لە ئێستادا کە بەڕێزتان خوێنەری ئەم بابەتەن بەندە لە پایتەختی کۆماری میللی چینم، لە خولێکی ڕۆشنبیری گشتیدام لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئەکادیمیای ( AIBO ) ی سەر وەزارەتی بازرگانی چین , پێم باشبوو بەشێک لەو زانیاری و مەعریفەیەی ئەم خولە وەرمگرتوە لەگەڵ خوێنەرانی ( چین بە کوردی ) بەشی بکەم .
لە ئیستادا چین لە هەوڵی نەرم و بەردەوامدایە بۆ هەرچی زیادکردنی هەژمونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .
وەک یەکەم دەوڵەتی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری جیهان و دووەم هێزی ئابووری و بازرگانی سەرزەوی , چین دووەم گەورەترین وڵاتی پڕ لە دانیشتوانە کە بەپێی نوێترین ئامارەکانیان نزیکەی ( ١,٤۱ ) یەک ملیار و چوارسەد و دە میلۆن زیاترە و، ئەم ژمارەیەش هەموو چرکەیەک لە زیادبوندایە، بەتایبەتی پاش ئەوەی سزای لەدایک بوونی منداڵ لەم ساڵانەی دواییدا هەڵوەشایەوە و ئیستا خێزانەکان بە پێچەوانەی ڕابردووەوە ئازادن لە زیادکردنی ئەندامانی خێزانەکانیان .
ئەم وڵاتە زلهێزە ئابووریە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژمونی ئابووری و بازرگانی خۆی گەشە پێدەدات و، ئامانجێتی لە ڕێگای هێزی نەرم و زمانی دیپلۆماسی و پاراستنی بەرژەوەندی دوولایەنە لە کەشێکی ئارام و دوور لە شەڕ و توندوتیژی بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات و وڵاتانی عەرەبی پەرەی زیاتری پێ بدات .
ڕەگو ڕیشەی ئەم پەیوەندیانە دەگەڕیتەوە بۆ نزیکەی ( ٢٠٠٠ ) هەزار ساڵ پێشتر واتا بۆ سەردەمی ( ڕێگای ئاوریشمی کۆن )
بۆ نموونە ساڵی ( ٩٧ ) زایینی یەکەمین نێردراوی چین دەگاتە وڵاتانی عەرەبی و دەریای سوور, نەتەوەی عەرەبیش لە ساڵی (٦٥١ ) زاینی لەسەردەمی خەلیفە (عوسمانی کوڕی عەفان ) یەکەمین نێردراویان ناردە چین و، ئیتر ئەو ساڵە دەتواندرێت بەسەرەتای گەیشتی ئایینی ئیسلام بە وڵاتی چین دابندرێت و، سەرەتایەکیش بوو بۆ پەیوەندی بازرگانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و چینی کۆن و هەنوکەش چەندین شوێنەواری ئەو سەردەمەو گۆڕی موسوڵمانەکان و دەیان مزگەوتی ئاینی ئیسلام بوونیان هەیە و، تەنانەت شارێکیان هەیە لای عەرەبەکان بە شاری ( زیتوون ) ناسراوە .
بەپێی وتەی دکتۆر ( لی هوا شینگ ) باڵوێزی پێشوتری چین لە هەردوو وڵاتی عێراق (٢٠٠٥-٢٠٠٧ ) و سوریا ( ٢٠٠٧ – ٢٠١١ ) کە ئیستا دیپلۆماتکاری وەزارەتی دەرەوەی چینە .
وڵاتانی میسر و سوریاو یەمەن ساڵی (١٩٥٦ ) پەیوەندی فەرمییان لەگەڵ کۆماری چین دەستپێکرد و، بەدوایاندا بەشێکی تری وڵاتانی عەرەبی بەجۆرێک لە ساڵی ( ١٩٩٣ ) کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی نوسینگەیەکی تایبەتی خۆی لە پەکینی پایتەختی چین کردەوە , ئەمەش وایکرد کە چین باڵوێزەکەی خۆی لە کۆماری عەرەبی میسر بکاتە نوێنەری چین بۆ کاروباری وڵاتانی عەرەبی .
