دوو هەفتە لە چین

دوای زیاتر لە پانزە کاتژمێر، لە کوردستانەوە بۆ دوبەی و دواتر بێجینگ، دەگەینە هانگژۆ، شارێکی دڵنشین لە باشووری رۆژهەڵاتی چین، ئەوان پێی دەڵێن شاری پەرییەکان و ئێمە وەک بووکی وڵاتەکە وێنای دەکەین، بۆ گەشتێکی زانستیی هاتووین، میوانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی بامبۆین (CBRC), کە یەکێکە لە سەنتەرە مەزنەکانی چینی مەزن، پرۆگرامەکە رۆژانە بە شەش کاتژمێر وانە دەستپێدەکات، شەش رۆژ وانەی ناوپۆل و نۆ رۆژ لە وانە مەیدانییەکان، پرۆگرامەکە چیرۆکگەلی سەیر و وانەی جیاواز و نمونەی وێناکانی سەرکەوتنی لە خۆگرتووە، «بەڕێوەبردنی پلانی گەشەپێدانی چین»، ئەو ناونیشانەی هەموومان دەبەستێتەوە بە زۆرترین گوێگرتن و ڕامان و هەوڵدانمان بۆ ڕانانی ئەو دۆخەی رابردوو و داهاتووی چین بە یەکەوە دەبەستێتەوە و ئێستای هێندە خێرایە کە وەک پارچەیەک لە داهاتوویەکی پێشکەوتوو و پێشەنگ پێی دەگەینەوە.

لە هانگژۆین، پایتەختی هەرێمی ژیجانگ، دانیشتوانەکەی نزیکە لە پانزە ملیۆن کەس، بەڵام هێندە سیستەم و رێکوپێکی و گەشەسەندوویی شار و وڵاتەکە دەبینی، کەم کەس باوەڕ دەکا کە ئەمە چینە و گەورەترین وڵاتی جیهانە، وڵاتێک بە ١.٦ ملیار کەسەوە، بەڵام بەرد بەر بەرد ناکەوێ و ئەوە ناوی قەرەباڵغی و ترافیک و لۆد و زەحمەتە نایەتە رێت. لێرە لە یەکێک لە ئوتێلە نایابەکان و هەروەک لە یەکێک لە ریستۆرانتە ناوازەکان دەمێنینەوە، ئوتێلەکە بەسەر دارە باڵابەرزەکان و شەقامە خاوێن و دوورودرێژەکەی «وێنای» دەڕوانێت، لە پشتەوەش شەپۆلە سەوزە تێرەکانی رووباری گەورەی (Grand Canal), شارێک هەر چەند کاتژمێرێک جارێک بارانێکی بەلێزەمە کەشهەوای شارەکەت لێ دەگۆڕێت، لێرە پلەی گەرما لە ٣٠ پلەدایە بەڵام هەوای شێدار، مانەوە لەبەر تیشکی خۆر زەحمەت دەکات، بەڵام خواردنەکانی ریستۆرانتی NW-Halal، کە تەنها چەند مەترێک لە ئوتێلەکەوە دوورە، گەرما و شێت لەبیردەبەنەوە، خواردنی سەر مێزە خڕە سووراوەکە سێ ژەمە مێماننەوازی چینییەکانمان زیاتر لا تۆخ دەکەنەوە، بۆ ئێمەی رۆژهەڵاتی ماسی رەنگە پەسەندترین خواردن بێت کە لە ماوەی مانەوەمان لە چین، بە زیاتر لە حەوت جۆری جیاوازی لێنان ماسیمان تاقیکردەوە و چێژمان لێبینی، بەڵام گۆشتی سوور و مریشک و مراوی و رۆبیان خواردنە هەمیشەییەکانن و رۆژانەش چەند جۆرێکیتری خواردن بۆ ژەمەکان زیاد دەکرێن و ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت، میوەی تازەو بەتام لە نێوان ژەمەکاندا خەریکە ژەمەکان داگیردەکات، شووتی ئێرە لەو شوتییە بەتام و بێ غەوش و ناوازانەیە کە پانزە ساڵ لەمەوپێش لە بەنگەلۆری هیندستان تامم کرد.

