كاتێ ئەم پرسیارە دەكەیت. لەوانەیە یەكەم شتێك بەخەیاڵی خوێنەردا بێت، ئەوەیە كە هەزاران كارگەی جیهانی ڕوویان كردۆتە چین. تەنها لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی چین زۆر گەورەیە. ڕێژەیەكی زۆر گەورەی دەستی كاری هەرزانیان هەیە. ڕێژەی دەستی كار لەو وڵاتە بەئەندازەیەك گەورەیە، دەتوانێت ژمارەیەكی یەكجار زۆری كارگە و كارخانەكان بەگەڕ بخات. هەر بۆیە هێزە پیشەسازییەكان ڕوودەكەنە چین و، لەوەشدا مەبەستیانە گەورەترین داهات دوور لە سیستەمی باجی ڕۆژئاوایی بەدەستبخەن و، سود وەرگرن لە هەرزانی تێچووی كارەكیان لەسەر هەردوو ئاستی كار و تێچووی بەرهەمهێنان.
لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا (فەرمانڕەوا تازەكانی جیهان) نوسەری ئوستورالی (جۆن بیلگەر) كەماوەیەكی كەم لەمەوبەر كۆچی دوایی كرد و، ئەم ژیانەی بەجێهێشت، ئاماژەی درێژ دەدات بە شێوازی ئیستیغلالكردنی دەستی كاری هەرزانی ئاسیا لەلایەن كۆمپانیا سەرمایەدارییەكانەوە. ئەو نوسەرە بەتایبەتی باسی وڵاتەكانی ڤێتنام، تایلاند، ئەندۆنوسیا، چین، فلیپین دەكات.
بێگومان خوێنەر توشی شۆك دەبێت كە دەبینێت تاڕادەیەكی مەترسیدار ڕۆژئاواییەكان ئەو وڵاتانە و دەستی كاری ئەو وڵاتانەیان ئیستیغلال كردووە. هەروەها كاتێك دەبینێت چۆن كۆمپانیا ڕۆئااوییەكان، لێگەڕاون كرێكارە ئاسیاییەكان لەبارودۆخی زۆر كارەساتباردا بمێننەوەو، بەبێ هیچ بنەمایەكی سادەی گوزەران دەژیان. لەكاتێكدا ئەوان قازانجی خەیاڵییان دەكرد.
بیلگەر لەكتێبە بەناوبانگەكەیدا، باسی بەناوبانگترین كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ و كەوشی وەرزشی دەكات كەلە وڵاتانی ئاسیا بەرهەم دەهێنران. باسی ئەوە دەكات كە ئەو كۆمپانیایانە كرێیەكی زۆر كەمیان دەدا بەكرێكارە ئاسیاییەكان. لەڕاستیدا كرێی كرێكارەكان زۆرجار كەمتر بووە لە یەك دۆلار، بەڵام ڕۆژانە ئەو كرێكارە بەبەهای هەزاران دۆلار بەرهەمی پێشكەشی كارگەكە دەكرد.
لەو سەردەمانەدا چین كێبەركێی وڵاتانی تری ئاسیایی دەكرد لە هەرزانی دەستی كاردا، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو بیگەر لەكتێبەكەیدا باس لەوە دەكات كە جارێك چینییەكان پەیوەندی بەیەكێك لەكۆمپانیا زەبەلاحەكانەوە دەكەن و، لەبەرپرسانی كۆمپانیاكە دەپرسن: كرێی ڕۆژانەی كرێكارێك لەكارگەی دروستكردنی كەوشی وەرزشی لە ئەندۆنیسیا چەندە؟ لەوەڵامدا دەلێن: كەمتر لەیەك دۆلار لەڕۆژێكدا. چینییەكان دەڵێن: كارگەكەتان بگوازنەوە بۆچین ئێمە كرێكار و كارمەندی تەكنیكیتان بۆ مسۆگەر دەكەین بەكرێی كەمتر لە نیو دۆلار لەڕۆژێكدا.
لەڕاستیدا لەقۆناغێكدا چین توانی سەدان كارگە و كۆمپانیا ڕابكێشێت بۆ خۆی بەهۆی هەرزانی دەستی كارەوە. بەڵام ئەم لێكدانەوەیە لەوانەیە بۆ چەند قۆناغێكی پێشووتر گونجاو بووبێت. واتە بۆ ئەو سەردەمەكەی كە كۆی داهاتی ساڵانەی وڵاتێكی هەژاری ئەورووپایی وەكو ئیتاڵیا، زۆر زیاتر بوو لەداهاتی چین. واتە ئەو كاتەی كە چین لەدەرەوەی سیستەمی حەوت وڵاتە پیشەسازییەكەو، تەنانەت لەدەرەوەی گروپی جی 20یش بوو.
لەڕاستیدا ئەو كاتانە، هەندێك وڵاتی ئەورووپایی، لەڕووی قەبارەی بەرهەم و سەرمایەوە، زۆر لەپێشی چینەوە بوون. ڕەنگە هەموومان ئەوەمان لەبیر بێت كە كۆی بەرهەمی ساڵانەی هەندێك وڵاتی ئەورووپی، لە یەك تریلیۆن دۆلار تێدەپەڕی. لەكاتێكدا كۆی داهاتی چین زۆر لەوە كەمتر بوو.
