خانەی حیكمەت(گێڕانەوەی چیرۆکی شارستانیەتی چینی، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی کولتووری و فێربوونی هاوبەش لە نێوان شارستانیەتی چینی و عەرەبی، و پێشخستنی گەشەپێدانی هاوبەشی کوالیتی بەرز بۆ بنیاتنانی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا) بە دروشمی خۆی داناوە.
گروپی خانەی حیكمەت بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری نێودەوڵەتی لە ئەیلوولی ٢٠١١ دامەزراوە، بەپێی ستراتیژی ” پشتێن و ڕێگا…یەكەمجار کلتوور” و ستراتیژی بازرگانی خانەی حیكمەت لەسەر “میحوەرێکی بنەڕەتی و سێ بوار” بوو.
” میحوەری سەرەتایی بریتییە لە (فێرکردنی زمانی چینی)، جگە لە سێ بوارەکەی (مەیدانی کتێب)، (فیلم و زنجیرە دراما)، و (ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی). بازنەی كاری ئەم دەزگایە ٢٨ وڵات دەگرێتەوە بەدرێژایی پشتێن و ڕێگا. بارەگای سەرەکییەکەی دەکەوێتە شاری یینچوان پایتەختی هەرێمی نینگشای موسوڵماننشین.
لە ئێستادا خاوەنی ١٣ لقە لە دەرەوەی وڵات، لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و شانشینی سعودیە و میسر و وڵاتانی دیکە و کۆمپانیاکانی لە ناوخۆی چین لە پەکین و گوانگژۆ و ، هۆنگ کۆنگ و شارەکانی تردا دابەشكراون. خانەی حیكمەت تیمێکی پسپۆڕی هەیە کە نزیکەی ١٦٠ کەسی تێدایە و ئەزموون و لێهاتوویی بەرزیان هەیە، لەنێویاندا پسپۆڕانی زمانی چینی و عەرەبی.
لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، کارەکانی کۆمپانیاکە وەک ئەرکی خۆی لەسەر (گێڕانەوەی چیرۆکی چینی، بڵاوکردنەوەی کولتوری چینی، و پێشخستنی گفتوگۆ لە نێوان شارستانییەتە چینی و عەرەبییەکان) لە ڕێگەی پراکتیکییەوە بنیاتناوە.

مەشخەڵ كەوڵۆسی لەگەڵ دكتۆر عیسام ئەلسودانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی خانەی حیكمەت
ئامانجەکانی بریتیین لە: لێکدانەوەی حیکمەتی چینی و، چارەسەر و تواناکانی چین و ئەرکی چین لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی، ئەرکێكی دیكەی گێڕانەوەی چیرۆکی چینە بە باشی، سەرباری بڵاوکردنەوەی کولتوری چین لە وڵاتانی سەر پشتێن و ڕێگادا.
ئەو کارەی کە کۆمپانیاکە دەیکات بریتییە لە گێڕانەوەی چیرۆکی چین بە باشی، ناساندنی شارستانیەتی چینی بە جیهان، وەرگێڕان و لێکدانەوەی چەمکی ئاشتی چین، تێڕوانینی جیهانی چین، و چاوەڕوانییەکانی گەشەپێدان و شارستانی و ژینگەیی بۆ وڵاتانی عەرەبی بە درێژایی “ پشتێن و ڕێگا”، جگە لەو چەمکە گرنگانەی کە شی جینپینگی سەرۆککۆماری چین پێشنیاری کردوون، وەک دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی، دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی، دەستپێشخەری شارستانییەتی جیهانی، بە تەواوی حیکمەت و هێزی چین لە سەردەمی نوێدا بۆ چارەسەرکردن نیشان دەدەن، ئەمانە دەرفەتێک بۆ خەڵکی وڵاتانی عەرەبی دەڕەخسێنن کەلە درێژایی پشتێن و ڕێگاکە نیشتەجێن بۆ ئەوەی باشتر لە وێنەی چین تێبگەن.
