پێكەوە کارکردن بۆ پێشخستن و نوێبوونەوەو هەوڵی هاوبەش بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت
* وتاری سەرەکی شی جینپینگ سەرۆککۆماری میللی چین لە دانیشتنی دەستپێکی لوتکەی پەکین لە کۆڕبەندی هاوکارییەکانی چین و ئەفریقا
(پەکین، 5ی ئەیلوولی 2024)
بەڕێز سەرۆکی ڕێزدار باسیرۆ دیۆمای فایە،
سەرۆکی كاتی یەکێتی ئەفریقا، بەرێز محەمەد ئوڵد شێخ غەزوانی،
سەرۆکی بەڕێزی دەوڵەت و حکومەت و شاندەکان،
بەڕێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس،
سەرۆکی بەڕێزی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەفریقا، موسا فاکی مەهامەت،
هاوڕێیانی خۆشەویست و میوانە بەڕێزەکان،
پەندێکی چینی دەڵێت گوڵ لە بەهاردا لە پایزدا دەگۆڕێت بۆ میوە و دروێنەیەکی بەخشندە پاداشتی کاری قورسە. لەم وەرزەی دروێنەدا، خۆشحاڵم کە لەگەڵ هاوڕێ کۆن و نوێکان لە پەکین کۆدەبمەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی دۆستایەتی و هاوکاری نێوان چین و ئەفریقا لە سەردەمی نوێدا. زۆر خۆشحاڵم بە ناوی حکومەت و گەلی چینەوە پێشوازییەکی گەرمتان لێبکەم!
دۆستایەتی چین و ئەفریقا فەزا و کات و مەودای جوگرافی تێدەپەڕێنێت و، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە. کۆڕبەندی هاوکاری چین و ئەفریقا لە ساڵی 2000 دامەزرا، کە وەک هێمایەک لە مێژووی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی چین و ئەفریقادا گرنگییەکی زۆری هەیە. ماوەی 24 ساڵە و بەتایبەت دوای چوونە ناو سەردەمی نوێ، گەلی چین و خوشک و برا ئەفریقییەکان دەست بە دەست بەرەو پێشەوە دەچن، پابەندن بە چەمکی شەفافیەت و پراکتیکی و ئینتیما و ڕاستگۆییەوە. ئێمە شانبەشان و دەست لە دەست و بە خۆڕاگرییەوە بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانمان دەکەین، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکاریانەی کە سەد ساڵە جیهان وێنەی نەبووە. ئێمە کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی تواناکانمان لە چوارچێوەی جیهانگیری ئابووریدا، تاكو وا لە ملیارەها خەڵکی چینی و ئەفریقی بکەین سوود لە بەرهەمی گەشەسەندن وەربگرن. ئێمە لە بەرامبەر کارەسات و پەتای جددیدا، پێكەوە خەبات دەکەین و هاوبەشی سامان و ئازارین؛ ئێمە هەمیشە لێکتێگەیشتن و پشتیوانی ئاڵوگۆڕ دەکەین، مۆدێلێک بۆ جۆرێکی نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەنێین.
پەیوەندییەکانی چین و ئەفریقا دوای نزیکەی ٧ دەیە هەوڵدان بە باشترین قۆناغی مێژوودا تێدەپەڕن. بۆیە پێشنیار دەکەم کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان چین و هەموو ئەو وڵاتانەی ئەفریقا کە پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ چین هەیە، بۆ ئاستی پەیوەندییە ستراتیژییەکان بەرز بکەینەوە، و پەیوەندییەکانی چین و ئەفریقا بە گشتی بەرز بکەینەوە بۆ ئاستی کۆمەڵگەیەکی چین-ئەفریقا بۆ… داهاتوویەکی هاوبەش!
هاوڕێیانی خۆشەویست و میوانە بەڕێزەکان!
