كۆڕبەندی چینی عەرەبی، دروستكردنی هاوبەشایەتی بۆ ئایندەیەكی پرشنگدار

ڕۆژی 30 مایۆ”ئایار” لەشاری پەكین خولی دەیەمی كۆبوونەوەی وەزاری كۆڕبەندی چینی عەرەبی دەبەسترێت. ئەو بەروارە هاوكاتە لەگەڵ بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆڕبەندەكەدا. لەگەڵ ئەوەدا كەئەم خولە، یەكەم خولی كۆبوونەوەی وەزیرانە لەدوای ئەنجامدانی  یەكەم كۆنگرەی لوتكەی چینی عەرەبی كەبەسەركەوتوویی بەڕێوەچوو. بۆیە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ پراكتیزەكردنی بڕیارەكانی لوتكەی چینی عەرەبی، تاكو پەلە بكرێت لەدروستكردنی كۆمەڵگەی چینی عەرەبی، بۆ ئایندەی هاوبەش و پێكەوە هەنگاونان بەرەو سەردەمی نوێ.

یەكەم كۆنگرەی لوتكەی چینی عەرەبی لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2022 لە سعودیە ئەنجام درا. خودی سەرۆك شی جینپینگ بەشداری لەو كۆنگرەیەدا كرد. لە كۆنگرەكەدا وتاری سەرەكی خوێندەوە، لە وتارەكەیدا  بەپوختی گیانی هاوڕێیەتی چینی عەرەبی  خستە ڕوو بەوەی بریتییە لە” هاریكاری و هەماهەنگی و یەكسانی و سودگۆڕكێ و سودوەرگرتنی دوولایەنە” هاوكات لەوتارەكەیدا ئەو ڕێگە و پڕنسیپانەی دەستنیشانكرد كە پێویستە بگیرێنە بەر بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی هاوبەشی چینی عەرەبی. جگەلەوەش هەشت كارە هاوبەشەكەی ڕاگەیاند، واتە ئەو كارانەی كە پێویستە ئەنجام بدرێن بۆ ئەوەی هاریكاری كردەیی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی بێتە كایەوە.

ئەم بابەتە لەلایەن وڵاتانی عەرەبیەوە پێشوازییەكی گەرمی لێكرا. دروستكردن و ئامادەكردنی هەردوو كۆمەڵگەی چینی و عەرەبی بۆ ئایندەیەكی هاوبەش، لەماوەی یەك ساڵدا قۆناغی باشی بڕیوەو بەهەنگاوی سەقامگیر چووەتە پێشەوە. لەژێر ئەو تایتڵەدا لێك تێگەیشتنی هاوبەشی چینی عەرەبی لەهەموو ئاستەكاندا هاتۆتە پێشەوە،  لەهەموو ئاستەكانی سیاسی و گەشەپێدان و ئاسایش و شارستانیەتیش، ئەمەش وادەكات پەیوەندییەكانی چینی عەرەبی هەنگاوی فراوانتر بنێن و زیاتر بچنە پێشەوە.

چین و وڵاتانی عەرەبی، بەردەوامن لە دورستكردنی هاریكاری ستراتیژی تاكو بگەنە ئاستێكی بەرزتر لە متمانەی هاوبەشی ستراتیژی. لەم میانەیەدا سەرۆك شی جین پینگ، پێشوازیكرد لە سەركردەكانی فەلەستین و جەزائیر و سوریا و مۆریتانیا و وڵاتانی عەرەبی تریش. ئەوەش وادەكات پەیوەندییەكانی بگەنە ئاستێكی باڵاتر.

لەم سۆنگەیەوە دروستكردنی پەیوەندی هاوبەشایەتی ستراتیژی  لەنێوان چین و 14 وڵاتی عەرەبی و كۆمكاری عەرەبیدا گەشەی كردووە، ئەوەش لەدوای ئەوەی پەیوەندی هاوبەشایەتی ستراتیژی لەنێوان چین و هەریەك لە فەلەستین و سوریا دامەزرێنرا. بەوەش جیهانی عەرەبی بوو بەو ناوچەیەی كە خاوەنی زۆرترین هاوبەشایەتی ستراتیژییە لەگەڵ چیندا.

