زانکۆی “چینگهوا” لە چین کە یەکێک لە باشترین ناوەندەکانی زانستی لە ئاستی جیهاندایە پرۆفیسۆر “کۆچەر بیرکار”ی وەک مامۆستای ئەو زانکۆیە هەڵبژارد و ئێستا پرۆفیسۆر “بیرکار” لە ڕیزی زانایان و مامۆستایانی بیرکاریی لێهاتووی جیهاندایە.
فەرەیدوون درەخشانی، ناسراو بە (کۆچەر بیرکار) لە ساڵی 1978 لە خێزانێکی جووتیار لە گوندێکی سەر بە مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بوو، کۆچەر سێیەم منداڵی خێزانێکی 6 کەسییە. خێزانەکەی پێداویستیی ژیانیان لە ڕێگەی کشتوکاڵ و چاندنی گەنم و سەوزەوات دابین کردووە. کۆچەر ڕۆژانی منداڵیلە بارودۆخێکی ناخۆشدا بەسەربردووە، بیرکار بە زۆری لەسەر ئەندازەی جەبری (Algebraic Geometry) کار دەکات. ھەروەھا بەرپرس و داھێنەری ماڵپەڕی کۆڕی زانیاری و داھێنان بووە. ھەروەھا بیرکار لە زۆرێک کونفرانسەکانی بیرکاری لە وڵاتانی دونیادا بەشداریی کردووە.
کۆچەر بیرکار هەتا ئێستا چوار خەڵاتی گرنگی لە بواری بیرکاریدا بەدەست ھێناوە:
خەڵاتی بنکەی بیرکاریی پاریس
خەڵاتی لێڤێرھووڵم
خەڵاتی مۆر بۆ وتاری لێکۆڵینەوەیی، 2016
خەڵاتی فیڵدز لە ساڵی 2018
هاوکات ساڵی 2019ش لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆچەر بیرکار سەردانی هەرێمی کوردستنی کرد و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆی سەلاحەدینەوە دکتۆرای فەخریی پێ بەخشرا.
لەئێستادا پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار لە زانکۆی چینگهوا لە کۆماری میللی چین وەک مامۆستا وانە دەڵێتەوە.