لە ئێستادا خانەی حیكمەت زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کتێبی وەرگێڕاوە و چاپی کردوون، بەو پێیەی بە یەکێک لە گەورەترین دامەزراوەکانی چین دادەنرێت کە لە جیهانی عەرەبیدا كۆنترۆڵی بواری کتێبیان كردووە. جگە لەوەش کۆمپانیاکە لە سەرەتای کارکردنیدا سەرنجی لەسەر زمانی عەرەبی بووە، کە لە ساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە ١٥٠٠ کتێبی چاپ کردووە. و دواتر فراوانتر بوو بۆ ئەوەی زیاتر لە دە زمانی وەک کازاخی، فارسی، ئیسپانی، مالیزی و ئەوانی دیکە لەخۆ بگرێت( لەسەردانێكدا بۆ خانەی حیكمەت لەمانگی 6/2024دا، نوسەری كورد مەشخەڵ كەوڵۆسی، پرۆژەی مامەڵەكردن لەگەڵ زمانی كوردی پێشكەش بەدەزگاكە كردووە، لەئێستادا لێكۆڵینەوە لەو پێشنیارە دەكرێت لەلایەن ئەنجومەنی دەزگای خانەی حیكمەتەوە).
کتێبە وەرگێڕدراوەکان بوارگەلێکی بەرفراوان دەگرنەوە، لە سیاسەت، ئابوری، ڕۆشنبیری، ئەدەبی هاوچەرخ، کتێبی منداڵان، ژیاننامە و هتد.. لەگەڵ چوونە ناوەوەی چین بۆنێو سەردەمێکی نوێ، کۆمپانیاکە بەرپرسیارێتی و ئەرکی سیاسی وەرگێڕان و چاپکردن و دەرکردنی کتێبی لە ئەستۆ گرتووە . بەرگی یەکەم و بەرگی دووەم و بەرگی سێیەمی وەشانی عەرەبی کتێبی “شی جینگپینگ لەسەر حوکمڕانی و کارگێڕی” لە گرنگترین کتێبەکان دادەنرێت کە خانەی حیكمەت چاپی كردووەو بڵاوی كردۆتەوە، ( ئەوەی مایەی سەرسوڕمانی ئێمە و مایەی دەستخۆشی بوو، مەشخەڵ كەوڵۆسی لە 2019دا هەمان كتێبی سەرۆك شی جینپینگی بەزمانی كوردی بڵاوكردۆتەوە، ئەوە دەستپێشخەرییەكی گرنگە)
گرنگترین كتێبەكانی خانەكە بریتین لە: زنجیرەی “تێگەیشتن لە چین” و (وەرگێڕانی سەرۆک چینی شی جینپینگ)، (رێگای چین – نهێنی و موعجیزە)، (گوندی لیانگجیاهێ – چیرۆکی چینی)..
لە گرنگترین دەستکەوتەکانی خانەی حیکمەت، وەشانی عەرەبی کتێبی (The Metaverse and WEB 3.0) و (The Three-Body Question)، جگە لە وەشانی عەرەبی کتێبی (Biography of the Chinese Founder of… هواوی – ڕێن ژێنگفی)، و (جاکی چان، هەرگیز پیر مەبە )، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن خوێنەرانەوە لە وڵاتانی عەرەبی پێشوازییان لێكرا. هەروەها زنجیرەی (توێژینەوە لەسەر فەزای جیهانی و دەستپێشخەری “ پشتێنە و ڕێگا”)، کە دیارییەکی هاوبەشە لە نێوان ئێمە و زانکۆی شانشی بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی دەستپێشخەری “ پشتێنە و ڕێگا”.
جگە لەوەش حیكمەت لە دەرەوەی چین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەلبوسالە لە ئیمارات و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵات لە میسر. هەروەها فرۆشگای هەیە کە کتێب دەفرۆشن بە شێوەی ئۆنلاین و ئۆفلاین.
دكتۆر عیسام ئەلسودانی جێگری بەڕێوەبەری گشتی خانەی حیكمەت، بە چین بەكوردی دەڵێت: ئێمە هەمیشە پێمان وابووە کە سینەما و تەلەفزیۆن باشترین ئامرازن بۆ پیشاندانی وێنەی ڕاستەقینە و تەواو و هەمەلایەنەی چین بە جیهان، بۆیە بە شێوازێکی ئاڕاستەکراو بە شێوەیەکی گشتگیر پەرەمان بە بەرهەمە بینراوەکان داوە، وەرگێڕان و دۆبلاژکردنی زۆرێک لە بەرهەمە نایابەکانی فیلم و تەلەفزیۆنی، وەک (کاپتن) و (زەوی سەرگەردان)مان ئەنجامداوە.