لە هانگژۆ، پیاسەی بازاری گەورەی ئێن ٧٧ و بازاڕی کلتووری شارەکە و چەند مۆڵ و بازاڕچەیەکیتریش بوونە وێستگەی پیاسەکانی ئێواران، بەڵام لە هەموویان دڵنشینتر پیاسەی دەریاچەی رۆژئاوا بوو کە سێ جار، دیسان بۆی گەڕاینەوە و دیمەنە ناوازە و سیحرییەکانی نیوەڕوان و پیاسە ئێوارانەکانی لە چێژبەخشترین یادەوەرییەکانن، بە تەنیشت دەریاچەکەوە دەرفەتمان بۆ رەخسا بچینە جەزیرەکەی ناوەندی دەریاچەکەوە و ئێوارەیەکیش خۆمان خستە ناو مەسعەدە بەرزەکەوە و لە تاوەری بەرزی لەیفێنگ پاگۆدا زیاتر لە هەمیشە شەوانی هانگژۆمان لە ئاسمانەوە بینی، خوایە ئەم هەموو جوانییە، شارێک بە ڕاستی دڵبەرە وەک ناو و وەک بوون و مێژووەکەی. هەینی یەکەمی گەشتەکەمان لە هانگژۆین و بۆ وتار و نوێژی جومعە دەچینە یەکێک لە مزگەوتە گەورەکانی شار، دەرگای مزگەوت داخراوە و خەریکی دەسکاریکردنی مزگەوتەکەن، پۆلیسێک رێنماییمان دەکات بۆ مزگەوتێکی کاتیی، دەچینە ئەوێ و غەریبانی شار هەر یەکەو لە وڵاتێکەوە لەوێ کۆبوونەتەوە، مامۆستایەکی گەنج بە زمانیی چینی وتاری یەکەم پێشکەش دەکات و دواتریش مامۆستایەکی بە تەمەن، عەسا باڵابەرزەکەی دەگرێتە دەستی و وتارە عەرەبییەکە دەخوێنێتەوە، وتارێکی شیرین، و لەگەڵ تەواوبوونی نوێژ و هاتنە دەرەوەمان لە مزگەوت، گەنجێکی ئۆردونی دانیشتووی هانگژۆ جامی سەیارەکەی هێنایە خوارەوە، چنگێ خورمای ئوردنی ناوازەی کردە دەستمەوە، شیرین شیرین، وەک خۆی، وەک مزگەوتەکە، وەک غەریبان.

سەنتەری لێکۆڵینەوەی بامبۆ، تیمێکی پێنج کەسی داناوە کە

بەردەوام لەگەڵمانن، رێبەر و وەرگێڕ، هاوکار و ئاسانکار، هێندە بەڕێز، هەر دەڵێی خوێندکاری خۆمانن، یانی بۆ ئێمەی گروپی ٣٤ کەسیی کە لە نۆ وڵاتی جیاوازەوە لەم پرۆگرامەداین، ئەوان ئێمەیان بە خێزانی خۆیانەوە بەستووەتەوە و خوشک و برایانە رێز و شکۆ ریز دەکەن، لە رۆژەکانی سەرەتای پرۆگرامەکەوە، لوتفیان نواند و بە زۆەینەی دەنگ ئەم برایەی خۆیان کرد بە مۆنیتەری گروپەکە و وەک نوێنەری گشتی گروپەکە ئەرکی رۆژانەیان خستەسەرشان، مەسیرەکەمان لە رۆژی پێنجەمدا ئیتر دەبوو ڕێگایەکی درێژ و باڵابەرز بۆ قووڵای دڵی دارستانە چڕەکان بگرێتە بەر، بەرەو هەرێمی ٥٠٠ هێکتاری داری بامبۆ، ئۆتێل و ئیسراحەتگا و مۆزەخانە و کارگەری مێژوویی خەڵوزی بامبۆ، لە سیوجانگ، لێرە دەبینە میوانی خێزانێکی هەژاریی پێنج دەیەی ڕابردوو، بەڵام زەنگین و وەبەرهێن و دەوڵەمەندی ئەمرۆ، کە لە بەرهەمهێنانی خەڵووزی بامبۆوە، ئێستا گەشتوون بە گەورەترین کارگەری بەرهەمەکانی خەڵوزی بامبۆ، خاوەنی کۆمپانیاکە گەنجێکی ٢١ ساڵ، بەڵام بەتوانا و لێهاتوو، لە وانەیەکی چەند کاتژمێریدا بە خۆی و زمانە پاراوو پێکەنینە شیرینەکانیەوە هەموومانی ئاشناکرد بە چیرۆکی فرۆشتنی خانووەکەی باپیری و دەستپێکردنی یەکەمین چاڵی بەرهەمهێنانی بامبۆ و تا گەشتنە بەم رۆژە پرشگدارانەی خێزانەکەیان، ئەوان لە بامبۆ، پێڵاو و گوێرەوی، جلوبەرگ و مەوادەکانی جوانکاری، کیبۆردی کۆمپیوتەر و حاسیبە و قەنەفە، تا سابوون و بەرهەمەکانی پاکوخاوێنی، هەموویان بەرهەمدەهێنا و هەر لەوێش لە مارکێتەکەیاندا ساغیان دەکردەوە، هەر لە سیوجانگ چوینە کارگەری بەرهەمهێنانی پاتری کە ئەویش هەر لە خەڵووزی بامبۆ بەرهەمدەهێنرا.

