كاروانێكی نوێ بە هیمەت و پشت ئەستوری

لەسەر بانگهێشتی بەڕێز سەرۆك عەبدولفەتاح سیسی، بەم نزیكانە سەردانی فەرمی بۆ میسر ئەنجام دەدەم. ئەمە سەردانی دووەممە بۆ ئەو سەرزەمینە بەپیتەی كە ڕووباری نیل تێراوی دەكات، لەوكاتەوە بووم بە سەرۆككۆماری چینی میللی. پەندێكی میسری هەیە دەڵێت: هەركەس لەئاوی ڕووباری نیل بخواتەوە، دووبارە بۆی دەگەڕێتەوە.

لەسەردانی یەكەممدا بۆ میسر بەرلە دە ساڵ، میسر بەو شارستانیەتە دێرین و ڕەگوڕیشە دارەیەوە، هەروەها بەو گوڕەی بۆ پێشكەوتن و پەرەسەندن هەیبوو، مۆركێكی قووڵی لەنێو هزرمدا بەجێهێشت. لەم سەردانەشدا، چاوم لەوەیە لەگەڵ سەرۆكی پایەبەرز عەبدولفەتاح سیسیدا، وتوێژ بكەین سەبارەت بە بەهێزكردنی هاوڕێیەتی و هاوكاری نێوانمان، بەجۆرێك هێڵی پان نوێ بكێشین بۆ قووڵكردنەوەی بەشداری ستراتیژی گشتگیر لەنێوان میسر و چیندا.

پەندێكی كۆنی چینی دەڵێت: دڵسۆزی بۆ هاوڕێكان، دڵیان نزیكدەكاتەوە ئەگەرچی دووری نێوانیشان زۆر بێت. هەریەك لە چین و میسر، وەك دوو شارستانیەتی دێرین، بەو سامانە ڕۆحییە گرانبەهایەی هەیانە و بەو گەنجینە فەرهەنگییە نایابەی دروستیان كردووە، توانیویانە پەرە بەكۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بدەن. شارستانیەتی چینی كەلە منداڵدانی ڕووباری یانگستی و ڕووباری زەردەوە لەدایك بوو، هەروەها شارستانیەتی میسریش كەلە منداڵدانی ڕووباری نیلەوە لەدایكبوو، سەرسامی خۆیان بۆ یەكتر دەردەبڕن، ئەگەرچی لەڕووی جوگرافیشەوە لێك دوورن.

لەكاتێكدا گۆزەی گڵ و ئاوریشم و نەخش و تەكنیكەكانی دروستكردنی كاغەز و تواندنەوەی ئاسن لە چینەوە دێنە ڕۆژئاوا، لەكاتێكیشدا ئاڵەتەكان و شوشە و زانستی گەردوونناسی و ڕۆژژمێر لەمیسرەوە دێنە ڕۆژهەڵات، هەموو ئەوانە لەڕێی ڕێگەی ئاوریشمی كۆنەوە، چ لە وشكانی یان لە دەریا، كە تەمەنی بۆ هەزاران ساڵ درێژ دەبێتەوەو، ئیدی هیچ وەختێك هەنگاوەكانی ئەو ئاڵوگۆڕە دۆستانەیە  لەنێوان هەردوو لادا ڕانەوەستاوە.

پارچە ئاسەوارییە نایابە چینییەكان كەلە ناوچەی ئاسەواریی فوستاتی میسر دۆزرانەوەو دەرهێنران، دەبنە بەڵگەی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵە و ئەو هاوڕێیەتییە دێرین و قووڵەی كەلە نێوان هەردوو گەلی چینی و میسریدا لەدێر زەمانەوە هەبووە.

