لە چین چیم بینی؟

بەرلەچوونم بۆ پـەکـیـنـی پـایـتـەخـتـی چـیـن کۆمەڵێک گەڕانم کرد، تاوەکو بتوانم خوێندنەوێیەکی باشتر بۆ ژینگەی ئەوێ بکەم. وەلێ، گۆڕانکاریەکان دوورتربوون لە پێشبینی کردن.


یەکەم شت کەوا زوو هەستم پێکرد، بێدەنگی پـەکـیـن یاخوود وڵاتەکەبوو، له یەکەم شەوی گەیشتن دا گریمانەی ئەوەم لەمێشکی خۆم دروست کرد کە لەبەر ئەوەی شەوە و بەشێوازێکی گشتیش کاتی پشوودانە، بۆیە ئەوها بێدەنگە و ژاوەژاووی نیە. وەلێ دوای حەفتەیێک گەڕان و تێڕامان، بەواقعی تێگەیشتم بێدەنگی باڵی کێشاوە بەسەر وڵاتەکە، ئەم دۆخەش پارادۆکسێکی ڕوون دروست دەکات لێرەدا هەندێک هۆکاری سەرەکی یارمەتی دەری پاراستنی ئەو بێدەنگیەن. بۆ وێنە، بەڕێژەیێکی بەرز ئۆتۆمبێلەکانیان کارەبایە، بەدەگمەن هەست و تێبینی ترومبێلی بەنزین بکەی. ئەمەش ڕاستەوخۆ یارمەتی دەری دروستکردنی ژینگەیێکی لەبارتری دەروونی و تەندروستی دەدات بۆ تاکەکانی
لە بەرامبەر هوتێلەکەمان چوار ڕێیانێکی سەرەکی لێبوو. بەڵام ئەوەی بەلای منەوە سەرنج ڕاکێش بوو لەژێرەوەی چوار ڕێیانەکە سوودیان لە دروستکردنی تونێل بینیبوو، هەم شوێنی ئۆتۆمبێل، ماتۆر، پایسکل و پیادەی لێبوو. لە تەنیشت ئەو چوار ڕێیانە پارکێکی بچووکی لێبوو، لەگەڵ هاوسەفەرکەم دوای نوێژی عەسران کاتمان بۆ کتێب خوێندنەوە تەرخان کردبوو، سەردانی ئەوێمان دەکرد ئەوەندەی توانامان هەبووایە. دوای ماوەیێک لە خوێندنەوە، پرسیارێک بیری داگیرکردم و لە هاوسەفەرکەم پرسی، باشە ئەو ڕێژە زۆرەی ئۆتۆمبێل بەلاماندا هاتووچۆ دەکەن و لە ژێرەوەش بەهەمان شێواز، کەچی ئێمەش لەتەنیشتیان توانای خوێندنەوەمان هەیە و هیچ ژاوەژاوێکیش کاریگەری لەسەرمان نیە؟ پرسیارەکەم لەو دۆخەی پێیدا ڕۆیشتبووم سەریهەڵدا، چونکە بۆ من دۆخێکی تەواو نوێ بوو، لەبەر ئەوەی ئێمە لە دۆخێکی تەواو ناجێگری دەروونی گەورەبووین و ژاوەژاو بەشێکی ژیانی ئێمەی داگیرکردووە. وەلێ، لەو ساتەدا وڵامێکی قەناعەتکەرمان نەدۆزیەوە و بەردەوامیمان بە خوێندنەوە دا. دواتر، تێگەیشتم کە سەرەڕای ڕێژەی زۆری ئۆتۆمبێلی کارەبای لەو وڵاتە، ئەوانە زۆر بەدەگمەن هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاردێنن. ئەمەش دەرخەری ئاستی بەرزی گەلەکەیە. سەڕەڕای ئەمەش گیانی هاوکاریان بەرزە.


