شادومان ڕۆستەم سەرۆكی شاندی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە ئێستا لەپەكینی پایتەختی كۆماری میللی چینە، لە لێدوان بۆ سایتی چین بەكوردی باسی لە بەرنامەی كارەكانیان كرد و گوتی:
لەدرێژەی سەردانەکەمان بۆ کۆماری میللی چین لەسەر بانگهێشتی حزبی شیوعی چین و بە نوێنەرایەتی سەرۆک محەمەد حاجی مەحمود، ڕۆژی ۲٦ـی ئازاری ۲٠۲٤ لە شاری پەکینی پایتەخت، سەردانی پەیمانگای مێژوو و بەڵگەنامەکانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین مانکرد. دوای گەڕان بەناو دەستنوس و بەڵگەنامە مێژوویی و دانسقەکانی ئەو حزبە، لەدەفتەری یادگاری پەیمانگاکەدا، بە چەند دێڕێک بەناوی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و گەلەوە بە زمانی کوردی پێزانینمان بۆ خەبات و تێکۆشانیان لەپێناو خۆشگوزەرانی خەڵکەکەیان دەربڕی، دواتر لە پەیمانگاکە، ئامادەی کۆڕێکی نەزەری بەشێک لە بیرمەندانی ئەو حزبە بووین کە باسەکانیان تایبەت بوو بە تیۆری حزبی شیوعی چینی لەماوەی شۆڕشی نوێی دیموکراتی، شۆڕشی سۆسیالستی و بنیادنانی و تیۆری حزبەکەیان لەچەرخی نوێی سۆسیالستیدا بە تایبەتمەندی چینی یەوە.
ناوبراو هەروەها درێژەی بە لێدوانەكەی داو، وردەكاری زیاتری خستە ڕوو:
دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبی شیوعی چین مانکرد و لەگەڵ بەڕێز مینگشیانگ جێگری وەزیری فەرمانگەکە کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دەرفەتدرا بە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان بۆ خستنەڕووی ڕاوبۆچوونیان، لەوبارەیەوە بەناوی بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە، سوپاسی حزبی شیوعی چین یم کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و گرنگیدانیان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، داواکاربووین ئەو پەیوەندییانە گەشەی زیاتری پێبدرێت و حکومەتی چین ڕۆڵی زیاتر لە ناوچەکە بگێڕێت و بایەخ و گرنگی و پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات. لە کۆتاییدا، قەڵغانی (ڕێزلێنان و جەختکردنەوە لە پەیوەندی دۆستانە)ـی بەڕێز محەمەد حاجی مەحمودم پێشکەش بە ناوبراو کرد.