هەروەها دەڵێت: هاوکاریمان لەگەڵ گروپی ئەنیمەیشنی چین، گروپی ئەنیمەیشنی ئەلفا، و کۆمپانیای ئەنیمەیشنی دیجیتاڵی هواکیانگ کرد، ئێمە وەرگێڕان و دابەشکردنی زۆرێک لە کارەکانی ئەنیمەیشنمان کردووە لە دەرەوەی چین.
خانەی حیكمەت کۆڕبەندی هاوکاری چینی – عەرەبی لە بواری فیلم و تەلەفزیۆن دامەزراندووە، بەو پێیە هەوڵدەدات سیستەمێکی یەکگرتوو بۆ بەرەوپێشبردنی بەرهەمە سینەمایی و تەلەفزیۆنییەکانی چینی – عەرەبی پێکبهێنێت.
کۆڕبەندەکە یەکێکە لە چالاکییە گرنگەکانی ئاڵوگۆڕی کولتووری کە لەلایەن خانەی حیکمەتەوە ڕێکدەخرێت. جگە لەوەش، ئێمە بە هاوبەشی کۆنفرانسی ڕێگای ئاوریشمی چین و عەرەبی ئۆنلاینمان ڕێکخست، و گرێبەستێکمان لەگەڵ یونسکۆ واژۆ کرد بۆ جێبەجێکردنی زنجیرەیەک چالاکی.
هەروەها خانەی حیكمەت هاوکاری زۆرێک لە کەناڵەکانی کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوری چینی لە جیهانی عەرەبیدا، لەوانە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی زمانە بیانییەکانی چین، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی گەل، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی ڕۆژانەی گەل، هەروەها دامەزراندنی هاوبەشی لەگەڵ زۆرێک لە چاپەمەنیەکان خانە و دامەزراوە فیلمی و تەلەفزیۆنییەکان، و زانکۆکان.
لە سەروبەندی لوتکەی سێ قۆڵیەکەدا، خانەی حیكمەت سەرنجی خستە سەر پەرەپێدانی وەشانی عەرەبی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکەی “کۆچ بۆ بەختەوەری” لە میسر، عومان، عێراق، سودان و وڵاتانی دیکە. لە میانەی سەردانەکەی سەرۆک شی جینپینگ بۆ سعودیە، ڕۆژنامەی ڕۆژانەی گەل، بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی ڕۆڵی خانەی حیكمەت لە بەرەوپێشبردنی ئاڵوگۆڕ و فێربوونی هاوبەش لە نێوان شارستانییەتی چینی و عەرەبییەکان کرد، هەروەها ئاژانسی هەواڵی شینهۆ و تۆڕی شینهۆش پێنج ڤیدیۆیان سەبارەت بە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ١٠ ساڵەی ڕۆژی جیهانی کۆشک. دەیەمین ساڵیادی پشتێنە و ڕێگا، و گەورەترین پشکی ناوەڕۆکی ڤیدیۆکە سەبارەت بە ڕۆڵی خانەی حیكمەت بوو لە گێڕانەوەی چیرۆکی شارستانیەتی چینی و چۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی کولتووری نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی.

بەشێك لەئەپارتمانی خانەی حیكمەت لەشاری یونچوان، پایتەختی هەرێمی نینگشیا لە ڕۆژئاوای چین
لە ساڵی ٢٠١٦ەوە خانەی حیكمەت چالاکانە لە سێ ڕەهەندەوە کاردەکات بۆ فراوانکردنی کەناڵەکانی لە دەرەوەی وڵات، بۆ کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوری چینی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و جددی. ڕەهەندی یەکەم بە (ئەکاونتەکانی ماڵی حیکمەت) لەسەر پلاتفۆرمە دەرەکییەکان نوێنەرایەتی دەکرێت. خانەی حیكمەت چالاکانە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکانی سۆشیال میدیا وەک ئینستاگرام، تویتەر، فەیسبووک، تیکتۆک و هتد دروستکرد و بەڕێوەی دەبات، بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوری چینی و بەستنەوەی میدیای چینی و بیانی بۆ دەربڕینی دەنگی چین، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی عەرەب تێبگەن چین.