دوای کۆمەڵێک ڕۆژی پڕاوپڕ لە سەعیکردن، بۆم دەرکەوت کەوا چین بەدیاریکراوی ئەیەوێت خۆی لە بەربەستەکانی بەردەم دروستکردنی هەواڵ بپارێزێت، ئەمەش لەڕێگای تێکەڵکردنی تەنەلۆجیای نەوەی پێنجەم ” 5J”. چونکە یەکێک لەو بەرەستانەی کەوا چینیەکان و جیهانی میدیاش بەدەستەوە زۆر گیریخواردبوو هاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنابوو کەبووە هۆی قەدەغەی هاتووچۆ لەسەرانسەری دونیا. پاشانیش، مرۆڤەکانی لەژوورەوەی هێشتەوە. لەهەمانکاتیـشدا، کاری ڕۆژنامەڤانەی چووبوە قۆناغێکی تری جیاواز و کارەکەی یەکجار قورسترکردبوو بۆ وێنە، لە دروستکردن و گواستنەوەی خەبەر بەشێوازێکی خێرا، بۆیە ئەوان هنوکە لەڕێگای تێکهەڵکردنی تەکنەلۆجیای “5J” بۆناو میدیا، هەوڵی دروستکردنی هەر هەواڵ لەهەر شوێنێک بێت دەدن بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بتوانێت ڕێگری لە توانای دروستکردنەکەیان بگرێت. ئەمەش دەرخەری ئەو وەرچەرخانی میدیایە کە چین ژێرخانێکی بەهێزی میدیای بۆ وڵاتەکەی داناوە. لەهەمانکاتیشدا، ئەیانەوێت خۆی لەهەمان دۆخە چەقبەستووەکەی سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدوور بگرێتەوە، ئەگەر هاتوو حاڵەتێکی لەو شێوەیە دووبارە سەریهەڵدایەوە
ئێستا چینیەکان لەسەردەمی ڕۆبۆتەکان دەژین و تێکهەڵاوی ژیانی ڕۆژانەی ئەوان بوونە.
ڕۆژێکیان دوای گەڕانەوەم بۆ هۆتێل، لەکاتێکدا ژمارەی نهۆمەکەم داگرت بۆئەوەی بچمە سەرەوە. بەڵام، بەرزکەرەوەکە وەستا و منیش تۆزێک پێم سەیر بوو. چونکە هیچ کەس لەدوای منەوە نەبوو تاوەکو بیوەستێنێت. بەڵام ئەوەی هەر بەخەیاڵیشم دانەهات ڕۆبۆت بوو. ڕاستەوخۆ دەرگای بەرزکەرەوەکە کرایەوە و ڕۆبۆتێک هاتە ناو بەرزکەرەوەکە. منیش زۆرپێم سەیربوو ڕۆبۆتێک بتوانێت ئاواهی مامەڵە بکات و کارەکانی زۆر بەباشی و بێدەنگی بەڕێبکات ڕۆبۆتەکە لەگەڵ بەجێهێشتنی بەرزکەرەوەکە کۆمەڵێک سەرنج و پرسیاری تریش بۆمن جێهێشت. بۆیە بڕیارم دا بەتەوای لە ئامانجی کارکردنی ئەو تێبگەم. شەوەکە وازم لێهێناو پشوومدا، بەیانیەکەی نزیکی کاتژمێر 8:30 بوو، چووم بۆلای هاوڕێیانی پێشوازکەر و کەوتینە گفتووگۆیێکی خۆش لەسەرکاری ڕۆبۆتەکە لەو هوتێلە. ئەوانیش سەرەتا ئەوەیان یەکلایکردەوە کە ئێستا کات کاتی ڕۆبۆتەکان و کارئاسانێکی زۆر بۆ مڕۆڤدەکات لە کاروباری ڕۆژانەی خۆی.
بۆیە ئەوانیش ئەو ڕۆبۆتە لەناوی هۆتێلەکە بەکاردێن ئەگەرهاتوو کەسێک داخوازێکی هەبێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ مڕۆڤ کارەکان ڕادەپەڕێنێت. دواتریش، ئەو ڕۆبۆتە ڕۆڵی هەیە لە پاک و خاوێن ڕاگرتنی شوێنەکە، ئەگەر هاتوو کارگوزاری مڕۆڤ بەردەست بێت یاخوود نە.

