنمینبی ڕاگەیەنرابوون. ئەوەش بەئامانجی سوككردنی قەیرانی مرۆیی و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە. لەهەمان كاتدا چین 3 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی پێشكەشی ئاژانسی ئۆنروای سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات، تاكو یارمەتی ئەو ئاژانسە بدات بۆ پێشكەشكردنی هاریكاری بەپەلەی مرۆیی بە كەرتی غەززە.
عەرەب دەڵێن: هاوڕێكان وەك هەڵهاتنی خۆرن لەم ژیانەدا، لەگەڵ هاوڕێ عەرەبەكاندا كار دەكەین بۆ تۆخكردنەوەی گیانی هاوڕێیەتی چینی عەرەبی و، دروستكردنی ئایندەی هاوبەش بەكاری پێكەوەیی، بەجۆرێك وا بكات ڕێگەی گەیشتن بە كۆمەڵگەی چینی عەرەبی بۆ ئایندەی هاوبەش، پڕبێت لە تیشكی خۆر!.
سوپاس