دوای کۆتایی هەفتەیەکی پڕلەجوڵەی سیاسی لە تایوان، زیاتر لە ٨٠ وڵات دیسانەوە پابەندبوونی خۆیان بە بنەمای یەک چین دووپات كردەوە. لە بەرامبەردا ئەمریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی پێشكەوتخوازی تایوان کرد، کە خۆی بە “کرێکارێكی پراگماتیکی بۆ سەربەخۆیی تایوان” ناودەبات، لە هەنگاوێکدا کە هەڕەشەی توندکردنەوەی گرژییەکانی گەرووی تایوان دەكات و مەترسی لەسەر پەیوەندی باشی چین و ئەمریکا دروست دەکات.
بەڵام ئەمە نابێت جێگەی سەرسوڕمان بێت، چونكە پێشینەی ئەمریکا لە وتنی شتێك و ئەنجامدانی پێچەوانەکەی، ڕوونە. ئەمریكا لەلایەكەوە دەڵێت گوایە پێڕەوی لە سیاسەتی یەک چین دەكات، بەڵام لەلایەكی ترەوە بەردەوام ئەو سیاسەتە سوك و بێ ئەرزش دەكات، ئەویش بە زیادکردنی مەرج و شەرتو شروتی جیاجیا، وەک كاركردن بە ” یاسای پەیوەندییەکانی تایوان، و شەش دڵنیاییەكە”. لەلایەكەوە دەڵێت پشتگیری لە “سەربەخۆیی تایوان” ناکات، بەڵام بەردەوام سەرۆکی دوورگەکە بە “سەرۆک” ناودەبات و هەوڵدەدات بە دزییەوە تایوان بخاتە ناو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە تەنها بۆ دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکانە. لەلایەكەوە دەڵێت پابەندە بە ئاشتی و سەقامگیری لە گەرووەكەدا، بەڵام بەردەوام چەک دەفرۆشێت بە دوورگەکە بۆ ئەوەی چەکداری بکات و بیكاتە ژیژكێك!. لیستی ئەم دوو ڕووییە درێژەی هەیە. زەحمەتە کەسێک چیتر قسەکانی بە جددی وەربگرێت.
دووفاقییەکی لەو شێوەیە لەم هەفتەیەدا دیسانەوە نمایش كرا. ئەمریكا وێڕای ناردنی پیرۆزبایی بۆ ئەوەی ناوی دەنێت “هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی” هاوكات بەرپرسانی باڵای پێشووی نارد بۆ تایوان، كەچی لەولاوە جەخت لەوە دەكاتەوە کە پشتگیری لە “سەربەخۆیی تایوان” ناکات، پاساوی بۆ پیرۆزباییەكە و شاندە باڵاكەی هێنایەوە، شاندەكەی بچووککردەوە گوایە گروپەکە “نافەرمی” بوون. بەڵام ناكرێ کردەوەی ناپەسەند هەمیشە بەوە پاساو بدرێت كە بڵێین “هەمیشە ئەم کارەمان کردووە”.
ئەگەر ئەمریکا جدییە لە پەیڕەوکردنی پڕنسیپەكانی پێشوو، كەواتە بۆچی ئیدارەی ئەمریکا پابەند نابێتەوە بە دژایەتیکردنی “سەربەخۆیی تایوان”، وەک لەلایەن چەندین سەرۆکی ئەمریکاوە کاتێک لە پۆستەکەیاندا بوون وتوویانە و جەختیان لێكردۆتەوە؟
لەوەش خراپتر، ئەمریکا لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی سەلامیدا، ئەو پێشینە ناشرینانەی پاڵدەنێت بەرەو ئاستێكی باڵاتر. بە نموونە سەرنج لە بەیاننامەی گۆڕینی سەرکردایەتی تایوان بدە. لە ئاستی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە ساڵی ٢٠١٦ بۆئاستی وەزیری دەرەوە لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٤ بەرزکراوەتەوە. لە ڕووی ناردنی شاندی “نافەرمی” دوای هەڵبژاردنەكانیشەوە، لەبری ئەوەی وەک ڕابردوو چاوەڕێی دەستبەکاربوونی سەرۆكی تازە بکات، كەچی ئەمجارە پێشوەختە کەسایەتییە باڵاکانی وەک ستیڤن هادلی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی و جەیمس شتاینبێرگ جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ناردە تایوان.
هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی ئەم مانۆڕە سیاسییانەدا، ئەمریکا لە ڕووی سەربازیشەوە تەواو چالاکە. بەردەوام چەکی زیاتر دەنێرێت بۆ تایوان و بۆ یەکەمجارە بەرنامەی دارایی سەربازی بیانی وەک سەرچاوەیەکی دارایی بەکاردەهێنێت، کە تا ئێستا تەنها بۆ دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکان بەکارهێنراوە. ئەمریکا بوونی هێزەکانی لە تایوان فراوانتر دەکات و، دەوترێت بۆ یەکەمجار لە دوای حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دوو کەتیبەی سەربازی زەمینی لە تایوانەوە بۆ مەشق و ڕاهێنان وەردەگرێت.
هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی قسەکانی “ئیلی ڕاتنەر” یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکادا ئاسانترە بۆ تێگەیشتن، کاتێک بە کردەوە تایوانی وەک سەرمایەیەکی ستراتیژی وەسف کرد کە “گرینگە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئەمریکا لە هیندستان و زەریای هێمن.”
هەروەها ناتەبایی لە سەرجەم ئاستە جیاوازەکانی حکومەتی ئەمریکادا سەبارەت بە سیاسەتی “یەک چین” تایبەتمەندی ئەو وڵاتەیە. وا پێدەچێت شەڕخوازەكان زاڵ بن بەسەر کۆنگرێسدا، چونكە ئەوان جگە لە بانگەشەی “هەڕەشەی چین” و هەڵکردنی بڵێسەی ئاگر بەسەر گەرووی تایواندا، هیچی تریان بەلاوە گرنگ نییە. دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش، هەم ئامادە نییە و هەم ناتوانێت هیچ لەو بارەیەوە بکات، بەڵكو کەمتر سیاسەتی “یەک چین” لە سەرانسەری حکومەتی ئەمریکادا جێبەجێ دەکات.
هەموو ئەم هەنگاوانە لە بوارەكانی دیپلۆماسی و سەربازی و سیاسیدا كە پاشەکشەیان پێوە دیارە، خەریکن بەتەواوی متمانەی سیاسەتی ئەمریكا بەرانبەر بەچین لەناو دەبەن. ئەو گرەنتییانەی ئەمریكا لەم ڕووەوە پێشكەشیان دەكات، گوماناوی دەردەکەون. لە وتارێکی گۆڤاری ” فۆرن ئەفەیرز- کاروباری دەرەوە” دا بە ناوی “تایوان و سەرچاوە ڕاستەقینەکانی ڕێگریکردن”، پسپۆڕانی ئەمریکا خۆیان دەڵێن: دڵنیاکردنەوە ئامرازێکە بۆ ڕێگریکردنێکی کاریگەرتر. بە واتایەکی تر، ڕێگریکردن و خۆگرتن لە دڵی ستراتیژی چینی ئەمریکادا دەمێنێتەوە.
ئەگەر ئەمریکا گرنگی بە ئیعتباری سیاسەتی یەک چینی خۆی بدات، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە دڵسۆزی نیشان بدات. هەنگاوی زۆر هەیە کە دەتوانێت بیگرێتەبەر: بە شێوەیەکی دوور لە دوو دڵی دژایەتی خۆی بۆ “سەربەخۆیی تایوان” ڕابگەیەنێت، كۆتایی بهێنێت بە فرۆشتنی چەک بە تایوان و پشتگیری خۆی بۆ یەکگرتنەوەی ئاشتیانەی چین دەرببڕێت. ئەمانە لە بنەماکانی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ڕاستەقینەی یەک چین زیاتر نین.
(نووسەرەکە شرۆڤەکاری کاروباری نێودەوڵەتییە و بنکەکەی لە پەکینە.)