وڵاتانی عەرەبی بەشێوەیەكی نەگۆڕ، پشتیوانی دەكەن لەو هەوڵانەی كە چین خستونیەتە گەڕ بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییە جەوهەرییەكان و خەمە گەورەكانی. ئەوان پابەندن بە پڕنسیپی یەكپارچەیی چین و پێڕەوی لێدەكەن. لەبەرانبەریشدا چین پشتیوانی دەكات لە هەوڵەكانی وڵاتانی عەرەبی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ستراتیژی، پاراستنی سەروەری وڵاتەكانیان و كەرامەت و شكۆی نەتەوەكە، هاوكات پشتیوانی دەكات لە چارەسەركردنی كێشەكانیان لەڕێگەی دانوستانەوە، پشتیوانی دەكات لە ڕۆشتنی وڵاتانی عەرەبی بەرەو بەهێزكردنی خود، لەڕێی هاریكاری و بەرجەستەكردنی ئاسایشی كۆی وڵاتەكانیانەوە.

بەهۆی تەقینەوەی كێشەی فەلەستین و ئیسرائیلەوە كە لەمانگی ئۆكتۆبەری ڕابردوودا ڕوویدا، ژمارەیەكی زۆر خەڵكی سڤیل كوژراون و برینداربوون. قەیرانێكی مرۆیی ترسناك سەریهەڵداوە. هیچ وڵات و گەلێكی ئاشتیخواز، ناتوانێت گوێ بەو دیمەنانە نەدات. لەبەرانبەر ئەو دۆخە مەترسیدارەدا، چین بەردەوام پشتیوانی هەق و دادپەروەری كردووە، لە لا ڕاستەكەی مێژوودا وەستاوە. هەمیشە هانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە، تاكو ئاگربەست بێتە كایەوە، كوشتار ڕابگیرێت ، پارێزگاری لە خەڵكە سڤیلەكە بكرێت، فریاگوزاری مرۆیی فراوانتر بكرێت ، چارەسەرێكی گشتگیر و دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ كێشەی فەلەستین بدۆزرێتەوە، ڕۆژێك زووتر چارەسەری دوودەوڵەت بهێنرێتە گۆڕێ. لەم ڕووانەوە چین و وڵاتانی عەرەبی هاوكاری یەكتر دەكەن و، ئەوەش بووتە هۆی متمانەی زیاتر لە خەباتی هاوبەش بۆ بەرگری كردن لە دادپەوەری نێودەوڵەتی.

چین وڵاتانی عەرەبی، هاریكاری كردەیی هاوبەش پەرەپێدەدەن ، ئەوەش بەمەبەستی سودی هاوبەش و دەستكەوتی هاوبەش بەكوالێتییەكی بەرزتر. چین لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و لەگەڵ كۆمكاری عەرەبیشدا بڕوانامەی هاریكاری واژۆكردوە  بۆ دروستكردنی ” پشتوێنە وڕێگا”.  پێكەوە لەچوارچێوەی پشتوێنە و ڕێگادا، زیاتر لە 200 پرۆژەی هاوبەشیان ئەنجامداوە. زیاتر لە دوو ملیار كەس لەهەردوولا لەو پرۆژانە سودمەند دەبن.

چین بۆ ماوەی چەندین ساڵی یەك لەدوای یەك، بە گەورەترین هاوبەشی بارزگانی وڵاتانی عەرەبی ماوەتەوە. لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئاستی ئاڵوگۆڕی بارزگانی نێوان هەردوولا گەشتە ئاستێكی نوێ، لەئێستادا 400 ملیار دۆلاری ئەمریكییە، كە نزیكەی 10 بەرانبەری ئاستی بارزگانی هاوبەشە لە 20 لەمەوبەردا.

