كۆمپانیا چینییەكان زۆرینەی گرێبەستە نەوتییەكانیانی عێراقیان بردەوە

لە گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی مۆڵەتەکانی نەوت و گاز لە عێراقدا، کۆمپانیا چینییەکان لە کۆی 9 کێڵگە مۆڵەتی حەوت کێڵگەیان بردەوە، دوو مۆڵەتەکەی دیکەش بۆ کار گرووپی کوردستان بوو. ئەوەی جێگای سەرنج بوو، کە کۆمپانیا چینیەکان نەک کۆمپانیا بیانیەکان بۆڕ دەدەن، بە هەرزانکردنی کارەکە، بەڵکو تەنانەت لە کۆمپانیا ناوخۆییەکانیش دەبەنەوە رۆژی شەممە لە بەغدا رێوڕەسمی دەستپێکردنی گەڕی تەواوکردنی مۆڵەتی تەواوکاریی پێنجەم و گەڕی شەشەم بۆ وەبەرهێنان لە 29 کێڵگە و شوێنی دۆزینەوەی نەوتی و گازی عیراق بەڕێوەچوو. 22 کۆمپانیا پێشوەختە بەشدارییان لە خولی مۆڵەتدان کرد، لەوانە گروپە ئەوروپی و چینی و عەرەبی و عێراقییەکان. کۆمپانیا چینییەکان توانییان مۆڵەتی کارکردن بۆ گەڕان بەدوای پێنج کێڵگەی نەوت و غازی عێراقدا بەدەستبهێنن، کە بە پلەی یەکەم ئامانجی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی غاز بوو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی. پێدانی گرێبەستەکان بە کۆمپانیا نەوتییەکان بەپێی ئەوەیە کە چ کۆمپانیایەک کەمترین قازانج بۆ پەرەپێدانی بلۆکە نەوتییەکان پێشنیار بکات. ئەمە یەکەم جارە لە دوای ساڵی 2018 عێراق گەڕێکی دیکە لە گرێبەستە نەوتی گازییەکانی رادەگەیەنێت. هەروەها کۆمپانیای کار لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردنی لە دوو کێڵگە بەدەستهێنا، کێڵگەی دیمە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای میسان، و کێڵگەی ساسان و عەلان لە پارێزگای نەینەوا لە باکووری ڕۆژئاوای عێراق. نزیکەی 20 پڕۆژەی دیکە لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە کراوەن بۆ پێشکەشکردنی داواکاری. فەلاح ئەلعەمری، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پرسی نەوت و گاز ڕایگەیاند، حکومەت هیوادارە ئەو پڕۆژە نوێیانە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ساڵی 2030 بەرزبکاتەوە، کە ئێستا نزیکەی 5 ملیۆن بەرمیل بووە. عێراق ئامانجی ڕاکێشانی ملیاران دۆلار وەبەرهێنانە بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گازەکەی. ئەمەش لە کاتێکدا چاوی لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆییە و دەیەوێت کۆتایی بە هاوردەکردنی گاز لە ئێران بهێنێت. ئەوەی جێی بایەخیش بوو، هیچ کۆمپانیایەکی گەورەی نەوتی ئەمریکا بەشدار نەبوو، تەنانەت دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ ئەمریکا لە مانگی ڕابردوودا لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا کۆبووەوە.

Loading