گەیشتن بە نوێبوونەوە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان مافێکی ڕەوایە. پڕۆسەی نوێبوونەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، زۆرێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی تووشی ئازارێکی زۆر کردووە. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، چین و وڵاتانی ئەفریقا و وڵاتانی جیهانی سێیەم، بە ڕێککەوت سەربەخۆیی و گەشەسەندنیان بەدەستهێنا و هەوڵی بەردەوامیان دا بۆ ڕاستکردنەوەی نادادپەروەری مێژوویی لە پرۆسەی نوێبوونەوەدا. کۆماری میللی چین کە بەم زووانە یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە، بە ئیرادەیەکی بێ چەواشەکارییەوە خەریکی پێشخستنی دۆزی گەورەی بنیاتنانی وڵاتێکی بەهێز و بەدیهێنانی گەنجبوونەوەی هەمەلایەنەی نەتەوەیە لە ڕێگەی نوێبوونەوەی شێوازی چینییەوە. لای خۆیەوە ئەفریقا بەئاگابوونەوەیەکی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت، و پێشکەوتنی بەردەوام بەرەو ئامانجی نوێبوونەوە بەدەست دەهێنێت کە لە “کارنامەی 2063″ی یەکێتی ئەفریقادا دانراوە. بەدڵنیاییەوە بەدواداچوونی هاوبەشی خەونی نوێبوونەوە لەلایەن چین و ئەفریقاوە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەپۆلێکی نوێبوونەوە لە وڵاتانی باشووری جیهانی و لاپەڕەیەکی نوێ لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکدا دیاری دەکات کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی.
پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ پێشخستنی نوێبوونەوە کە دادپەروەر و دادپەروەرانە بێت. پێشخستنی بنیاتنانی نوێبوونەوەی نەتەوەیی پێویستی بە پابەندبوونە بە یاسا گشتییەکانی نوێبوونەوە و گرنگترین شت ئەوەیە کە لەگەڵ بارودۆخی نیشتمانیدا بگونجێت. لایەنی چینی حەز دەکات ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لەگەڵ لایەنی ئەفریقی لە بواری حوکمڕانیدا بەرز بکاتەوە، هەروەها پاڵپشتی وڵاتانی ئەفریقا بکات بۆ گەڕان بەدوای شێوازەکانی نوێبوونەوە کە لەگەڵ بارودۆخی نیشتمانی خۆیاندا بگونجێت، دڵنیابوون لە یەکسانی لە نێوان وڵاتانی جیهان لە ڕووی ماف و دەرفەتەکانەوە .
پێویستە پێکەوە کار بکەین بۆ پێشخستنی نوێبوونەوەیەك کە کراوە بێت و سوودی بۆ هەمووان هەبێت. بەو پێیەی هاوکاریی قازانجی هاوبەش بە ڕێگایەکی ڕاست دادەنرێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییە بنەڕەتی و درێژخایەنەکانی هەموو وڵاتان دەگونجێت، لایەنی چینی حەز دەکات هاوکارییەکانی لەگەڵ لایەنی ئەفریقی لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، ژێرخانی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێناندا قووڵتر بکاتەوە و دانانی مۆدێلێک بۆ هاوکاری لە دروستکردنی ” پشتێنە و ڕێگا” بە کوالیتی بەرز، و هەوڵی هاوبەش بۆ دانانی نموونەیەک بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی.
پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ پێشخستنی مۆدیلێكی نوێبوونەوە کە خەڵک لە سەرووی هەموو ئیعتیبارەكانەوە دابنێت. بەو پێیەی گەیشتن بە گەشەپێدانی مرۆیی ئازاد و هەمەلایەنە ئامانجی کۆتایی نوێبوونەوەیە، لایەنی چینی حەز دەکات چالاکانە هاوکاری لەگەڵ لایەنی ئەفریقی بکات لە بوارەکانی ڕۆڵپێدانی کەسانی شایستە، کەمکردنەوەی هەژاری، پشتگیریکردنی هەلیکار، زیادکردنی قازانج، دڵخۆشی و زیادکردنی قازانج و بەختەوەریی گەلان و… ئاسایش لە پرۆسەی نوێبوونەوەدا، و هەوڵی هاوبەش بۆ ئەوەی نوێبوونەوە سوودی بۆ هەموو گەلان هەبێت.
پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ پێشخستنی نوێبوونەوەیەك کە بە فرەچەشنی و گشتگیری دەناسرێت. بەو پێیەی گەیشتن بە گەشەسەندنی هاوسەنگ لە نێوان شارستانییەتی ماددی و شارستانییەتی ڕۆحیدا هەوڵی بەرزی نوێبوونەوەیە، لایەنی چینی حەز دەکات پەیوەندیی خەڵک بە خەڵک و کولتووری لەگەڵ لایەنی ئەفریقی چڕتر بکاتەوە، داوای ڕێزگرتنی یەکتر و لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە نێوان شارستانییەتە جیاوازەکانی نێو پرۆسەی نوێبوونەوە، تاكو هەوڵی هاوبەش بدەن بۆ پێشخستنی بەدەستهێنانی ئەنجامە بەرهەمدارەکان لە چوارچێوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانیدا.
—پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ پێشخستنی نوێبوونەوەی ژینگەدۆستانە. بەو پێیەی گەشەپێدانی سەوز نیشانەیەکی نوێبوونەوەیە لە سەردەمی نوێدا، لایەنی چینی حەز دەکات یارمەتی لایەنی ئەفریقی بدات بۆ دروستکردنی “بزوێنەری گەشەی سەوز”، کەمکردنەوەی بۆشایی دەستڕاگەیشتن بە وزە، پابەندبوون بە بنەمای بەرپرسیارێتی هاوبەش، بەڵام جیاواز و بە هاوبەشی پێشکەوتن گۆڕینی سەوز و کەمكردنەوەی دەردانی کاربۆنی جیهان.
پێویستە پێکەوە کار بکەین بۆ پێشخستنی نوێبوونەوە کە بە ئاشتی و ئاسایش تایبەتمەندە. بەو پێیەی نوێبوونەوە لە ژینگەیەکی گەشەپێدانی ئارام و سەقامگیردا دەبێت، لایەنی چینی حەز دەکات یارمەتی ئەفریقا بدات بۆ بەرزکردنەوەی توانای خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری بە ئیرادەی سەربەخۆی خۆی، پێشخستنی جێبەجێکردنی دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی لە ئەفریقا پێش ئەوانی دیکە، بەرزکردنەوەی… کارلێکی ئەرێنی لە نێوان گەشەپێدانی کوالیتی بەرز و ئاسایشی ئاستی بەرز، و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا پێکەوە.
هاوڕێیانی خۆشەویست و میوانە بەڕێزەکان،
نوێبوونەوەی جیهان بەبێ نوێبوونەوەی چین و ئەفریقا کە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان لەخۆدەگرن، مەحاڵە. لە سێ ساڵی داهاتوودا لایەنی چینی ئامادەیە لەگەڵ لایەنی ئەفریقا کاربکات بۆ جێبەجێکردنی دە کاری هاوبەشی چین و ئەفریقا بۆ پێشخستنی نوێبوونەوە و قووڵکردنەوەی هاوکاری چین و ئەفریقا و سەرکردایەتیکردنی پرۆسەی نوێبوونەوەی باشووری جیهان.
یەکەم: کارکردنی هاوبەشی بۆ سوودی هاوبەشی نێوان شارستانیەتەکان. لایەنی چینی حەز دەکات لەگەڵ لایەنی ئەفریقی کاربکات بۆ بنیاتنانی پلاتفۆرمی چینی-ئەفریقی بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لەسەر حوکمڕانی، دامەزراندنی تۆڕێکی زانیاری گەشەپێدان بۆ چین و ئەفریقا و 25 سەنتەری چینی-ئەفریقی بۆ خوێندن، شایستەکردنی کەسانی لێهاتوو لە بواری حوکمڕانیدا لەسەر بنەمای ئەکادیمیای سەرکردایەتی ئەفریقا، و بانگهێشتکردنی هەزار کەسایەتی حزبی لە ئەفریقا بۆ سەردانی چین بە مەبەستی قووڵکردنەوەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لەسەر حوکمڕانی حزبی و دەوڵەتی نێوان هەردوولا.