رۆژانی دواتر دەچینە لیشوی، لەوێ دارستانە چڕەکان و باخچە ناوازەکانی چا و هەروەک یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی دروستکردنی یاریی منداڵان/لە دار دروستکراو (Leo and Friends) دەبینین، کارگەیەک بە هەزاران جۆر یاری رەنگاورەنگ و زرق و برقی ناوازەوە، هەر لێرە دەچینە کیارەکانی برنج لە شاخە بەرزەکانی لیشووی، بەهەشتێکی خوایی، کە زیاتر و زیاتر هۆگر دەبیت بە جوانییەکانی ئەم وڵاتەوە، کیارە پێچاوپێچەکان، ماکاوە بەرز و نزمەکان، دارۆغای ئەو شاخ و هەردە کە برنجی نایاب بەرهەم دەهێنن، هێندە دیمەنێکی ناوازەی بەو ئەرز و بوومە بەخشیوە کە داهاتی گەشتیاریی ناوچەکەی دەیان هێندەی داهاتی برنجەکە بەرزکردووەتەوە.

گەشتەکەمان لە رۆژانی دواتردا جگە لە بەسەرکردنەوەی قوتابخانەیەکی ناوەندیی شاری لیشووی، پیاسەیەکی تایبەتی بیچە دەسکردەکەی تینگتانگی تێدەکەوێت، گووندێکی دوورەدەست کە تەنها دەیەیەک لەمەوپێش یەکێک بووە لە یەکێک لە گوندە هەژارەکانی چین، بەڵام لیژنەی گەشەپێدانی پارێزگاکە، پرۆژەیەک پێشکەش دەکەن و لە جۆگەلەی گوندەکەوە دەریاچەیەکی ناوازە دروست دەکرێت کە نەک هەزاران گەشتیار بۆ ناوچەکە رادەکێشێت و هاوکاری بەرهەمهێنانی ماسیی لەم دۆڵە سەرسەوزەدا بە رێژەیەکی بەرز دەکاتە خەڵاتی دانیشتوانەکەی.

سێ رۆژی کۆتایی گەشتە دوو هەفتەییەکەمان دەگەڕێینەوە هانگژۆ و جگە لە پیاسەیەکیتری شارەکە، رۆژی سیمیناری وڵاتەکان بەڕێوەدەچێت، هاوڕێیانم سیمیناری کوردستان پێشکەش دەکەن و منیش سیمینارێک لە سەر گروپی کۆمپانیاکانی جیهان وەک یەکێک لە هاوبەشەکانی وڵاتی چین دەخەمەڕوو، رۆژی دواتریش مەراسیمی کۆتایی پرۆگرامەکە سازدەکەین، لێرە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی چین، وتاری نوێنەرایەتی گشتی ئامادەبووان دەخوێنینەوە، کە جگەلە گرنگی پرۆگرام و گەشتەکە و سوپاسی رێکخەرەکانی بە گرنگییەوە باس لە فراوانکردنی پەیوەندی و هەماهەنگییەکان دەخرێتەڕوو. رۆژی کۆتایی، وەفدی وڵاتەکان بە جیایا جیا ماڵئاوایی دەکەن و بەرەو فرۆکەخانە بەڕێدەخرێن، بەڵام دیمەنی گریان و فرمێسکەکانی خاتوو جۆیسیخ رێبەری پرۆگرامەکە لە ماڵئاوایی تیمەکاندا، دیمەنێکی کاریگەربوو کە هەموومانی خەمبارکرد. سوپاس چین، سوپاس هانگجۆ، و سوپاس جۆیسی!

سوپاسی فراوان بۆ سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆو پەیمانگەکانی جیهان و سەرۆکی زانکۆی جیهان سلێمانی بۆ متمانە و پاڵپشتی و هاندانیان.

Loading