دوانیوەڕۆی دووشەممە، جێگری بەڕێوەبەری گشتی خانەی حیکمە لەشاری نینگشیا، کە گەورەترین خانەی وەرگێڕانە لەنێوان زمانی چینی و شەست زمانی زیندووی دنیادا، پێشوازیکرد لە نوسەر و ڕۆژنامەنووس مەشخەڵ کەوڵۆسی و تیمێکی دەزگای چین بەکوردی.. لە گفتوگۆیەکی تێر و تەسەل و بایەخداردا، باس لە پرۆژەیەک کرا کە پێشتر لەلایەن مەشخەڵ کەوڵۆسییەوە پێشکەشی دەزگا ڕۆشنبیرییەکانی چین کرابوو، بەمەبەستی دانانی زمانی کوردیش، لە ڕیزی ئەو زمانانەدا کە دەزگاکانی چین پەیوەندی کەلتوری و وەرگێڕانیان لەگەڵدا ئەنجام دەدەن. دکتۆر عیسام سودانی، جێگری بەڕێوەبەری خانەی حیکمە، وێڕای بەهەند وەرگرتنی پرۆژەکە گوتی: ئێمە کراوەین بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ زمانی کوردیش دەستپێبکەین، ئەگەرچی سەرمایەی مرۆیی لەنێوان هەردوو زمانەکەدا کەمە کەبتوانن پرۆسەی وەرگێڕانەکە بە سەرکەوتوویی ڕاپەڕێنن، بەڵام دەکرێ بیرلەچارەسەری ئەو گرفتەش بکەینەوە.
هاوکات گوتی: بۆ ئێمە ئەم دەستپێشخەرییە مێژوویی و زۆر گرنگە و، یەکەمجارە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوسەر و کتێبی کوردی دەکەین و، ئەگەر بڕیاری کۆتیی درا، بێگومان کتێبی کۆماری میللی چین، گەڕانەوەی هێز بۆ ڕۆژهەڵات، کەنووسەر بەدیاری پێشکەشی کتێبخانەی خانەی حیکمەتی کردووە، دەبێتە یەکەم کتێبی کوردی ک دەزگەکە دەیگۆڕێتە سەر زمانی چینی.