دوای ئەوەی پێیان ڕاگەیاندین کە بەیانی پلانیان داناوە سەردانی دوو زانکۆ بکەین، بۆمن زۆر دڵخۆشکەربوو. چونکە پێشبینی ئەوەم کرد لەوێ جیاوازیێکی زۆر ئەبینم لەگەڵ زانکۆیەکانی خۆمان. دوای چونە ژوورەوەمان لەدەرگای دەرەوەی زانکۆ، مامۆستایێکی زانکۆ کەزیاتر لە ڕاگری کۆلێژ ئەچوو، لەگەڵ چەند فێرخوازێکی تر چاوەڕوانی ئێمەبوون و پێشوازیان لێکردین. وەلێ مامۆستایەکە تەنها بەزمانی خۆیان قسەی ئەکرد سەڕەڕای زانینی زمانی ئینگلیزی بۆیە کچێک وەرگێرانی ڕاستەوخۆی بۆ قسەکانی ئەو ئەکرد. دوای خۆناساندنی هەردوو لا، ئێمەی بەرەو ئاڕاستەی زانکۆ برد. هەم قەبار و وەهەمیش ڕووبەری زانکۆیەکە زۆر گەورەبوو، بەئاستێک هەموو بەشەکانی زانکۆ و بەشە ناوەخۆیەکانی لەخۆی گرتبوو، بۆیە فێرخوازان پاسیان بەکاردەهێنا بۆ گواستنەوە هەرلەناو زانکۆ. بەڵام، زانکۆ تەنها باڵەخانەی بەرزنەبوو، بەڵکو، لەڕێگای چوونمان بۆناوەوەی زانکۆ چاومان بە باخچەیێکی باڵندەکان کەوت، کەجۆری جیاوازی باڵندەی تێدابوو، وەلێ زیاتر تاووسی لەخۆی گرتبوو، هەستم کرد بۆیە طاوسی زۆری تێدایە چونکە سەڕەڕای قەشەنگیەکەی خۆی، ببنە هۆکارێک بۆ بەجێگیر هێشتنەوەی دروونی فێرخوازان چونکە بەڕاستی زۆر قەشەنگ بوون.


دوای ئەوای چووینە ژوورەوە، کۆمەڵێک پەیکەی گەرورە لەنێو زانکۆ داندرابوون، سەیدایەکە ئاماژەی بۆ نهۆمەکانی سێیەم و چوارەم کرد کە ئەو نهۆمانە تایبەتن بە کتێبخانە و خوێندنەوەی کتێب. دوای ناساندێکی گشتی زانکۆ لەکۆتایشدا، سیمینارێکی بەزمانی ئینگلیزی بۆ سازکردین لەسەر ئەو تەکنەلۆژیایەی کەوا ئەوان سوودی لێوەردەگرن بۆ زانکۆ و بەشەکانی خۆیان، بەردیارکراویش دروستکردنی ژیری دەرستکرد تایبەت بە خۆیان و بەزمانی خۆیان. ئەمەش بوە هۆی ئەوەی کە مامۆستایەکە ئاماژەی بە خاڵێکی گرینگ بکات و گوتی ئێمە بەردەوامین لە پەرەدان بەو تەکنەلۆژیایە و تاوەکو نزیک دووساڵی تر پێوویستمان بە زمانی بێگانە یاخوود ئینگلیزی نابێت لەناو ئەو تەکنەلۆژیایە. ئەو خاڵە بۆمن جێگای تێڕامان بوو چونکە لەنێو جیهانی ئێستادا زمانی ئینگلیزی پارێزگاریێکی باشی لە ڕۆڵی خۆی کردووە، وەلێ چینیەکانیش ئەو ستراتیژیەی زمان بەکاردێنن نەک تەنها لەپێناو بەزیندوو هێشتنەوەی زمانی خۆیان بەڵکو تاوەکو بە ئاستێکی بەرز بە دونیا بڵێن پێوویستە خۆتان فێری زمانی ئێمە بکەن. چونکە ئێمەش یەکێکین لە وڵاتە زلهێزەکانی دونیا هەم لەڕووی ئابووری، هەمیش لە پاشخانی ڕۆبۆتیک و تەکنەلۆژیا…هتد

ئەم جۆرە لە پارێزگارکردن لە زمان زۆر بەڕوونی هەستت پێئەکرد نەوەک تەنها لە زانکۆ بەڵکو لەناو کۆمەڵگایەکەش، چونکە هیچ کەس بەزمانی ئینگلیزی قسەی نەدەکرد، هەرکاتێک قسەمان لەگەڵ ئەوان بکردبایە، یەکسەر ئەوان سوودیا لەئاپەکانی وەرگێران وەرئەگرت و وەڵامی ئێمەیان پێئەدایەوە. ئەم دۆخە هۆشیاریە تەنها لەناو زانکۆ نەبوو بەڵکو لەناو کۆمەڵگایەکەش بەهەمان شێوازبوو. ئەمەش دەرخەری هۆشیاری گەلەکەیە بەرامبەر هەر داگیرکەریێک کەوا بەشێوازی هێزبێت یاخوود بە شێوازێکی نەرم و بێدەنگبێت جا لەڕێگای کلتوورەوە بێت یاخوود بەفۆرمی جیاوازتر بەتایبەتیش لەسەردەمی زانیار و تەکنەلۆژیا کە داگیرکردنی زمان ئەگەرێکی سەرەکیە. چونکە ئەوانیش باش تێگەیشتوون لەو جەنگە ئابووریە بەردەوامەی هەیانە لەگەڵ ئەمریکا، لەبەر ئەوەی زۆرجار هێزی ئابووری وڵات بڕیار نەک تەنها لەسەر بەهێزمانەوەی وڵات دەدات، بەڵکو پاراستن و گواستنەوەی هێزی زمانی ئەو وڵاتە دادەت بۆ وڵات و گەلانی تری جیهان

