کونسوڵخانەی چین لەسەر ئەو شامۆ سەوزەی کە دەگوتریت بەرهەمێکی چینییە و بووە هۆی شیواندنی روخساری هاوڵاتییەک هاتە دەنگ.

لێدوانی وتەبێژی کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر

ئێمە سەرنجمان به‌و ڕاپۆرتانە داوه‌ کە لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن له‌ هەرێمی کوردستانی عێراق بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ سەبارەت بە بەرهەمێکی شامپۆ بە ناوی “Brimles Herbal-Bubble”، لێره‌دا ده‌مانه‌وێت هاوسۆزی خۆمان بۆ بەکارهێنه‌رانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بگەیەنین. ئێمە نیگەرانی خۆمان به‌م ڕووداوه‌ ده‌ڕه‌بڕین و ئامادەین هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بەمەبەستی زانینی سەرچاوە و کەناڵی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە و زانیاری سەبارەت بە ئەنجامی پشکنینی کوالیتی.

کاڵا چینییەکان لە ڕووی نرخ و کوالیتییەوە زۆر سەرنجڕاکێشن و هەر بۆیەش لە ڕیزی پڕفرۆشترین بەرهەمەکانن لە سەرانسەری جیهاندا و هەروەها له‌لایه‌ن خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر بەناوبانگن. حکومەتی چین گرنگییەکی زۆر بە کوالیتی و سەلامەتی کاڵاکانی هەناردەکردنی چین ده‌دات. فه‌رمانگه‌كانی ڕێکخستنی بازاڕ و گومرگ بە توندی بڕگە پەیوەندیدارەکانی یاسای کۆماری میللی چین سەبارەت بە کوالیتی بەرهەم و یاسای کۆماری میللی چین سەبارەت بە پشکنینی کاڵای هاوردە و هەناردەکردن جێبەجێ دەکەن. به‌گوێره‌ی ئه‌مانه‌، پشکنین و چاودێری کوالیتی کاڵا بەرهەم هێنراوەکانی چین ئەنجام دەدەن و کوالێتی ئەو کاڵایانە دەپشکنن کە هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.

ئێمە پێمان خۆشە هەماهەنگی لەگەڵ لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان بکەین و وردەکاری تەواوی ئەم ڕووداوە وەربگرین بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کێشەیەک کە لەوانەیە لە پرۆسەی هاوردەکردنی کاڵاکەدا هەبێت. ئێمە پێمان وایە كه‌ هەر بەرهەمێکی ساختە و خراپ، کاتێک پشتڕاستکرایەوە، پێویستە بە خێرایی لە بازاڕ دەربکرێت و لە ڕێگای هەوڵە هاوبەشەکانمانەوە دەتوانین بەرژەوەندی و مافی بەكارهێنه‌ران لە پلەی یەکەمدا بپارێزین.

٣١ی ئازاری ٢٠٢٤

Loading