دووەم: کاری هاوبەشی بۆ خۆشگوزەرانی بازرگانی. چین ئامادەیە دەستپێشخەری بکات بۆ فراوانکردنی بازاڕی ئازاد بە شێوەیەکی تاکلایەنە، لەڕێگەی بڕیارێكەوە بۆ پێدانی ئیمتیاز بە هەموو ئەو وڵاتانەی کەم گەشەسەندوون و پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ چین هەیە، لەنێویاندا 33 وڵاتی ئەفریقا، مامەڵەی سفری گومرگی لەسەر 100%ی بەرهەمەكانیان كەهاوردە دەکرێن بۆ چین، و ئەمەش وا دەکات چین یەکەم وڵاتی گەورەی گەشەسەندوو و ئابووری گەورەی جیهانە کە ئەم ڕێوشوێنە جێبەجێ دەکات، بەمەش بازاڕی زەبەلاحی چینی دەکاتە دەرفەتێکی ئومێدبەخش بۆ ئەفریقا. ئەمە جگە لە فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەفریقا، قووڵکردنەوەی هاوکارییەکان لە بواری بازرگانی ئەلیکترۆنی، و جێبەجێکردنی “بەرنامەی بەرزکردنەوەی کوالیتی چین-ئەفریقا”. لایەنی چینی ئامادەیە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنی ئەفریقی بکات بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوبەشی ئابووری بۆ گەشەپێدانی هاوبەش، کە گەرەنتییەکی دامەزراوەیی درێژخایەن و جێگیر و پێشبینیکراو بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان چین و ئەفریقادا دابین دەکات.
سێیەم: کاری هاوبەشی بۆ هاوکاری لەبەهێزكردنی زنجیرە پیشەسازییەکاندا. لایەنی چینی حەز دەکات بازنەیەکی گەشەکردن بۆ هاوکاری پیشەسازی لەگەڵ لایەنی ئەفریقی پێکبهێنێت، کاربکات بۆ بنیاتنانی ناوچەی پێشەنگ بۆ هاوکاری قووڵی ئابووری و بازرگانی نێوان چین و وڵاتانی ئەفریقا، و دەستپێکردنی “بەرنامەی بەهێزکردنی کارگە بچووک و مامناوەندەکانی ئەفریقا. ” لایەنی چینی لەگەڵ لایەنی ئەفریقی کاردەکات بۆ دامەزراندنی سەنتەری هاوکاری تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی چین و ئەفریقا، و دروستکردنی 20 پڕۆژەی دیجیتاڵی مۆدێل، بە مەبەستی ئەوەی بە هاوبەشی هاوسەنگ بن لەگەڵ خولێکی نوێی شۆڕشی تەکنەلۆژی و گۆڕانکاری پیشەسازی.
چوارەم: کاری هاوبەش بۆ پەیوەندی و پەیوەستەگی توندوتۆڵ. لایەنی چینی حەز دەکات 30 پڕۆژەی پەیوەندی ژێرخانی لە ئەفریقا جێبەجێ بکات، و لەگەڵ لایەنی ئەفریقی پێکەوە کاربکەن بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری لە بنیاتنانی ” پشتێنە و ڕێگا” بە کوالیتی بەرز، و بنیاتنانی تۆڕی پەیوەستبوون و پەیوەندی چینی و ئەفریقی کە تایبەتمەند دەبێت بە کارلێککردن لەهەردوو ئاستی وشکانی و دەریاوە لەپێناوی گەشەپێدانی هاوسەنگدا. لایەنی چینی ئامادەیە هاوکاری پێشکەش بکات بۆ بنیاتنانی ناوچەی بازرگانی ئازادی کیشوەری ئەفریقا، و قووڵکردنەوەی هاوکاری لۆجستی و دارایی، بۆ یارمەتیدانی ئەفریقا بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی نێوان هەرێمەکان.
پێنجەم: کاری هاوبەشی بۆ هاوکاری و پەرەپێدان. لایەنی چینی دەیەوێت بەیاننامەیەکی هاوبەش لەگەڵ لایەنی ئەفریقی دەربكات، سەبارەت بە قووڵکردنەوەی هاوکارییەکان لە چوارچێوەی دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی و جێبەجێکردنی 100 پڕۆژەی “بچووک و قەشەنگ” لە بواری بژێوی خەڵک و تەرخانكردنی سەرمایەی پێویست بۆ بانکی جیهانی و دروستكردنی سندوقی هاوبەشی، بە ئامانجی بەشداریکردن لە گەشەپێدانی ئەفریقادا. لایەنی چینی پشتگیری لە بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی لاوان لە ساڵی 2026 و جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە ساڵی 2027 دەکات، بۆ ئەوەی گەلی چین و گەلی ئەفریقا باشتر سوودمەندبن لە بەرهەمەکانی گەشەپێدان.
