بە پشتیوانی چین فەلەستینییەکان ڕێكکەوتنی ئاشتەواییان واژۆ کرد

چرکەساتی مێژوویی: 14 کوتلەی فەلەستینی ڕێککەوتنی ئاشتەوایی لە پەکین واژۆ دەکەن لە ڕووداوێکدا کە بە دەستکەوتێکی مێژوویی دادەنرێت، چواردە کوتلەی فەلەستینی ڕێککەوتنی ئاشتەوایییان واژۆ کرد، کە پێی دەگوترێت “جاڕنامەی پەکین”.

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین گوتی: 14 هێز و لایەنی سیاسیی فەڵەستینی ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی حکومەتێکی کاتی بەناوی بەرژەوەندی نیشتمانی پێک بهێنن بۆ ئیدارەدانی غەززە لە دوای شەڕ.

ئەم هەنگاوە بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ڕەوتی پرسی فەلەستین دادەنرێت، بەو پێیەی ئامانجی یەکخستنی ڕیزەکان و کۆتاییهێنانە بە دووبەرەکییە لەمێژینە. ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکە لە پەکینی پایتەختی چین بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کوتلە جیاوازەکان و لە نێوان ڕوماڵی بەرفراوانی میدیاکان بەڕێوەچوو.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕێککەوتنە بەشداربێت لە بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هەروەها بتوانێت گەلی فەلەستین بە هێز و یەکگرتوویی ڕووبەڕووی ئاستەنگە هاوبەشەکان ببنەوە. وتاردەرانی ئەو چالاکییە ئاماژەیان بە گرنگی پشتیوانی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ڕۆڵی چین لە ئاسانکاری ئەم ئاشتەواییەدا کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە “جاڕنامەی پەکین” هەنگاوی یەکەمە بۆ گەیشتن بە خواستەکانی گەلی فەلەستین بۆ ئازادی و سەربەخۆیی.

بەم واژۆکردنە، کوتلە فەلەستینییەکان ڕێگایەکی دووریان بەرەو تێپەڕاندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان گرتووە، سەرەتای نوێی هاوکاری و کاری هاوبەشیان بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ فەلەستین ڕاگەیاند.

Loading