ئیدی ساڵ لە دوای ساڵ ئەم پەیوەندیانە گەشەی زیاتر بە خۆوە دەبینن، تا وای لێهات پێشنیاری دروستکردنی کۆڕبەندێک بۆ ئەم هاوکاری پەیوەندیانە بێتە ئاراوە بەناوی ( کۆڕبەندی هەماهەنگی چینی و عەرەبی ) و لە ساڵی ( ٢٠٠٤ ) لەماوەی ئەم ٢٠ ساڵەی ڕابڕدوودا ١٠ جار کۆبونەتەوە .
ئامانج و خەسڵەتەکانی ئەم پەیوەندیانە خۆی لە گرنگی پێدانی دوولایەنە و، بەشداری لە کۆبونەوە و کۆنفڕانس و کۆڕبەندە ئابوری و بازرگانیە هاوبەشەکاندا دەبینێتەوە. لەسەر بنەمای متمانەی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندیە هاوبەشەکان و ئەمەش بووە مایەی هێنانە کایەی ڕێککەوتنی ستراتیجی وڵاتی چین و هەریەک لە وڵاتانی ( میسڕ , سعودیە , ئیمارات , بەحرین , جەزائیر ) لەسەردەمی نوێدا ئەم پەیوەندیانە ئاراستەی نوێ و کاریگەر تریان بەخۆوە بینیوە، تا ئاستی پشتگیری و پشتیوانی چین لە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی لە ڕووی سیاسیەوە وەک پشتگیری ڕاشکاوانەی چین لە کێشەی فەڵەستین و عێراق و سودان و ڕۆڵێکی دیاری لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان سعودیەو ئیراندا هەبوو هەروەها هەوڵە سەرکەوتوانەکەی لە گەڕانەوەی سوریا بۆ باوەشی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی .
یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم پەیوەندیانە ئەوەیە کە کۆماری میللی چین لە نزیکەوە پشتگیری و پشتیوانی وڵاتانی عەرەبی دەکات لە چارەسەرکردنی ئاریشە ئەمنی و هەرێمایەتییەکان بە ڕێگای دادپەروەرانەو گفتوگۆ و، هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشانەو لە هەمان کاتدا پاڵپشتی گەشەو سەربەخۆیی و ئازادی لەبڕیاردانی گەلانی ئەو وڵاتانە دەکات و، لە بەرامبەردا وڵاتانی عەرەبیش سەرباری پاراستنی بەرژەوەندیە ئابووری و بازرگانیەکانی چین لە ناوچەکە لە ساڵی ( ٢٠٠٢ ) سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی ڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆیان بۆ بانگەواز و دەستپێشخەرییەکانی چین ڕاگەیاندووە. لە هەمان کاتدا کاتێک لە ساڵی ( ٢٠١٣ ) “شی جین پینگ” سەرۆکی کۆماری میللی چین ( پشتێنە و ڕێگا )ی لەسەر بنەمای ڕۆحی ڕێگای ئاوریشمی کۆن ڕاگەیاند، وڵاتانی عەرەبی پێش هەمووان پشتگیری ئەو هەوڵ و تێزەیان کرد .
هەر لە درێژەی پەرەپێدان و پێشکەوتنی پەیوەندیەکانی وڵاتانی عەرەبی و کۆماری میللی چین تا ئیستا ( ١٥ ) دەوڵەتی عەرەبی کۆلێژی زمانی چینیان بە فەرمی لە زانکۆکانیان کردۆتەوە و، چوار دەوڵەتی عەرەبی زمانی چینیان کردۆتە مەنهەجی زانکۆکانیان. هەروەها ( ١٣ ) دەوڵەتی عەرەبیش نزیکەی ( ٢٠ ) پەیمانگای کۆنفۆسیۆسیان لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا کردۆتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی کلتور و بیری کۆنفۆشیۆس .
هەربۆیە دەبینی ساڵانە زیاتر لە ( ٣٤٠,٠٠٠ ) سێسەد و چل هەزار گەشتیار لەوڵاتانی عەرەبییەوە سەردانی چین دەکەن بۆ گەشت و بازرگانی و، لە ئیستاشدا نزیکەی ( ٢٠ ) هەزار خوێندکاری کوڕ و کچی وڵاتانی عەرەبی لە شارە جیاجیاکانی چین دەخوێنن لە بەرامبەریشدا هەنوکە لە ( ٥٠ ) زانکۆی کۆماری میللی چیندا زمانی عەرەبی دەخوێنرێت.