ڕەهەندی دووەم پلاتفۆرمی (وەرگێڕی خانەی حیكمەت) و (بانکی زانیاری خانەی حیكمەت) و پلاتفۆرمی (فیلم و زنجیرەی حانەی حیكمەت) و (کتێبخانەی خانەی حیكمەت)، دەزگاكە هەوڵ دەدات بۆ دەوڵەمەندکردنی فۆرمەکان لە ناوەڕۆک، داهێنانی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی بڵاوکردنەوە و پەیوەندیکردن، و بەرزکردنەوەی کاریگەری و بڵاوکردنەوەی… کولتوری چینی لە دەرەوەی وڵات.
ڕەهەندی سێیەم بریتییە لە پێشخستنی فێركاری زمانی چینی و چەسپاندنی لە وڵاتانی عەرەبیدا. خانەی حیكمەت بە شێوەیەکی سەربەخۆ مەنهەجی قوتابخانەکانی بۆ زمانی چینی لە ئاستی یەکەمەوە تا ئاستی ١٢ لە ژێر ناوی “فێربوونی زیرەکی زمانی چینی” ( وەشانی منداڵان) و ( وەشانی گشتی) پەرەپێداوە و بە تاکە مەنهەجی فەرمی دادەنرێت کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە لە شانشینی سعودیە پەسەند کراون.

پۆلێكی زیرەك لەخانەی حیكمەت
لە ئێستادا زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی خەریکی کڕینی مەنهەجی خانەی حیكمەتن، وەک سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و عێراق و میسر و ئەوانی تر. لە ئێستادا خانەی حیكمەت هەوڵدەدات بازنەی هاوبەشەکانی لە ڕێگەی مۆڵەتدان و هاوکاری و هاوبەشی یەکسانی فراوانتر بکات و بوونی ناوەندەکانی تاقیکردنەوەی زمانی چینی و سیستەمی مەنهەجی زمانی چینی لە وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بەرز بکاتەوە.
جگە لەوەش خانەی حیكمەت بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی زمانی چینی، تاقیکردنەوەکانی HSK، تاقیکردنەوە و پێدانی بڕوانامە بۆ فێرکردنی زمانی چینی بۆ بیانییەکان، هەروەها خزمەتگوزاری خوێندن لە چین و ئەنجامدانی کەمپی هاوینە و چالاکییەکانی دیکە.
خانەی حیكمەت لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ١٢ ساڵ لەمەوبەر (٢٠١١) چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە لەوانە دوو خەڵات لەسەر ئاستی نیشتمانی بەهۆی ئەوەی بنکەیەکی نیشتمانییە، یەکێکیان وەک بنکەیەکی نمونەیی نیشتمانی بۆ یەکخستنی کولتووری و تەکنەلۆژی، ئەوی دیکەیان وەک بنکەیەکی نمونەیی بۆ بڵاوکردنەوەی خزمەتگوزارییە جیاوازەکانی زمانی چینی.

دكتۆر عیسام ئەلسودانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی خانەی حیكمەت، بۆ یەكەمجار چاوی بەكتێبی كوردی دەكەوێت.. لێرەوە بیرۆكەی مامەڵەكردن لەگەڵ زمانی كوردیدا پێشكەش بەدەزگاكە دەكرێت.
خانەی حیكمەت ئەرکی گێڕانەوەی چیرۆکی چین و بڵاوکردنەوەی دەنگی چین لە وڵاتانی عەرەبی بەدرێژایی “ پشتێنە و ڕێگا” خستۆتە ئەستۆی خۆی، کار بۆ پێشکەشکردنی وێنەیەک دەكات کە ڕەنگدانەوەی متمانە و خۆشەویستی و ڕێزی چین بێت.
ماوەتەوە بڵێین: لەمانگی 6/2024دا، تیمێكی ( دەزگای چین بەكوردی بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن) بۆ یەكەمجار سەردانی خانەی حیكمەتی كردو، بۆیەكەمجار بیرۆكەی مامەڵەكردن لەگەڵ زمانی كوردیشدا بەخانەی حیكمەت درا. ئەوەش یەكەم پەیوەندییە لەگەڵ زمانی كوردیدا و، چاوەڕوان دەكرێت لەداهاتوودا بەرهەمی باشی هەبێت.