کۆمپانیاکانی بواری پەروەردە-تەکنەلۆژیا.
دوای ئەوەی سەردانی کۆمەڵێک کۆمپانیای مەزنی بواری تەکنەلۆژیامان کرد، بەڵام یەکێکیان زۆر جیاوازتر پێشڤەچوونی تەکنەلۆژیای نیشان ئەدا، ئەو کۆمپانیایە هەستم ئەکرد بەدیاریکراوی لەبواری پەروەردە-تەکنەلۆژیا کاردەکات. هۆکارەکەشی ئەوەیە، ئێمە بەر لەوەی داهێنانەکانی تر ببینین، هەندێک ئامێری قەبارە مامناوەندمان بینی کەتێیدا زۆرێک کاری کراداری نێو پەروەردە یاخوود نێو قوتابخانەی ئەکرد. بۆ وێنە، لە ئامادەکردن و کۆتای پێهێنانی ئەسیلەی تاقیکردنەوەکان، ڕازاندنەوەی تەختەی نوسین کە هەمووی زیرەک بوو، لەوێ پرسیارم لەسەر ڕۆڵی مامۆستا لەنێو پۆل بۆ دروست بوو، چونکە ئەو ئامێرە پەروەردەیە زیرەکە زۆربەی کردارەکانی ئەنجام ئەدا. دواتر بە ئامێری قەبارە گەورەتر ئاشنابووین کەوا بەدیاریکراوی کاریان لەسەر وەرگێران بۆ سەر زمانە جیاوازەکانی تر ئەکرد. ڕێنیشانەدەرەکەمان، دوای ئەوەی ئامێرەکانی ناساند لەسەر یەکێک لەو ئامێرە زیرەکانەی وەرگێران وەستا و دەستیکرد بە پێدانی ڕوونکرنەوەی زیاتر لەسەر ئەو تەکنەلۆژیایەی سوودی لێوەرگیراوە بۆ دروست وەرگێران و دووربوونی لە حاڵەتەکانی ناڕوونی لەکاتی وەرگێرانی ڕاستەوخۆدا. ئامێرە زیرەکەکە بەجۆرێک توانای وەرگێرانی هەبوو، کە لەکاتێکدا ئەیتوانی وەرگێران بۆ شەش زمانی جیاواز بکات لەهەمان کات و ساتدا. بۆ وێنە، ئەگەر کەسێک بەزمانی کوردی قسەی بکردبایە، ئەو ئامێرە بۆ شەش زمانی تری جیاواز وەرگێرانی ڕاستەوخۆی ئەکرد. ئەو جۆرە لە پێشکەوتن لە بواری پەروەردە و وەرگێران نیشاندەری هەوڵە بەردەوامەکانی چینیەکان بۆ پێشخستنی وڵات لەهەموو لایێکەوە باتایبەتیش پشت بەستنێکی توندی ئەوها بە تەکنەلۆژیای سەردەم..


