چین بەكوردی بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن

库尔德语中的中国研究和媒体

هەڵوێستی حکومەتی چین سەبارەت بە دژایەتیکردنی خراپ بەکارهێنانی باج لەلایەن ئەمریکاوە

Loading

لەم دواییانەدا ئەمریکا بە بیانووی جۆراوجۆر باجی بەسەر هەموو هاوبەشە بازرگانییەکانیدا سەپاندووە بە چینیشەوە. ئەمەش بە توندی پێشێلکردنی ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی هەموو وڵاتان و پێشێلکردنی توندی ڕێساکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییه‌ (WTO) و بە توندی تێکدانی سیستەمی بازرگانی فرەلایەنە لەسەر بنەمای ڕێساکان و بە توندی سیسته‌می ئابووری جیهانی تێکدەدات. حکومەتی چین بە توندی ئیدانەی ئەم هەنگاوە دەکات و دژایەتی دەکات.

ئەمریکا بە گرتنەبەری ئەم جۆرە کارە، یاسا بنەڕەتییەکانی ئابووری و بنەماکانی بازاڕ سەرپێچی دەکات، ئەو دەرئەنجامە هاوسەنگانە پشتگوێ دەخات کە لە ڕێگەی دانوستانەکانی بازرگانی فرەلایەنەوە بەدەست هاتوون، ئەو ڕاستییە پشتگوێ دەخات کە ئەمریکا لە مێژە سوودێکی بەرچاوی لە بازرگانی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و باجەکان به‌كارده‌هێنێت بۆ ئەوەی زۆرترین فشار بخاته‌ سه‌ر وڵاتان بۆ بەرژەوەندییە خۆپەرستەکانی خۆی. ئەمە بریتییه‌ له‌ کردەوەیەکی تاکلایەنە و پارێزگاریکردن و چەوساندنەوەی ئابوورییە. ئەمریکا لە ژێر پەردەی “بەرامبەرایەتی” و “دادپەروەری”دا، یارییەکی کۆی سفر دەکات بۆ گەیشتن بە جەوهەری “ئەمریکا یەکەم” و “ئیستسنای ئەمریکی”. هەوڵدەدات گومرگەکان بقۆزێتەوە بۆ تێکدانی نەزمی ئابووری و بازرگانی نێودەوڵەتی ئێستا، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بخاتە سەرووی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێشخستنی سووده‌ هەژموونییەکانی ئەمریکا له‌سه‌ر حیسابی بەرژەوەندییە ڕەواکانی هەموو وڵاتان. بە دڵنیاییەوە هەنگاوێکی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە.

چین شارستانیەتێکی کۆن و خاکی لێهاتوویی و ڕاستودروستییە. گەلی چین بەهایەکی زۆر بە دڵسۆزی و نیازپاكی دەدات. ئێمە کێشە دروست ناکەین، وە لێی ناترسین. فشار و هەڕەشەکردن ڕێگەیەکی دروست نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چین. چین ڕێوشوێنی توندی بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی گەشەپێدانی گرتووەتەبەر و بەردەوامیش دەبێت. پەیوەندی ئابووری نێوان چین و ئەمریکا دەبێت بۆ سوود وقازانجی هەردوولادا بێت. پێویستە ئەمریکا لەگەڵ خواستی هاوبەشی گەلانی هه‌ردوو وڵات و جیهاندا بڕوات و بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی هه‌ردوو وڵات له‌به‌رچاوبگرێت، و واز لە بەکارهێنانی باج وەک چەکێک بۆ سەرکوتکردنی چین لە ڕووی ئابوورییەوە بهێنێت و واز لە تێکدانی مافە ڕەوایەکانی گەشەپێدانی گەلی چین بهێنێت.

چین وەک دووەم گەورەترین ئابووری جیهان و دووەم گەورەترین بازاڕی کەلوپەلی بەکاربەر، پابەندە بە کرانەوەی فراوانتر بەڕووی جیهاندا، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە دۆخی نێودەوڵەتی چۆن دەگۆڕێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشخستنی كرانه‌وه‌ی ستانداردی بەرز. بە شێوەیەکی بەردەوام کرانەوەی دامەزراوەیی لە یاسا و ڕێسا و بەڕێوەبردن و ستانداردەکاندا فراوانتر دەکەین. سیاسەتی ستانداردی بەرز بۆ ئازادکردن و ئاسانکاری بازرگانی و وەبەرهێنان جێبەجێ دەکەین. کاردەکەین بۆ پەروەردەکردنی ژینگەیەکی بازرگانی ئاست بەرزی جیهانی، لەسەر بنەمای یاسا، و ئاڕاستەكراوی بازاڕ. دەرفەتەکانی گەشەپێدانمان لەگەڵ جیهاندا دابەش دەکەین بۆ سوودی هاوبەش.

جیهانگیری ئابووری تاکە ڕێگایە بۆ پێشکەوتنی مرۆڤ. سیستەمی بازرگانی فرەلایەنە کە لەسەر بنەمای ڕێساکان دامەزراوە و سەنتەری ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییە، لە پێشخستنی بازرگانی جیهانی و گەشەی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوامدا زۆر گرنگ بووە. کراوەیی و هه‌ماهه‌نگی ڕەوتێکی مێژووییە. جیهان ناگەڕێتەوە و نابێت بگەڕێتەوە بۆ گۆشەگیری یان پارچەپارچەبوون. هەموو جیهان ئاواتەخوازی هه‌ماهه‌نگی سوودی هاوبه‌شه‌. جیهانگیری ئابووری کراوەتر و گشتگیرتر و هاوسەنگتر و سوودبەخشتر بۆ هەمووان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

گەشەپێدان مافێکی بێبەشنەکراوی هەموو وڵاتانە، نەک ئیمتیازێكی تایبەت به‌ چەند وڵاتێک. پێویسته‌ کاروباری نێودەوڵەتی لە ڕێگەی ڕاوێژەوە چارەسەر بکرێن، و داهاتووی جیهان لە لایەن هەموو وڵاتانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت. لە شەڕی بازرگانی و گومرگیدا هیچ براوەیەک نییە. پارێزگاریخوازی ڕێگای بنبەستە. پێویستە هەموو وڵاتان بنەماکانی ڕاوێژکاری بەرفراوان و بەشداری هاوبەش و سوودی هاوبەش بپارێزن. پێویستە فرەلایەنی ڕاستەقینە ئه‌زموون بکەن، بە هاوبەشی دژی هەموو جۆرەکانی تاکلایەنە و پارێزگاریکردن بن و بەرگری لە سیستەمی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سیستەمی بازرگانی فرەلایەنە بكه‌ن کە سەنتەری ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییە. ئێمە دڵنیاین کە زۆرینەی ڕەهای وڵاتان، پابەندن‌ بە دادپەروەری و یه‌كسانی، و لە دیوی ڕاستی مێژوودا دەوەستن و لە بەرژەوەندی خۆیاندا مامەڵە دەکەن. پێویسته‌ جیهان دادپەروەری له‌خۆبگرێت و هەژموونی ڕەت بکاتەوە!

error: Content is protected !!