شەشەم: کاری هاوبەشی لە بواری تەندروستیدا. لایەنی چینی حەزی لە دامەزراندنی کۆمەڵەی نەخۆشخانەکانی چین و ئەفریقا و دامەزراندنی سەنتەری پزیشکی هاوبەشە بە هاوکاری لایەنی ئەفریقی. لایەنی چینی دوو هەزار تیمی پزیشکی دەنێرێت بۆ ئەفریقا، 20 پڕۆژەی پەیوەست بە پزیشکی، تەندروستی و کۆنترۆڵکردنی مەلاریا جێبەجێ دەکات، هانی کۆمپانیا چینییەکان دەدات تاكو وەبەرهێنان لەبواری بەرهەمهێنانی دەرماندا بکەن، بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئەفریقا، تا ئەو جێگایەی کە دەتوانن بەشداربن لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکانی ئێستا، و پشتگیریکردن لە دروستکردنی سەنتەری ئەفریقا بۆ خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی، لەوانەش زیادکردنی توانای وڵاتانی ئەفریقا لە بواری تەندروستی گشتیدا.
حەوتەم: کاری هاوبەشی بۆ پێشخستنی کشتوکاڵ و خزمەتکردنی خەڵک. لایەنی چینی هاوکاری خۆراکی بەپەلە پێشکەش بە ئەفریقا دەکات بە بەهای یەک ملیار یوان، ناوچەیەکی تاقیکاریی ستانداردی کشتوکاڵی 100 هەزار میو دروست دەکات، 500 پسپۆڕی کشتوکاڵ دەنێرێت بۆ ئەفریقا، کۆمەڵەی داهێنانی تەکنەلۆژیای چین-ئەفریقا لە کشتوکاڵدا دادەمەزرێنێت، 500 پڕۆژە بۆ مەبەستی قازانج نەویست جێبەجێ دەکات، و… هاندانی کۆمپانیا چینی و ئەفریقییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی وەبەرهێنان و کارگێڕی لە لایەکی دیکەوە، بە مەبەستی پاراستنی بەهای زیادەی پیشەسازییەکان لە ئەفریقا، و لانیکەم یەک ملیۆن هەلیکار بۆ ئەفریقا ڕەخسێنین.
هەشتەم: کاری هاوبەشی بۆ پەیوەندی جەماوەری و کولتووری. لایەنی چینی حەز دەکات لەگەڵ لایەنی ئەفریقی کاربکات بۆ پێشخستنی پرۆگرامی “پەروەردەی پیشەیی – داهاتووی ئەفریقا” بە قووڵی هاوکاریکردن لە بنیاتنانی پەیمانگای ئەندازیاری و تەکنەلۆژیا، دامەزراندنی 10 “وەرشەی لێ پێن”، و دابینکردنی 60 هەزار دەرفەتی خوێندن بۆ ژنان و گەنجانی ئەفریقی، جگە لە هاوکاری لە جێبەجێکردنی بەرنامەی “رێگای ئاوریشمی کولتووری” و “بەرنامەی هاوکاری داهێنەرانە لە ڕادیۆ، تەلەفزیۆن و میدیای بینراو و بیستراودا.” هەروەها هه ردوولا بڕیاریان دا که ساڵی 2026 “ساڵی په یوەندییەکانی گەل به گەل و کولتووری نێوان چین و ئه فریقا” بێت.
نۆیەم: کاری هاوبەش بۆ گەشەپێدانی سەوز. لایەنی چینی دەیەوێت 30 پڕۆژەی وزەی پاک لە ئەفریقا جێبەجێ بکات، سەکۆی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی کەشوهەوا، ئەنجامدانی هاوکاری لە پێشگیری لە کارەسات و فریاگوزاری و پاراستنی جۆراوجۆری زیندەوەران، دامەزراندنی کۆڕبەندی چین-ئەفریقا بۆ بەکارهێنانی ئاشتیانەی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی، و هاوکاریکردن لە دامەزراندنی 30 تاقیگەی هاوبەش ئەنجامدانی هاوکاری لە بوارەکانی هەستکردن لە دوورەوە و مانگی دەستکرد، گەڕان بەدوای مانگ و بۆشایی ئاسماندا، ئەمەش بەمەبەستی یارمەتیدانی ئەفریقا بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی سەوز.