لەسێكتەرەكانی دیكەی وزەو دارایی و ژێرخانەكانیشدا، هاریكاری چین و وڵاتانی عەرەبی پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێناوە. تەنها لە ساڵی 2023دا، چین 265 ملیۆن تەن نەوتی خاوی لەوڵاتانی عەرەبییەوە هاوردەكردووە، ئەوەش دەكاتە 47%ی  كۆی ئەو پترۆلەی كە چین لەدەرەوە هاوردەی كردووە. جگەلەوەش هاریكاری نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی لەبوارەكانی كارۆڕوناكی و وزەی با و وزەی ئەتۆمی بۆ بواری ئاشتی وزەی هایدرۆژینیدا گەشەی كردووە و پێشكەوتنی بەخۆوە دیوە.

دراوی چینی بەشێوەیەكی خێرا بەنێو وڵاتانی عەرەبیدا بڵاودەبێتەوە، چین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا ڕێككەوتنی ئاڵوگۆڕی دراوی واژۆكردووە، بەتایبەتی لەگەڵ ئیمارات  و سعودیە و میسردا. بەم دواییانە میسر توانی لەچین  قەواڵەی پاندا  دەر بكات.

لە سێكتەری ژێرخانەكاندا، چین زنجیرەیەك پرۆژەی نوێی لەناو وڵاتانی عەرەبیدا هەیە، لەوانە ئەپارتمانە بەناوبانگەكەی  پایتەختی ئیداری نوێی میسر، ئەو باڵەخانەیەی میسرییەكان بە ” ئەهرامی نوێ” ناوی دەبەن و، بەرزترین باڵەخانە دەبێت لەكیشوەری ئەفریقادا. ڕێگەی ئۆتۆبانی گەورەی جەزائیر كە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵاتەكە پێكەوە دەبەستێتەوەو درێژییەكەی 1200 كلیۆمەترە. ستادیۆمی لۆسیل لەقەتەر كە یارییەكانی جامی جیهانی تێدا بەڕێوەبرا. پردی محەمەدی شەشەم لە مەغریب، كە دەبێتە گەورەترین پردی هەڵواسراو لە ئەفریقادا.

هاریكاری چین و وڵاتانی عەرەبی لەبوارەكانی تری وەك زانیارییەكان و فڕۆكەوانی و گەردوونناسی و داتا زەبەلاحەكان و، زیرەكی دەستكرد و بوارە نوێ و پێشكەوتووەكانی تریش.ئەمە وێڕای وەگەڕخستنی چەندین سەنتەری گواستنەوەی تەكنەلۆژیا و سیستەمی بیدۆی تایبەت بە كارپێكردنی مانگە دەستكردەكان. توێژینەوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە قەڵاچۆكردنی بێبارانی و بەبیابان بوون و تێكچوونی خاك. هەموو ئەوانە تۆڕێك دروست دەكەن بۆ گواستنەوەی تەكنەلۆژیا و هاریكاری بۆ پێكەوە بەستنەوەی دامەزراوەكانی توێژینەوەی زانستی كۆمپانیا داهێنەرەكانی چین و وڵاتانی عەرەبی.

چین و وڵاتانی عەرەبی بەردەوامن لەفراوانكردنی پەیوەندییە شارستانییەكان. ئەوەش وایكردووە لێكتێگەیشتنی قووڵتر لەنێوان گەلاندا بێتە كایەوە. چین و وڵاتانی عەرەبی پەیوەندی بەردەوامیان هەیە سەبارەت بە حەوكەمە و بەڕێوەبردن. لایەنی چینی توانیویەتی 4 خولی كۆڕبەندی چینی عەرەبی بۆ ڕیفۆرم و گەشەپێدان بكاتەوەو، تیایدا 20 خولی وانەگوتنەوە  لەلایەن سەنتەری لێكۆڵینەوەی چینی عەرەبی بۆ ڕێفۆرم و گەشەپێدان سازكراوە، كە نزیكەی 500 كەس لەئەكادیمی و بەرپرسە حكومییەكان و میدیاكارانی وڵاتانی عەرەبی ڕاهێنانیان پێكراوە.