حەفتا ساڵ لەمەوبەر چین و میسر بەشێوەی فەرمی پەیوەندی دیپلۆماتییان دەستپێكرد. ئەوەش كرانەوەی درگای هاوڕێیەتی و هاوكاری بوو لەنێوان كۆماری میللی چین و دەوڵەتانی عەرەبی و ئەفریقیدا. لەماوەی ئەو حەفتا ساڵەی كە پڕبوو لە ئاڵنگاری و ئاستەنگ و هەموویان تێپەڕێندران، پەیوەندییەكانی نێوان چین و میسر توانییان خۆڕاگربن لەبەردەم تاقیكردنەوەكان و گۆڕانكارییەكانی بارودۆخی نێودەوڵەتیدا. بگرە بەردەوام بوون لە پێشكەوتن بەبێ ئەوەی لەسروشتی خۆیان لابدەن، بێ ئەوەی دینامیكییەتی خۆیان بگۆڕن یان پاشەكشە بكەن. پەیوەندییەكانی میسر و چین بوونەتە نمونەیەك كە چاوی لێدەكرێت بۆ هاوكاری بەكۆمەڵ لەنێوان چین و وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقیدا، هەروەها بووەتە پێشەنگی پێكەوە ژیانی دۆستانە و هاریكاری و هاوكاری لەنێوان وڵاتانی تازەگەشەكردوودا.

چین و میسر بەردەوام وەكو دووبرای دڵسۆز هاریكاری یەكتریان كردووە. پەیوەندی قووڵی نێوان هەردوو گەل لە ساتەوەختی خەبات بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم و داگیركەرانەوە سەرچاوەی گرتووە. چین پاڵپشتی بەهێزی خۆی دەربڕی بۆ میسر لەكاتی خەباتكردنی بۆ بەدەستهێنانی سەروەری خۆی بەسەر نۆكەندی سویسدا. لەبەرانبەریشدا، میسر شانبەشانی ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی ئەفریقی و ئاسایی و وڵاتانی ئەمریكای لاتین، لەبەرژەوەندی چین ڕاوەستان و پاڵپشتییان كرد لەخەباتیدا بۆ بەدەستهێنانەوەی كورسی شەرعی خۆی لەنەتەوە یەكگرتووەكان.

ئەمڕۆش، هەردوو لایەنی چینی و میسری، یارمەتی سەقامگیر و نەگۆڕی یەكتر دەدەن، بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێگەی گەشەپێدان بەجۆرێك لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆییاندا بگونجێت. هەروەها پاڵپشتی نەگۆڕی یەكتر دەكەن بۆ یارمەتیدانی بەرژەوەندییە زیندەییەكانی یەكتر و سەرقاڵی و بایەخەكانی لایەنی بەرانبەر. ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی بناغەیەكی توندوتۆڵ بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكانی هاوبەشایەتی ستراتیژی گشتگیر لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

چین و میسر بەردەوام دوو هاوبەشی متمانەداری یەكتر بوون و پێكەوە هەوڵیانداوە بۆ دەستكەوتی هاوبەش لەڕێگەی هاریكاری یەكترەوە. میسر لەناو وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقیدا، هاوبەشێكی گرنگی  چینە لە بازرگانی و وەبەرهێناندا. یەكێكیشە لەو وڵاتانەی كە هەر لەسەرەتاوە بەشداربوون لە دروستكردنی ” پشتێنە و ڕێگە”. ناوچەی سویس كە تایبەتكراوە بە هاریكاری ئابووری و بازرگانی لەنێوان ین و میسردا، كە لەگەڵ سەرۆك عەبدولفەتاح سیسیدا دەساڵ لەمەوبەر پەردەمان لەسەر لادا، وەبەرهێنانی زەبەلاح و هەلیكاری زۆر فراوانی بۆ میسر فەراهەم كردووە. ئەوەش پرۆسەی مۆدێرنەكردنی میسری خێراتر كردووە. كۆمپانیاكانی چین لە میسر بەرزترین تاوەر و یەكەم شەمەندۆفێری كارەباییان دروستكرد لەسەر ئاستی كیشوەری ئەفریقادا. كاتێكیش سیاسەتی لێبوردنی گومرگیمان پەیڕەوكرد، پرتەقاڵی میسری یەكەم بەرهەمی ئەفریقی بوو كە هاتە بازاڕەكانی چین. ئەمەش بەو واتایە دێت كە ئەنجامی هاریكاری دوولایەنە لەنێوان هەردوو وڵاتدا و لەهەموو بوارەكاندا، بە قازانجی هەردوو گەل بووە لە چوارچێوەیەكی فراواندا.