باشوری چین و گەورەترین فستیڤاڵی گوڵ لە کیشوەری ئاسیا
دوای گەشتێکی ماوە کورتی فڕۆکە گەیشتینە پارێزگای کومینگ لەباشوری چین، وەلێ کومینگ هەر لەئاسمانەوە سەرنجی منی بۆلای خۆی ڕاکێشا ئەویش لەڕێگای ئەو دیمەنە سروشتیانە و ناوچە پڕ لە کشتوکاڵیەکانی خۆی، هەستت ئەکرد سەردانی گوندێکی کوردستانت کردووە کاتێک ئەو هەموو سەوزای و کشتوکاڵەت ئەبینی کەشوهەوای کومینگ تەواو جیاوازی هەبوو لەگەڵ پەکـیـن، چونکە کەشوهەوای کومینگ زیاتر کەشێکی تەواو بەهار پێوەدیاربوو وەلێ پـەکین زۆر سارد و بایێکی خێراشی لەگەڵ دابوو. دوای ئەوەی کارتی ژوورمان وەرگرت و چومە ژوورەکەی خۆم، لە پەنجەرەی ڕاستی ژوورەکە دیمەنی تەواوی ناوچەکەی نشیان ئەدا و لەهەمانکاتیشدا قەڵەباڵغێک سەنجی منی برد. ئەو قەڵەباڵغیە بۆمن جێگای تێڕامان بوو، کەوا بەو شەوە بۆچی ئەو خەڵکە لەوێ کۆبوونەتەوە، بۆیە بەبێ دوودڵی هوتێلەکەم جێهشێت و بەتەنیا کەوتمە ڕێ.
دوای گەیشتنم زۆر پێم سەیربوو! چونکە بازارێکی گەورە بوو وەهەروەها مۆڵێکیش لەتەنیشتی بوو هەمووی بە گوڵ داپۆشرابوو، کار و پیشەی خەڵکی ناوچەکە هەمووی لەسەر گـوڵ فرۆشتن بوو. بازاڕەکە هەموو جۆرە جیاوازەکانی گوڵی لەخۆی گرتبوو، بەئاستێک خەڵکی پارێزگاکانی تریش بەتایبەت بۆ گوڵ کڕین ئەهاتن بۆ ئەوێ، بۆیە بە گەورەترین فستیڤاڵی گوڵ دائەندرا لەسەرانسەری کیشوەری ئاسیا. دواتریش، چونکە نەرەخەکەی زۆر گونجابوو، وەهەروەها هەر ڕەنگێک و قەبارەیێکت لەگوڵ بوویستبایە لەوێ بەدەستت ئەکەوت. یەکێک لەو شتانەی کەوا زۆر لەسەری وەستام ئەو پیشەسازیە جیاوازانە بوون کەلەڕێگای گوڵەوە دروست ئەکرا. بۆ وێنە، جۆرە جیاوازەکانی تامی شەربەت، چا لەگەڵ تۆچا،جگەرە، کێک،جوانکاری کاری دەستی، سابون و وێنەی گەورە. هەموویان بەرهەمی دەستی خۆیان بوو، وە داهاتی ژیانیان تەنها لەسەر ئەو پیشانەبوو کە تەواوی ڕۆژەکە ئەوانی پێیەوە سەرقاڵکردبوو. سەربارەت بە ڕافتار و هەڵسووکەوتی خەڵکی ناوچەکە زۆر کۆمەڵایەتی و بەڕێزبوون، پێشوازیان لەو جیاوازیانەی نێوان خۆمان و خۆیان ئەکرد. هەرکاتێک شتێکیشمان پێوویست بووایە داشکاندنیان بۆ ئەکردین، چونکە هەستیان ئەکرد ئێمە خەڵکی ئەوێ نین.