دەبینین سودگۆڕكێ لەنێوان هەردوو شارستانیەتی چینی و عەرەبیدا، بووەتە پێشەنگ لەڕیزی وڵاتانی جیهاندا.چونكە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، یەكەم ڕێكخراوی ناوچەیی بوو كە ئامادەبوو لەگەڵ چیندا بڕوانامەی پراكتیزەكردنی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی واژۆ بكات. ئەوەش لە خولی یەكەمی كۆڕبەندی یانگ چۆ، كەلە مانگی دیسەمبەری 2023دا بەڕێوەچوو.

هەمان شێوە، یەكەم ڕێكخراوی ناوچەیی بوو كە لەگەڵ چیندا بڕوانامەی هاریكاری ئیمزاكرد سەبارەت بە دامەزراندنی هاوبەستەگی دامەزراوە فیكرییەكان لە مانگی كانونی دووەمی 2024دا. لەم میانەیەشدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون، لەوانە: خولی یەكەمی كۆڕبەندی گەشەپێدانی لاوانی چینی و عەرەبی و، خولی دەیەمی كۆڕبەندی پەیوەندییەكانی چینی و عەرەبی و دیالۆگی شارستانیەتی چینی و عەرەبی. هاوكات خولی پێنجەمی كەرنەڤاڵی هونەری عەرەبی بەڕێوەچوو، ئەوەش وایكرد ئاڵوگۆڕ لەسەرجەم بوارەكاندا بێتە كایەوە. لەم میانەیەدا 50 كتێب لەچینی و عەرەبی وەرگێڕانیان بۆ كراوە ئەوەش لەچوارچێوەی ” ئاڵوگۆڕی وەرگێڕان و بڵاوكردنەوەی كتێبی چینی و عەرەبی”دا.

هاوكات چەند بەرنامەیەكی چینی وەكو “كۆچ بەرەو بەختەوەری” و ” مەدالیای كۆماری” و ” دەمامك و كانزا”كان ڕەواجێكی زۆریان لەناو جەماوەری عەرەبدا هەیە. ئەو بەرنامانە ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنین. بەگشتی 500 ملیۆن جار كلیك لەو بەرنامانە كراوە. هاوكات لەوڵاتە عەرەبییەكاندا، ڕووكردنە فێربوونی زمانی چینی، ڕەواجێكی زۆری پەیداكردووە. لەم میانەیەدا چین بەهاوكاری 13 وڵاتی عەرەبی  21 لقی پەیمانگای كۆنفۆشیۆسی كردۆتەوە. لەوڵاتانی: سعودیە، ئیمارات، فەلەستین، میسر، تونس و جیبۆتیدا، بەفەرمی فێربوونی زمانی چینی خراوەتە نێو پرۆگرامی خوێندن.

سەردان و هامشۆی نێوان خەڵك زیاتربووە، وەك لەپێش پەتای كۆرۆنا، خەڵكی چین و وڵاتانی عەرەبی زیاتر سەردانی یەكتر دەكەن، گەشتی نوێی ئاسانی لەنێوان پەكین و ڕیاز كراوەتەوە، هاوكات لەنێوان شیامین و دەوحەشدا گەشتی نوێ كراوەتەوە. ئەوەش هاوڕێیەتی چین و عەرەب زیاتر پێشدەخات.

ئەم بەرهەمە پێشوەختەی كۆمەڵگەی هاوبەشی چینی عەرەبی، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پێشخستنی پەیوەندییەكانی چین و وڵاتانی عەرەبی، بەتەواوی دەگونجێت لەگەڵ ئارەزووی گەلاندا. دەگونجێت لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی هەردوولادا، ئایندەیەكی ڕوون و گەشاوەیشی دەبێت.