بەردەوام پەیوەندی نێوان چین و میسر، نمونەیەكی سەركەوتوو بووە بۆ هاوڕێیەتی و سودی هاوبەش. میسر یەكەم دەوڵەتی عەرەبی و ئەفریقییە كە واژۆی كردووە لەسەر ڕێككەوتنی تایبەت بە هاریكاری فەرهەنگی. لەو سۆنگەیەشەوە ئاڵوگۆڕی میللی و كەلتوری نێوان هەردوو وڵات جۆراوجۆر و گەشەكردوو دەبێت.  مۆزەخانەی گەورەی میسر و جێگە ئاسەوارییەكانی تری میسر، توانیویانە ژمارەیەكی گەورەی گەشتیاری چینی بۆ خۆیان ڕابكێشن. پێشانگای “شارستانیەتی كۆنی میسر” كە مۆزەخانەی شەنگەهای ساڵی ڕابردوو كردییەوە، ڕەواجێكی زۆر گەورەی هەبوو. زمانی چینی لە زیاتر لە 40 قوتابخانەی دواناوەندیدا لە میسر دەخوێندرێت. ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی میسر سودیان وەرگرتووە لە هاوكاری نێوان هەردوو وڵات لەبواری فێركردنی پیشەییدا. سەرباری ئاستەنگەكانی كات و شوێن، بەڵام هەردوو شارستانیەتە گەورەكە بەردەوام لێك نزیك دەبنەوە، ئەوەش وادەكات نەوە دوای نەوە قۆناغی دیكەی هاوڕێیەتی بنوسنەوە.

چین و میسر بەردەوام دوو هاوڕێی دڵسۆزی یەكتربوون كە پابەندبوون بە یەكسانی و متمانەی هاوبەشەوە. لەكۆنگرەی باندۆنگ كەلە ساڵی 1955دا گرێدرا، چین و میسر پێكەوە  هاوكاری یەكتریان دەكرد لەخەبات لەدژی ئیمپریالیزم. پێكەوە كاری هاوبەشیان دەكرد بۆ بەهێزكردنی هاوكاری لەنێوان وڵاتانی ئاسیایی و ئەفریقاییدا. لە ئێستاشدا، چین و میسر لەچەند ئامانجێكی هاوبەشدا پێكەوە دەبەسترێنەوە، وەك پاراستنی سیستەمی نێودەوڵەتی و بانگەشەكردن بۆ دادپەروەری و جێبەجێكردنی پلۆرالیزم. هەردوو لا بەشێوەیەكی نەگۆڕ پشتیوانی كێشەی ڕەوای فەلەستین دەكەن بۆ ئەوەی مافە نیشتمانییە شەرعییەكانیان بۆ بگەڕێتەوە. هەوڵدەدەین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی سیاسی بۆ كێشە داغەكان و، بەرجەستەكردنی ئاشتی و ئۆقرەیی لەناوچەكەدا. ئەوەش بەرپرسیارێتی هەردوو وڵات پیشان دەدات، بەوپێیە لە وڵاتانی باشوری جیهانن، بەرپرسیارێتی لەوەی خۆیان بەهێز بكەن و هاوكاری یەكتر بكەن و پابەندبن بە ئینساف و دادپەروەرییەوە.

هەریەك لەمیسر و چین بە قۆناغی یەكلاییكەرەوەی گەشەو ڕێنیسانسدا تێدەپەڕن. چین سەرەتایەكی باشی دەستپێكردووە لەجێبەجێكردنی “ثلانی پێنج ساڵەی پانزەیەمین بۆ گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی نیشتمانی” هەروەها كاری بەردەوام دەكات بۆ هێنانە كایەی دۆخێكی نوێ بۆ نوێبوونەوەی شێوازی چینی. هەرچی میسریشە، پێشكەوتنێكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت لە دروستكردنی “كۆماری نوێ”دا. هەنگاوی باش ومتمانەداری بڕیوە لە جێبەجێكردنی ئامانجەكانی پلانی ” دیدگای میسر 2030″. لەم چوارچێوەیەدا، لایەنی چینی پێداگرە لەوەی هەوڵی هاوبەش بدات لەگەڵ لایەنی میسری بەمەبەستی قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی بەشداری ستراتیژی گشتگیر لەنێوان هەردوو وڵاتدا. هەروەها لەپێناوی دروستكردنی كۆمەڵگەی چینی میسری ئایندەیی هاوبەش. دەستخستنە ناودەستی یەكتر بۆ دروستكردنی مۆدێرنیزاسیۆن.

