هەڵەبجە؛ ئەو شوێنەی دیپلۆماسی تێیدا شکستی هێنا

کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە یەکێکە لەو کەیسە پڕ ئازار و نامرۆڤانەیەی نەک تەنها پرسی دیپلۆماسی بەڵکو کۆی بانگەشەی مرۆڤبوون دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لێرەدا تەنها خاڵێک کە من بەم کەیسەوەی دەیبەستمەوە بوونی پرۆسەی دیپلۆماسی و شکستی ئەو پرۆسەیەیە کە دەرئەنجامێکی وەک کارەساتی هەڵەبجەی لێ دەکەوێتەوە.

دیپلۆماسی و کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ پەیوەندییەکی ئاڵۆز و پڕ لە ناکۆکییان پێکەوە هەیە، ئەم بابەتە تەنیا باس لە هێرشێکی سەربازی ناکات، بەڵکو گوزارشتە لە شکستی ئەخلاقیی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی و دواتریش بەکارهێنانی کارەساتەکە وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی هاوسەنگییە سیاسییەکان.

کارەساتی کیمیابارنکردنی هەڵەبجە و پرسی دیپلۆماسی سێ رەهەندی سەرەکی لەخۆی دەگرێت.

١. بێدەنگیی دیپلۆماسی و بەرژەوەندیی هێزەکان

لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکەدا، جیهان لە ناوەڕاستی جەنگی ساردا بوو. زلهێزەکان، بەتایبەت ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، عێراقیان وەک بەربەستێک لە دژی شۆڕشی ئێران دەبینی ئەمەیش وایکرد کە کاردانەوە دیپلۆماسییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زۆر لاواز بن.

وێڕای بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانی سزایەکی توند بەسەر ڕژێمی بەعسدا بسەپێنێت و هەندێک لە ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ڕۆژئاوا هەوڵیان دەدا ئۆباڵی هێرشەکە بخەنە ئەستۆی ئێران بۆ ئەوەی گوشارەکان لەسەر سەدام حوسێن کەم بکەنەوە.

٢. چەکی کیمیایی و شکستی پەیماننامەکان

هەڵەبجە گەورەترین شکستی ‘دیپلۆماسیی ڕێگری’ بوو. (پڕۆتۆکۆڵی جنێڤ Geneva Protocol) لە ساڵێ ١٩٢٥

بەکارهێنانی گازە خنکێنەر و ژەهراوییەکانی لە کاتی جەنگدا قەدەغە کردبوو، بەڵام دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی نەیتوانی ڕێگری لەو کۆمپانیا بیانییانە بکات کە کەرستەی خاویان بۆ دروستکردنی ئەم چەکە بە ڕژێمی بەعسی عێراق دەفرۆشت، ئەمە دەریخست کە زۆرجار دیپلۆماسیی ئابووری و بازرگانیی چەک، پێش پرەنسیپە مرۆییەکان دەکەوێت.

٣. هەڵەبجە وەک کارتی گوشار

دوای ساڵی ١٩٩٠ و داگیرکردنی کوێت، هاوکێشە دیپلۆماسییەکان گۆڕان و ئەو کارەساتەی کە پێشتر بێدەنگی لێ دەکرا، بوو بە “کارتی گوشار” لە دەستی دیپلۆماسیی ڕۆژئاوادا و وێنەکانی هەڵەبجە بەکارهێنران بۆ نیشاندانی دڕندەیی ڕژێم و ڕازیکردنی ڕای گشتیی جیهانی بۆ سەپاندنی سزاکان و ناوچەی دژەفڕین (No-Fly Zone)

دواتریش سەرکردایەتیی کورد هەڵەبجەی کردە تەوەری سەرەکیی دیپلۆماسیی خۆی بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزیی نێودەوڵەتی و ناساندنی تاوانەکە وەک جینۆساید بەڵام دوای ٣٨ ساڵ لەو تاوانکارییە هێشتا پرسەکە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جینۆساید نەناسێنراوە و قوربانیانی دوای کارەساتەکەیش بەدەست ئاسەواری ئەو چەکە کوشندەیەوە دەناڵێنن.

لەکۆتاییدا دەگەینە ئەو بڕوایەی پەیوەندیی هەڵەبجە و دیپلۆماسی، وانەیەکی تاڵە لە مێژوودا بەشێوەیەک سەرەتا دیپلۆماسی بووە هۆی داپۆشینی تاوانەکە لەپێناو بەرژەوەندیی سیاسی، دواتریش بو بە بزوێنەری دادپەروەریی نێودەوڵەتی و ناساندنی مەزڵومییەتی گەلی کورد بەڵام ئەوەیشی سەلماند کە کاتێک دیپلۆماسی لە ئەخلاق دادەبڕێت، کارەساتی مرۆیی وەک کیمیابارانکردنی هەڵەبەجە و شەهیدکردنی پێنج هەزار مرۆڤی بێتاوانی لێ دەکەوێتەوە.

Loading