بەجۆرێك هەموومان دەمان پرسی: كەی ماقوڵە وڵاتێكی بچوكی وەكو ئیتاڵیا، داهاتی لە چین زیاتر بێت بە یەك ملیار دانیشتوانەوە؟ بەڵی ئەوە ڕاستییە. بەڵام لەماوەی بیست ساڵ و كەمێك زیاتردا، چین ڕاپەڕی. ڕاپەڕینێك كەلەمێژوودا وێنەی نیە. بەجۆرێك ڕێژەی گەشەی ساڵانە هەندێجار گەیشتۆتە 13% لەكاتێكدا لەوڵاتانی ئەورووپا و تەنانەت لەخودی ئەمریكاشدا لە 2% تێپەڕی نەكردووە. ئەمەش وایكرد چین بازی گەورەو مێژوویی بدات لەئاستی كۆی داهاتی ساڵانەدا، بێگومان بەوەش هەموو وڵاتانی ئەورووپا، لەماوەیەكی زۆر كەمدا كەوتنە دوای چینەوە. تەنانەت ئەڵمانیاش كەوتە دوای چینەوە، كە گەورەترین هێزی ئابووری ئەورووپایە.
بێگومان لەوانەیە خوێنەر بپرسێت: ئایا چین لەڕێگەی هەرزانی دەستیكارەوە توانی لەماوەیەكی كورتدا پێشبكەوێت؟ وەڵامەكەش بێگومان نەخێرە. چونكە چین ڕاپەڕینێكی زانستی و تەكنەلۆژی و پیشەسازی بێ وێنەی ئەنجامداوە. بەجۆرێك بەتەواوی گەلی چینی بردە قۆناغێكی تازە، نەك تەنها لەئاستی پیشەسازی ناوخۆییدا، بەڵكو لەسەر ئاستی بەكرێدانی دەستیكار و شارەزایی و پسپۆڕی چین بۆ كارگەكانی ڕۆژئاوا.
ماوەیەك لەمەوبەر یەكێك لەكەناڵەكان چاوپێكەوتنێكی ئەنجامدا لەگەڵ “تیم كۆك” بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئاپڵی ئەمریكی. دیارە ئاپڵ یەكێكە لە كۆمپانیا هەرە بەناوبانگ و دەوڵەمەندەكانی جیهان كە كۆمپیوتەر و مۆبایل لەناو چیندا بەرهەم دێنێت، وەڵامی كۆك بۆ ئەم پرسیارە شۆكهێنەر بوو كاتێ لێیان پرسی: بۆچی كۆمپانیای ئاپڵ زۆرینەی بەرهەمەكانی لەچیندا بەرهەمدێنێت؟. ئەو پیاوە لەوەڵامدا گوتی: لەوانەیە ئێوە بڕواتان وابێت كە پێتان بڵێم: لەبەرئەوە ئامێرەكانمان لەچین بەرهەم دێنین چونكە دەستیكار هەرزانە. بەڵام لێگەڕێن با پێتان بڵێم: جاران ئەو قسەیە ڕاست بوو. بەڵام ئەمڕۆ لەبەرئەوە ناچینە چین كە ئەو وڵاتە دەستیكاری هەرزانمان بۆ دابین بكات. نەخێر هەرگیز.
لێم گەڕێن ئەوەشتان پێ بڵێم: كە ئێستا پسپۆڕانی چین و دەستیكاری ئەو وڵاتە هەرگیز هەرزان نین!. بەڵكو زۆریش گرانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەچین باشتر نادۆزینەوە!. بێژەرەكە لێی پرسی: لەبەرچی؟ لەوەڵامدا كۆك گوتی: گیانەكەم، ئێمە چەند جارێك هەوڵماندا لەناو خاكی ئەمریكادا كارگە دابمەزرێنین. دەستمان كردە دامەزراندنی دەستیكار و پیشەوەر و ئەندازیاران و بەڕێوەبەر.. بەڵام دوای چەندین مانگ نەمانتوانی ژمارەی پێویستی پسپۆڕ و شارەزا كۆبكەینەو كە پێویست بوو بۆ دەستكردن بەكار. چونكە لەناو ئەمریكادا ژمارەی پێویستی دەستیكاری شارەزا نیە. بۆیە ناچار ڕوومان كردەوە چین. لەوێ دەتوانین بەخێرایی هەزاران دەستیكار و ئەندازیار و پسپۆڕ و پیشەوەری شارەزا دەستبخەیت. ئێستا چین جێگەیەك نیە بۆ دەستیكاری هەرزان، بەڵكو گەورەترین جێگای دەستیكاری زیرەك و پسپۆڕە لەجیهاندا.
بەكورتی، لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، چین ملیاران دۆلاری وەبەرهێنا لە پرۆسەی فێركردنی تەكنیكی و تەكنەلۆژی و پیشەسازیدا. ئەو چینییانەی كەجاران وەكو كرێكار لەلایەن كۆمپانیاكانی دروستكردنی كەوش و بەرگەوە ئیستیغلال دەكران، ئەمڕۆ بوونەتە زانا و پسپۆڕی گەورەترین پیشەسازییە وردەكان وەكو مۆبایل و كۆمپیوتەر و زیرەكی دەستكرد و ئۆتۆمبیل، شەمەندەفەر و گالیسكەی فەزایی، هەر بۆیە ئەمرۆ چین بووەتە كارگەی زیرەكی هەموو جیهان.