پێویستە لەسەرمان متمانەی هاوبە بەهێزبكەین و، ببینە پێشەنگی هاوڕێیەتی بۆماوەیی. بەو پێیەی هاوڕێیەتی چین و میسر لەسەر دەستی نەوەی كۆنی هەردوو لامان دامەزراوە و دەستپێكردووە. بۆیە بەمیراتی مانەوەی ئەم هاوڕێیەتییە و پێشخستنی و قووڵكردنەوەی بەشێوەیەكی باش، دەبێتە ئەرك و بەرپرسیارێتی لەئەستۆی نەوەی ئێستاماندا. لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە لەسەرمان بەردەوامی بدەین بە پشتیوانی لە بەرژەوەندییە جەوهەرییەكان و خەمە گەورەكانی هەریەكێكمان. پەیوەندی و هاوكاری نێوانمان لەهەموو بوارەكاندا چڕتر بكەینەوە، گۆچانی ئەم هاوڕێیەتییەی چین و میسر، بدەینە دەستی نەوە دوای نەوە.

پێویستە لەسەرمان قازانج وسودی هاوبەش بەدەستبێنین و، ببینە پێشەنگی گەشەپێدانی هاوبەش. چین خاوەنی گەورەترین سیستەمی پیشەسازییە و لەسەر ئاستی جیهان تۆكمەترین سیستەمە. خاوەنی تایبەتمەندی درایی و تەكنەلۆژی و ئامێرسازییە. هەرچی میسرە، خاوەنی ژمارەی زۆری دانیشتوان و داهاتی زۆر و بازاڕی فراوانە. لەم چوارچێوەیەشدا، پێویستە هەردوولا پێكەوە گونجاندنی ستراتیژی  گەشەپێدانیان قووڵتر بكەنەوە. پێكەوە كار بكەن بۆ هاوكاری لە دروستكردنی ” پشتێنە و ڕێگە”دا بەكوالێتییەكی بەرز. توانا شاراوەكانیان بۆ هاوكاریكردن بخەنە كار. بواری هاوكاری كردەیی فراوان بكەن، بەجۆرێك ببێتە هێزێكی پاڵنەری لەبن نەهاتوو، بۆ هاوكاری دوولایەنە و سودی هەردوو وڵات.

پێویستە شانازی بكەین بەتایبەتمەندییە شارستانییەكانمانەوە و، ببینە پێشەنگی پەیوەندی شارستانی. پێویستە لەسەر چین ومیسر، وەك دوو وڵاتی خاوەن شارستانیەتی دێرین. تێگەیشتن لە چەمكی شارستانیەت قووڵ بكەنەوە كە خۆی لە یەكسانی و سودی هاوبەش و گفتوگۆ و لێبوردەییدا دەبینێتەوە. هەروەها كار بكەن بۆ جێبەجێكردنی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی. كاربكەن بۆ پاراستنی ئاسەوارە فەرهەنگییەكانی مرۆڤایەتی. هەوڵی هاوبەش بدەن بۆدروستكردنی پێكەوەژیانی گونجاو لەگەڵ سەرجەم شارستانیەتەكاندا. دەبێ پەیوەندی و هاوكاری نێوان هەردوو وڵات قووڵتر بكرێتەوە لەبوارەكانی فێركردن، گەشتوگوزار، زانست و تەكنەلۆژیا، تەندروستی و وەرزش، زانستی ئاسەوار.بەجۆرێك ببێتە هۆی بەهێزتركردنی پەیوەندی و یەكترناسینی نێوان هەردوو گەل و، دینامیكیەتێكی نوێ و بەردەوام بخاتە سەر پێشخستنی پەیوەندییە هاوبەشە ستراتیژییە گشتگیرەكانی نێوان چین و میسر. بەوەش هێزێكی شارستانی بەگوڕتر بێنێتە كایەوە بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی چارەنوسی هاوبەشی مرۆڤایەتی.

