کۆشکى ئیمپراتۆرى یاخود شارى قەدەغەکراو (Forbidden City)

کۆشکى ئیمپراتۆرى یاخود شارى قەدەغەکراو (Forbidden City): یەکێکە لە کۆشکە ناوازەکانى مێژوى ئیمپراتۆریەت لە جیهاندا…. ئەم کۆشە دەکەوێتە پەکینى پایتەختى چین، بەیەکێک لە شاکارەکانى مێژوى تەلارسازى چینى دادەنرێ، کە لە ماوەى (14) ساڵ و لەسەردەمى فەرمانڕەواى ئیمپراتۆریەتى بنەماڵەى (مینگ ) و (چینگ) لە ساڵانى نێوان (1406-1420) بە کارکردنى نزیکەى یەک ملیۆن کرێکار و سەد هەزار پیشەوەر و هونەرمەند دروستکراوە و، شاری قەدەغەکراو بە گشتی لە 9 هەزار ژوور پێکدێت، گەورەترین زنجیرە کۆشکە لە چین کە تا ئێستا پارێزگارى لێکراوە. ئەم زنجیرە کۆشەکە بەهەزاران کارى هەڵکۆڵین و کارى دەستى و هونەرى مەزنى چینى ڕازاوەتەوە، کە مڕۆڤ سەدان ڕۆژى دەوێ تا لە وردەکارییەکانى ئەو کارە گەورە و مەزنەى وەستا و هونەرمەندانى ئەو سەردەمەى چین تێ بگات، چونکە ئەو شاکارە بەرهەمى ئامێر و کەرستەى پیشەسازى نیە، بەڵکو بەرهەمى دەست و کارى داهێنەرانەى خودى مرۆڤە….

ئەم کۆشەکە بۆ نزیکەى پێنچ سەدە لە هاوڵاتى و خەڵکى ئاسایى قەدەغە کرابوو سەردانى بکەن، بۆیە بەشارى قەدەغەکراو ناسراوە. لەم کۆشکەدا نزیکەى یەک میلۆن پارچە و کەلوپەلى هونەرى ناوازە پارێزگاریلێکراوە، ئێستا بۆتە مۆزەخانەیەکى گەورەى نیشتیمانى هونەرى تەلارسازى کۆن و شوێنەوار و پاشماوەکانى ئیمپراتۆریەت و هونەرە جیاوازەکانى کۆنى وەک خۆى تێدا نمایش کراوە، هەربۆیە لە ساڵى (1987) یونسکۆ وەک یەکێک لە شوێنەوارەکانى جیهان ناساندى و خستیە ناو لیستى شوێنەوارە کەلتورییەکانى جیهان.

Loading