لەخولی دەیەمینی كۆبوونەوەی وەزاری كۆڕبەندی هاوكاری چینی – عەرەبی، كە بەمزوانە دەبەسترێت، چین هەوڵدەدات كارلەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بكات بەمەستی خێراتر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی لوتكەی یەكەمی چینی عەرەبی، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدات پەیوەندییەكان بەرەو ئاسۆیەكی فراوانتر بەرێت.پەرچەمی دامەزراندنی كۆمەڵگەیەكی چینی و عەرەبی بۆ ئایندەیەكی هاوبەش بەرز ڕادەگرێت.

چین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بەردەوام دەبێت لەڕێكردن لەسەر ڕێگەی متمانەی ستراتیژی هاوبەش.تاكو بنەما سیاسییەكان بنجداكوتاو بكرێن، سیاسەتێكی وا كە وەرچەرخانی نەتەوە بكاتە خەونی دوولایەنەی هاوبەش بۆ هەردوولا. سەربەخۆگەرێتی و بەهێزكردنی خود ببێتە جێگەی هەوڵ و تەقالای هاوبەش. لەو قۆناغەدا چین هەوڵدەدات پەیوەندی هاوبەشایەتی ستراتیژی لەگەڵ ژمارەیەكی زیاتری وڵاتانی عەرەبیدا دابنێت، هاوكات چین كاردەكات لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بۆ هاوكاریكردنیان لەپاراستنی بەژەوەندییە جەوهەرییەكانیاندا. تاكو هەردوولا وەك برا هاوكاری یەكتری بكەن.

چین بەردەوام دەبێت لەهاوكاری وڵاتانی عەرەبی لە كاروبارە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكاندا، هەڵوێستەكانی خۆی بەگوێرەی سروشتی دۆسییەكان دیاری دەكات.هەوڵدەدات چارەسەری گونجاو بۆ كێشە گەرمەكانی بدۆزێتەوە بە ڕەچاوكردنی داخوازییە شەرعییەكانی هەموو لایەنەكان. تاكو ئۆقرەیی و ئاسایش باڵبكێشێت بەسەر ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا و، دادپەروەری و ئینساف بگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. حەوكەمەی جیهانی بەرەو ئاقارێك ببرێت كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بكات.

چین بەردەوام دەبێت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا، بەرەو گەشەكردن وكرانەوە، ئەمەش بەمەبەستی زیادكردنی جوڵەی دینامیكی گەشەكردنێكی بەهێزتر، بەجۆرێك بگونجێت لەگەڵ كرانەوەی چین بەرەو ڕۆژئاوا و كرانەوەی وڵاتانی عەرەبیش بەرەو ڕۆژهەڵات.  ئەم تەوژمەش ڕەوتێكی بەهێزی هاوكاری هێناوەتە كایەوە لەپێناوی سودی و دەستكەوتی هاوبەشدا.

چین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بەردەوام دەبێت بۆ دروستكردنی “پشتوێنە و ڕێگا” بە كوالێتییەكی بەرز، ئەوەش جوڵەیەكی سەردەمیانە دەبەخشێت بە ڕێگەی ئاوریشمی دێرین.

چین بەردەوام دەبێت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بۆ هاوكاری زیاتر لەبوار وزەدا. وزە دەبێتە دۆسیەی سەرەكی نێوانمان.  پەیوەندی هاوبەشی خستنە ڕووی وزەو داخوازی لەسەری توندوتۆڵتر دەكەن. لەم میانەیەشدا چین پێشوازی دەكات لەوەی وڵاتانی عەرەبی وەبەرهێنانی زیاتر لەنێو گەشەی چیندا بكەن. لەهەمان كاتیشدا، چین هاوكاری لایەنی عەرەبی دەكات بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی نمونەیی گەورە و، پرۆژەی بچوك و جوان و سەركەتوو. هاوكات هاوكاری وڵاتانی عەرەب دەبێت لەدروستكردنی جەمسەرێكی پیشەسازی پێشكەوتووی نوێ، كە تیایدا ژمارەیەكی زیاتر پێكهاتەی زانستی و تەكنەلۆژی لەخۆ بگرێت.