دەیەم: کاری هاوبەش بۆ گەیشتن بە ئاسایش. لایەنی چینی دەیەوێت پەیوەندی هاوبەش لەگەڵ لایەنی ئەفریقی سەبارەت بە جێبەجێکردنی دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی دروست بکات، ناوچەی هاوکاریی نمونەیی بۆ دەستپێشخەرییەکە دروست بکات، هاوکاری سەربازی بێبەرامبەر پێشکەش بە لایەنی ئەفریقی بکات بە بەهای یەک ملیار یوانی چینی، هەروەها ڕاهێنانی 6 هەزار کارمەندی سەربازی شایستە و هەزار کارمەندی جێبەجێکردنی یاسا لە ڕیزەکانی، بانگهێشتکردنی 500 ئەفسەری سەربازی گەنج بۆ سەردانی چین، ڕێکخستنی مانۆڕ و مەشقی هاوبەش، و گەشتە دەریاییە هاوبەشەکان لە نێوان سوپای چین و سوپای ئەفریقا، جێبەجێکردنی “بەرنامەی هاوکاری ئەفریقا بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی مین”، و پێکەوەكاركردن بۆ پاراستنی سەلامەتی پڕۆژەکان و کارمەندەکانیان.
بە مەبەستی جێبەجێکردنی “دە دەستپێشخەری هاوبەش”، حکومەتی چین حەز دەکات لە سێ ساڵی داهاتوودا 360 ملیار یوانی چینی وەک پشتیوانی دارایی پێشکەش بکات، لەنێویاندا هێڵی قەرز بە بەهای 210 ملیار یوانی چینی، 80 ملیار چینی یوان لە جۆرە جیاوازەکانی هاوکاری، و بۆ پارەدان بە کۆمپانیا چینییەکان بە وەبەرهێنانی لانیکەم 70 ملیار یوانی چینی لە ئەفریقا. هەروەها لایەنی چینی هاندەر و پشتیوانی لایەنی ئەفریقی دەكات بۆ دەرکردنی “بۆند پاندا” لە چین، پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ هاوکاریی پراکتیکی نێوان چین و ئەفریقا لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکەش دەکات.
هاوڕێیانی خۆشەویست و میوانە بەڕێزەکان،
سێیەمین دانیشتنی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی بیستەمی حزبی شیوعی چین کە لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو، پلانی سیستماتیکی بۆ بەردەوامبوون لە قووڵکردنەوەی هەمەلایەنەی چاکسازی و پێشخستنی نوێبوونەوەی شێوازی چینی دانا، کە بەردەوام دەبێت لە گۆڕینی چین.
پەندێکی ئەفریقی دەڵێت، “هاوڕێی ڕاستەقینە ئەوانەن کە بە هەمان ڕێگادا دەڕۆن”. نابێت کەس بەجێبهێڵین یان وڵاتێک بەجێبهێڵین لەسەر ڕێگای نوێبوونەوە. با هێزی زەبەلاحی گەلی چین و گەلی ئەفریقا کە ژمارەیان زیاتر لە 2.8 ملیار کەسە، کۆبکەینەوە و دەست بە دەست لەسەر ڕێگای نوێبوونەوەدا بڕۆین، و بەشداری بکەین لە نوێبوونەوەی باشووری جیهان، و وێنەیەکی نوێ لە مێژووی گەشەسەندنی مرۆڤایەتیدا بکێشین، و پێکەوە کاربکەین بۆ پێشخستنی جیهان بەرەو ئاسۆیەکی گەشاوەی پڕلە ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن!
سوپاس.
سەرۆکی چین شی جینپینگ بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی لوتکەی کۆڕبەندی هاوکاری چین و ئەفریقا (FOCAC) لە ساڵی 2024 کرد و وتاری سەرەکی پێشکەش کرد بە ناونیشانی ((پێكەوەكاركردن بۆ پێشخستن و نوێبوونەوە، و هەوڵدانی هاوبەش بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت) لە پەکین.