ئافرەتە بەتەمەنەکانی چین
من کەمتر بەریەکەوتنم لەگەڵ بەتەمانەکانی ئەوێ هەبووە لەماوەی مانەوەم. بەڵام،ئەوەشی بەریکەوتووم کۆمەڵێک شتی بۆ بەجێهێشتووم. بەر لەهەرشتێک، چینیەکان لە خواردن و خواردنەوەکانیان خۆیان لە شەکر و خوێ بەدووردەگرن، یاخوود ئەتوانم بڵێم شتێک نیە لەخەیاڵیان بەو ناوە. دواتریش، چوونە نێو تەمەن نەبۆتە ڕێگایێک بۆ وازهێنان لە پیشەکانیان، بەڵکو، لەو تەمەنەش کاردەکەن و سەلیقەی خۆیان هەر هەیە. ڕۆژێکیان سەردانی شورا مەزنەکەی چـیـنـمان کرد، ئەوەندەی توانام هەبوو ڕۆیشتم بۆ سەروی شوراکە.وەلێ، شوراکە قەڵەباڵغیێکی زۆری هەبوو کە پڕبوو لە نەتەوەی جیاواز. بۆ وێنە، ئەمریکی، بەریتانی، ئیسپانی، هیندی، بەنگلادیشی، ڕۆمانی، بولگاری، عەڕەب، سریلانکی، و نەتەوەکانی تری کیشوەری ئەفریقیا. دوای هاتنە خوارەوەم، دوو ئافرەتی بەتەمەنم بینی لە ناوەڕاستی شوراکە خەرکیبوون ئەهاتنە خوارەوە، منیش کەئەوانم بینی زۆر سەرم سوڕما. چونکە زۆر ماندوو بووم تاوەکو چومەسەرەوە و لەکاتی گەڕانەوەش، ئەدی ئەوان بەو تەمەن چۆن هاتوونەتە ئێرە و بەسەر شوراکە سەرکەووتن! لەبەر ئەوەی تاوەکوو بەرزتر سەرکەووتبای شوراکەش زەحمەتر ئەبوو. منیش کەئەوانم بینی هەردووکیان گۆپاڵێکیان لەدەست بوو، یەکێکیان دانیشت بوو ئەیوویست پشووبدات، ئەوەی تریان هەر بەپێوە سەیری دیمەنەکانی ئەکرد. سڵاوم لێکردن و بەزمانی جەستەم پێم گووتن کە چۆن هاتوون و گەیشتوونەتە ئێرە، ماندوونەبوون! ئەفرەتە چینەکە دواو لەهەمان کاتیشدا زەردەخەنەی کرد، هەستم ئەکرد ئەیوویست پێمان بڵێت ئێوە نەوەیێکن زیاتر خەریکی مۆبایل و ژیان نەکردنن، ئێمە بەو تەمەنەش خەریکی وەرزش و ژیان کردنین. دوای چەند خولەکێکی کەم، بەخۆشحاڵیەوە داوام لێکرد وێنەی لەگەڵ بگرم، ئەویش قبوڵی کرد.
دواتر، ڕۆژێک بەر لەگەڕانەوەمان بۆ پەکین هەرلە کومینگ سەردانێکی بازار و فستیڤاڵی گوڵمان کرد. لەناوەڕاستی بازارەکە پیرەژنێکی بەتەمانی خاوەن زەردەخەنەی لێبوو گوڵی ئەفرۆشت، هاوسەفەرەکە ویستی گوڵێک بکرێت، منیش پێشنیاری ئەو ئافرەتەم بۆی کرد، چونکە تەمەنی هەبوو، حەزم لێبوو هەم گوڵەکەی لێبکرین و هەمیش پارەکەی پێبدەین با هەرهیچ نەبێت ئەرکی سووکتر ببێت. دوای ئەوەی گوڵەکانمان لێیکری، زۆز زەردەخنەی کرد، قسەی ئەکرد بە زمانی خۆیان هەرچەندە ئێمە تێنەدەگەیشتین وەلێ خۆشحاڵی پێوەدیاربوو و بۆیە منیش دەستەبجێ گوڵێکی ترم لێیکری. ئەو پیرەژنە تەمەنێکی هەبوو، بەو تەمەنەش کاری دەکرد و ژیانی خۆی بەڕێوەدەربرد..


دوای گەڕانەوەمان بۆ پەکین، ئافرەتێکی ترم بینی کە تەمەنی هەبوو، وەلێ، بەو تەمەنەشەوە، لە پارکێکی نزیک هۆتێلەکەمان وەرزیشـی دەکرد و هیتفۆنێکی لەگوێ بوو دیاربوو بەدەم ورزشکردنەوە گوێی لە میوزیک دەگرد. ئەم دیمەنانە گرینگی پێدانی چینیەکانی دەدەخات کە هاندەرێکی چاکی وەزشن، لەپاڵ وەرزیش خواردنەکانیان زۆر سروشت و تەندروستە، بۆیە کەئەبینی کەسێک تەمەنی هەیە هەست دەکەی تەمەنی ڕێگری ناکات لە ژیانکردن، بەڵکو حەزی ژیان کردنیان زیاتر بووە و ئەیانەوێت هەرچی چاڵاکی ترە بیکەن..
لەکۆتایدا، چین بارودۆخی سەختی تێپەڕاندووە، هەروەها گۆڕانکاری ڕیشەی لەنێو پیشەکانیان ئەنجامداوە تاوەکو گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ جیهان پێیەوە سەرسام بووە. ئەو داهێنانە تەکنەلۆژیانەشی هنوکە ئێمە ئەیبینین بەشێکی گرینگ و دانەبڕاوی نێو خەیاڵی چینیەکانە. ئەوەی لای ئێمە تەنها خەیاڵە لەلای چینیەکان واقعی ژیانە..

Loading