چین بەردەوام ڕێدەكات لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا لەسەر ڕێگەی سود و كەڵكی هاوبەش، ئاڵوگۆڕی شارستانی فرەچەشن. لەڕاستیدا هەردوو شارستانیەتی عەرەبی و چینی، شاخ و دەریاكانیان بڕیوەو، هەزاران ساڵە پێكگەیشتوون. هەردوو شارستانیەتەكە بەسەرهات و چیرۆكی زۆر بەربڵاویان تۆماركردووە كە چۆن سودیان بەیەكتر گەیاندووە زیاد لەهەموو شارستانیەتەكانی تر.

چین بەردوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگای نوێی گەشەپێدان و نوێبوونەوەو، زیاتركردنی پەیوەستەگی فەرهەنگی و میللی لەهەموو بوارەكانی: ڕۆشنبیری و فێركردن و گەشتوگوزار و هونەر و لاوان. قووڵتركردنەوەی بەها مرۆییە هاوبەشەكان، كەزیاتر خۆیان دەبیننەوە لە: ئاشتی و گەشەپێدان، یەكسانی و دادپەروەری و دیموكراسیەت و ئازادیدا. هاوكات تیۆری ململانێی شارستانیەتەكان ڕەت دەكەنەوە. بایكۆتی مەسەلەی ئیسلامفۆبیا دەكەن و، هەوڵدەدەن باخچەی شارستانیەتەكان لەجیهاندا فرەچەشن بكەن و، سەركردایەتی شارستانیەتەكانی مرۆڤ بكەن بەرەو ڕێزی هاوبەش و، پێكەوە ژیان و پێكەوە گونجان.

چین بەردەوام دەبێت لەكاركردن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا لەسەر ڕێگەی هاریكاری جەماعی،  تاكو ستەیجێكی كامڵتر بنیات بنرێت. ئەو 20 ساڵەی ڕابورد بەسەر دامەزراندنی كۆڕبەندی هاوكاری چینی- عەرەبیدا، بوویە هاندەری زیاتری پێشكەوتن و گەشەی زیندوو. لەو ماوەیەدا 19 میكانیزمی گرنگ دیاریكران و لەچوار چێوەی كۆڕبەندەكەدا، لەوانە كۆبوونەوەی وەزاری و دیالۆگی ستراتیژی و كۆڕبەندی ڕیفۆرم گەشە و، كۆنگرەی هاوكاری لەبواری وزە، لەو میانەیەدا 85 بڕوانامەی گرنگ دەركراون، ئەوەش بووەتە نمونەیەك بۆ هاوكاری جەماعی لەنێوان وڵاتانی تازە پێشكەوتوو” لەباشەوە بۆ باشتر”.

بەو پێیەی دامەزراندنی كۆمەڵگەی چینی عەرەبی، درگای سەردەمێكی نوێی لەپەیوەندییەكانی چین و وڵاتانی عەرەبی كردۆتەوە، بێگومان  لاپەڕەیەكی نوێش دەكاتەوە لە دروستكردنی كۆڕبەندی هاوكاری چینی عەرەبیدا. لایەنی چینی بەردەوام كار دەكات لەگەڵ لایەنی عەرەبیدا بۆ 20 ساڵی تری گەشتر. لەو قۆناغەشدا هاوكاری هاوبەشی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی، ئامانجێكی باڵای دەبێت كە بریتی دەبێت لە دروستكردنی كۆمەڵگەی چینی و عەرەبی، بەرەو ئایندەیەكی هاوبەش.

Loading