پێویستە شانبەشانی یەكتر بەرەو پێشەوە بچین و، ببینە ڕابەری پارێزگاریكردن لە دادپەروەری و ئینساف. لە ئێستادا، ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەسەد ساڵی ڕابردوودا جیهان بەخۆیەوە نەدیوە، بەشێوەیەكی خێرا دێنە پێشەوە. ئاڵۆزییەكان لەنێو بارودۆخی نێودەوڵەتیدا پێكدادەچن و ئاڵۆزدەبن. لەم بارودۆخەدا، پێویستە لەسەر چین و میسر، وەك دوو دەوڵەتی تازەگەشەكردووی گەورە و دووئەندامی خاوەن هەژموونی باشوری جیهان، پێكەوە فرەلایەنی ڕاستەقینە جێبەجێ بكەن، لەنێو گۆڕەپانی فرەلایەندا هەماهەنگی و هاوكاری بەهێزبكەن. هەوڵی هاوبەش بدەن بۆ جێبەجێكردنی چوار دەستپێشخەرییە جیهانییەكان بە شێوازێكی باش. هەروەها كار بكەن بۆ پاراستنی ئاشتی و ئۆقرەیی لەجیهاندا و بەرگری بكەن لە دادپەروەری و ئینسافی نێودەوڵەتی.

دەبێت هاوكاری یەكتربین بە گیانی یەك تیم و، ببینە پێشەنگی سەركردایەتیكردنی هاوكاری چینی عەرەبی و هاریكاری چینی ئەفریقی. میسر وەك دەوڵەتێكی عەرەبی و ئەفریقی گەورە، ڕۆڵێكی گەورە دەگێڕێت لە بەگوڕپێدانی هاریكاری دەستەجەمعی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی و چین و وڵاتانی ئەفریقی. لایەنی چینی پێداگرە لەسەر هەوڵدانی هاوبەش لەگەڵ لایەنی میسری بۆ فراوانكردنی چوارچێوەی كاریگەری نمونەیی بۆ هاوكاری نێوان چین و میسر.  بەكارهێنانی تایبەتمەندی بێهاوتای جوگرافی میسر، وەك ئەڵقەی پەیوەندی جیهانی عەرەبی و دەروازی كیشوەری ئەفریقا. هەروەها كاركردنی قووڵ بۆ داڕشتنی ” پێنج هاوكێشەكەی هاوكاری” لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبیدا، جگەلەوەش داڕشتنی پلانی ” دە كارەكەی تایبەت بە هاوبەشایەتی نێوان چین و ئەفریقا” لەپێناوی نوێبوونەوەی هاوبەش. بەجۆرێ ببێتە هۆی ئەوەی هاریكاری چینی عەرەبی و هاریكاری چینی ئەفریقی بگاتە ئاستێكی هاوچەرخ و پێشكەوتن و، بەرەو پێشەوە چوون بەهەنگاوی ئۆقرە و بەردەوام.

لەدوای 70 ساڵ لە هاوكاری و پشتیوانی یەكتر، ئەم ڕەوتە نوێیە كاری جیدی دەوێت. لایەنی چینی ئامادەیە بۆ كاركردن لەگەڵ لایەنی میسری بۆ پابەندبوون بە مەبەستە بنەڕەتییەكەوە و، بەردەوامبوون لە كاركردن لەسەر ڕەوتی پێشینەكان و كردنەوەی ئاسۆكانی ئایندە. یارمەتیدانی یەكتر بە هێزێكی لەبن نەهاتوو لەسەرەڕێگەیەكدا كە دەگاتە ڕێنیسانس و گەشەكردن. پێكەوەكاركردن بۆ دروستكردنی ئایندەیەكی گەشتر بۆ گەشەپێدانی هەردوو وڵات و پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان.

Loading