بیرهێنانەوەی مێژوو، گرنگیدان بە ئێستا، و هاوکاری بۆ بنیاتنانی ئایندە

ئەمساڵ یادی٨٠ ساڵەی سەرکەوتنی شەڕی بەرخۆدانی گەلی چینە لەدژی دەستدرێژیی ژاپۆن و شەڕی جیهانی دژە فاشیزم. هەشتا ساڵ لەمەوبەر بڵێسەی ئەو شەڕەی كە فاشیزم بەرپای كردبوو،  زیاتر لە ٨٠ وڵات و ناوچەی گرتبووەوە و، نزیکەی دوو ملیار کەسی خستە ژێركاریگەری خۆیەوە و، وێرانکاری و کارەساتی بێ وێنەی بەسەر شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا هێنا. چین سەنگەری سەرەکی ئاسیا بوو لە جەنگی جیهانی دژە فاشیستدا. دوای ١٤ ساڵ خەباتی ماندوو نەناسانە و سەخت، گەلی چین سەرکەوتنی گەورەی لە شەڕی بەرخۆدان لە دژی دەستدرێژی ژاپۆن بەدەستهێنا.

ئەم شەڕە درێژخایەنترین و گەورەترین و پڕقوربانیترین خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی گەلی چین بوو لە دژی دەستدرێژیی دەرەکی لە مێژووی نوێدا، هەروەها یەکەم خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بوو بۆ گەیشتن بە سەرکەوتنی تەواو.

چین مەراسیمێك  بۆ یادی ٨٠ ساڵەی سەرکەوتنی شەڕی بەرخۆدان لە دژی دەستدرێژی ژاپۆن لە ٣ی ئەیلولدا سازدەکات، بۆ ڕێزگرتن لەو پاڵەوانانە کۆچکردووانەی كە ڕۆحی خۆیان بەخشی ، هاوکات بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو ڕۆحیەتەی لە جەنگی بەرەنگاریدا هەبوو لەگەڵ خەڵکی جیهاندا.  

ئێمە لەكاتێكدا ئاهەنگ دەگێڕێن، مەبەستمان  درێژەدان بە ڕق و کینە نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی لە مێژوو فێربین و حیکمەت و هێزی لێ وەربگرین. ئێمە مێژوومان لەبیرە، سەرنجمان لەسەر ئێستایە و هاوکاری دەکەین بۆ بنیاتنانی داهاتوو.

شەڕی خۆڕاگری گەلی چین لە دژی دەستدرێژی ژاپۆن، بەشێکی گرنگی جەنگی جیهانییە لە دژی فاشیزم. خەباتی قارەمانانەی گەلی چین بەشدارییەکی گەورە و لەبیرنەکراوی كرد لە سەرکەوتنی جەنگی جیهانی دژی فاشیزم.

شی جینپینگ، سەرۆکكۆماری چین ئاماژەی بەوە کرد “هەر لەسەرەتاوە جەنگی بەرخۆدانی گەلی چین لە دژی دەستدرێژی ژاپۆن، گرنگییەکی زۆری هەبوو  لە ڕزگارکردنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و پاراستنی ئاشتی جیهانیدا، هەروەها بەشێکی گرنگیشە لە جەنگی دژە فاشیستی جیهانی”.

گەلی چین خەباتێکی ١٤ ساڵەی ئەنجامدا و سەرکەوتوانە جەنگا لەدژی زیاتر لە ٧٠%ی هێزی زەمینی ژاپۆن و هێشتەوە و شکستی پێهێنا. میللەتی چین زیاتر لە 35 ملیۆن كەس قوربانی بەخشی لە سەربازی و مەدەنی، زیانی ئابووریش زیاتر لە 600 ملیار دۆلار بوو.

لەماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا،  سەربازەكان و خەڵكی مەدەنی چین،  هەزاران پەرەشوتەری ئەمریکی و دیلەکانی جەنگی بەریتانیایان لەمەرگ  ڕزگار کردووە. دەریاوانە چینییەکان وەک “هێڵی ژیان”ی گواستنەوەی دەریایی خزمەتیان دەکرد، بەردەوام بوون لە دابینکردن و گواستنەوەی نەوتی تونگ  و کانزای تەنگستن لە چینەوە بۆ هێڵەکانی بەرهەمهێنانی كەلوپەلی سەربازی زلهێزە هاوپەیمانەکان، بەوەش بەشدارییەکی بەرچاویان لە سەنگەرەکانی دیکەی شەڕ دژی فاشیزمدا کرد.

گەلی چین بە فیداکاری و خەباتی خۆی، نەتەوەی چینی لە قەیران ڕزگار کرد و ئاشتی جیهانی پاراست. لەگەڵ ئەوەشدا،  گەلی چین هەرگیز بەشداریی خەڵک لە سەرانسەری جیهان لەبیر ناکات، كەبوونە پاڵپشت  بۆ سەرکەوتنی چین لە شەڕی خۆڕاگریدا. چیرۆکە کاریگەرەکان و ئەخلاقی بەخشندەیان بۆ هەمیشە لە دڵی گەلی چیندا هەڵكۆڵدراوەو دەمێنێتەوە!

لە دوای جەنگی جیهانی دووەم هێشتا جیهان دوورە لە ئاشتی و سەقامگیری، بارودۆخی نێودەوڵەتی گۆڕانکاری و ئاڵۆزی و دووبارەبوونەوەی ململانێی ناوچەیی بەسەردا دێت. لەم ساڵانەی دواییدا هەژموونی سیاسی و تاکلایەنیی ئابووری و نیهیلیزمی مێژوویی لە هەڵکشاندایە، ململانێی ناوچەیی دووبارە دەبێتەوە و کاردانەوەیەک لە دژی جیهانگیری سەریهەڵداوە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان و، میکانیزمە فرەلایەنەکانی دیکە هەبووە و حوکمڕانی جیهانی خستۆتە دوو ڕیانێكی چارەنوسساز  لە نێوان پێشکەوتن و پاشەكشەدا.

ئێستا لەجیهاندا بابەتێك هەیە كە بووەتە جێگەی بایەخی هەموو لایەك،  بابەتەكەش بریتییە لە چۆنیەتی چاکسازی و باشترکردنی سیستەمی حوکمڕانی جیهانی. ئایا ئێمە لەگەڵ ئاشتی و گەشەپێدانداین، یان شەڕ و پاشەکشەداین؟ ئایا ئێمە کراوەیی و گشتگیریمان پێ باشترە، یان گۆشەگیری؟ ئایا ئێمە هاوکاری و “بردنەوە- بردنەوە”مان پێ باشترە، یان یارییەکی کۆی سفر؟ واتە یارییەك لایەك زیان بكات و لایەك قازانج؟ گەلانی جیهان وەڵامێکی ڕوونیان بۆ ئەم پرسیارانە هەیە.

لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوودا، واتە لە دوای دامەزراندنی کۆماری میللی چینەوە، چین تاكە یەک شەڕیشی نەکردووە و باشترین تۆماری پاراستنی ئارامی و ئاسایشی لە نێوان زلهێزەکاندا هەیە. لە ساڵانی ڕابردوودا چین ڕۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە و لە پرسەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفغانستان، پرسی ئەتۆمی نیمچە دوورگەی کۆریا، قەیرانی ئۆکرانیا و چەندانی تردا، دیالۆگی بەرپا كردووە. شی جینپینگ، سەرۆکكۆماری چین جەختی لەوە کردۆتەوە كە “بەنرخترین وانە کە لە سەرکەوتنەکانی شەڕی بەرخۆدانی گەلی چین لە دژی دەستدرێژیی ژاپۆن و جەنگی جیهانی دژە فاشیست فێربووین، پێویستی پابەندبوونی  توندوتۆڵە بە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانەوە”.

تیۆری بنیاتنانی “کۆمەڵگەی هاوبەشی  مرۆڤایەتی” ، کە لەلایەن “شی جینپینگ” سەرۆکی چینەوە پێشنیار کراوە، درێژكراوەی میرات و پەرەپێدانی ئەزموونی بەنرخی سەرکەوتنی جەنگی جیهانی دووەمە.  ئەمەش بەشداریكردووە لە پاراستنی ئەو دەستكەوتانەدا كە بەزەحمەتی زۆر بەدەستهاتوون ودەشبنە هۆی بنیاتنانی جیهانێکی سەقامگیرتر و ئاوەدانتر و هاوسەنگتر.

لە داهاتووشدا چین پابەند دەبێت بەوەی  هاوکاریکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات،  بۆ پاراستنی دادپەروەری و ئینساف و بەرجەستەکردنی دیدگای دروستی جەنگی جیهانی دووەم و، دژایەتیکردنی هەر هەوڵێک یان کردارێک كە بۆ شێواندن  یان ساختەکردنی مێژووی جەنگی جیهانی دووەم دەخرێنە كار.

هەروەها چین سیستەمی نێودەوڵەتی دەپارێزێت كە  نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێو سەنتەرەكەیدایە، فرەلایەنی ڕاستەقینە پراکتیزە دەکات، دژایەتی ڕەفتاری تاکلایەنە و هەژموونگەرانە دەکات، بەتایبەتی چەوساندنەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە.

چین پابەند دەبێت بە یەکسانی و ڕێزگرتنی یەکتر وەک ڕێبازێکی دروست بۆ مامەڵەکردن، نەک یاسای جەنگەڵەکان كەلەسەر بنەمای  سەرکەوتوو یان دۆڕاو دادەڕێژرێت. چین بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ بنیاتنانی فرە جەمسەری کە بە یەکسانی و ڕێکوپێکی و جیهانگیری ئابووری گشتگیر و  هەروەها بە تیۆری “بردنەوە-بردنەوە” دەناسرێتەوە، بەوەش حوکمڕانی جیهانی بەرەو ئاراستەیەکی دادپەروەرانە و مەعقولتر دەبات.

پاراستنی ئاشتی، بەهێزكردنی  گەشەپێدان و زیندووكردنەوەی ڕێنیسانسی  نیشتمانی، خواستی هاوبەشی گەلانی چین و عێراقە. ئەمساڵ ١٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی هاوبەشی ستراتیژی چین و عێراق تێدەپەڕێت، هەروەها یادی ١٠ ساڵەی واژۆکردنی جاڕنامەی هاوکاری” پشتێنە و ڕێگا”  تێدەپەڕێت. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا،  پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بە شێوەیەکی تەندروست و سەقامگیر پەرەیان سەندووە و،  هاوکاری پراکتیکی لە بوارە جیاوازەکاندا ئەنجامە بەرهەمدارەکانی بەدەستهێناوە.

Loading